سەردار یەحیا بەرزنجی قائیمقامی قەزای شیخان بۆ گوڵان:   پڕۆژەی بەنداوی (خنس) بە بڕی (9) ملیار و (700) ملیۆن دینار لە ژێر جێبەجێكردندایە

سەردار یەحیا بەرزنجی  قائیمقامی قەزای شیخان بۆ گوڵان:     پڕۆژەی بەنداوی (خنس) بە بڕی (9) ملیار و (700) ملیۆن دینار لە ژێر جێبەجێكردندایە

 

 

یەكێك لە كار و هەوڵە بەرچاو و بەردەوامەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستەبەركردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكان بۆ هاووڵاتییان بووە و، لەم ڕووەوە چەندین پڕۆژەی ئاوەدانی و خزمەتگوزاری جێبەجێ كردووە و جێبەجێی دەكات، قەزای شێخانیش پشكی خۆی لەو پڕۆژەیانە بەركەوتووە، ئەو پرسە كرایە تەوەری دیدارێكی گوڵان لەگەڵ سەردار یەحیا بەرزنجی قائیمقامی قەزای شیخان و بەم جۆرە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.

 

* ناوەندی قەزای شێخان بەرفراوانییەكی زۆری بە خۆیەە بينيوە، بەڵام تا چەند توانراوە خزمەتگوزارییەكان پێشكەش بە هاووڵاتیان بكەن و ئەو پڕۆژانە چین كە لە كابینەی نۆیەمدا بۆ شێخان جێبەجێ كراون، یان لە بەرنامە و پلاندا هەن؟

- قەزای شێخان بە شێوەیەكی بەرچاو گەورە بووە و زیاتر لە 60 هەزار ئاوارەش لە سێ كەمپ (شێخان، ئیسیان، مام ڕەشە)نیشتەجێن كە ئەرك و كاری خزمەتگوزاریی ئەو كەمپانەش هەر لەسەر ئیدارەی شێخانە، لەبەر ئەوە قەزای شێخان پێویستی بە چەندین پڕۆژە هەبووە لە بوار و سێكتەری جیاجیادا. خۆشبەختانە حكومەتی هەرێمیش بڕیاری داوە بۆ باشتركردنی خزمەتگوزارییەكان و زیاتر گەشەكردنی شێخان كار و پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی لە بوار و سێكتەری جیاجیادا جێبەجێ بكرێت، هەر بۆیە ئەو پڕۆژانەی لە سەنتەری قەزای شێخان و هەر پێنج ناحیە و سەرجەم گوندەكانی سنوورەكە جێبەجێ كراون، لەم كابینەیەدا بە بڕی زیاتر لە (40) ملیار دینار بووە، ئەو پڕۆژەیانەش بەشێكیان تەواو بوون و بەشێكی زۆریان لە ژێر جێبەجێكردندان و بەشێكیش لە پڕۆژەكان لە قۆناغی تەندەرینن لە دیوانی پارێزگای دهۆك، پڕۆژەكانیش گەورە و ستراتیژین و ژێرخانی ئاوەدانكردنەوە و گەشەكردنی قەزای شێخان دەگرێتەوە، لە نێویاندا دروستكردنی بەنداوی (خنس)ـە كە ئەو پڕۆژەیە ئێستا لە ژێر جێبەجێكردندایە كە ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی كوردستان بڕیاری دا بۆ جێبەجێكردنی و بڕی (9) ملیار و (700) ملیۆن دیناریشی بۆ تەرخان كرد، كە پڕۆژەیەكی ستراتیژییە و دەبێتە هۆكاری بووژانەوەی سێ سێكتەری زۆر گرنگ لە قەزای شێخان و دەڤەرەكەیدا، كە ئەویش سێكتەری كشتوكاڵ و چاندن كە ژمارەیەكی زۆری جووتیارانی سنوورەكە لێی سوودمەند دەبن، چونكە دەڤەرەكە بە تێكڕا زیاتر لە (525) هەزار دۆنم زەوی كشتوكاڵی هەیە و زۆربەی ئەو زەوییانە بە كەڵكی كشتوكاڵ و چاندن دێت و بەروبوومی دەڤەری شێخانیش كواڵێتییان زۆر بەرز و باش و بەناوبانگن، بەتایبەتی (پەتاتە و برنج و گەنمەشامی و گەنم) و سوودی دووەمی پڕۆژەكە بۆ زیادكردن و پاراستنی ئاوی ژێرزەوی و سەرزەوی و پاراستنی ژینگەی ناوچەكەیە كە لە دێرزەمانەوە ئەو ناوچەیە چەندین ڕووبار و كانیاوی تێدا بووە، كە 2000 ساڵ پێش ئێستا سەرچاوەی سەرەكیی ئاوی خواردنەوەی شاری مووسڵ و دەوروبەری بووە، سوودی سێیەمیش بریتییە لەبەرەوپێشچوونی كەرتی گەشتیاری، هاوكات بە تەواوبوونی ئەو پڕۆژەیە ژمارەیەكی زۆر هەلی كار بۆ ناوچەكە دەستەبەر دەبێت.

* وەك دەزانین حكومەتی هەرێم بەتایبەت كابینەی نۆیەم گرنگییەكی زۆری بە سێكتەری ڕێگاوبان داوە، ئایا لە پڕۆژەكانی ڕێگاوبان چی بۆ قەزای شێخان كراوە؟

-  لە بواری ڕێگاوبان كاری بەرچاو بۆ قەزای شێخان جێبەجێ كراوە، لەوانە دروستكردن دوو ئۆڤەرپاس كە یەكێكیان ئۆڤەرپاسی باعەدرێ و دووەمیان كەلەكچی ئەو دوو پڕۆژەیە تەواوبوون و كەوتوونەتە بواری خزمەتكردن و بڕی زیاتر لە (10) ملیار دیناریان بۆ تەرخان كرابوو. هەروەها ڕێگای سەرەكيی میحوەری زێڵكان بۆ مەندان تەواو بووە كە زیاتر لە 24 گوند لێی سوودمەند بوون و پڕۆژەی دروستكردنی پردێك لە نێوان هەردوو ناحیەی زێڵكان و كەلەكچی ئەو پڕۆژەیەش تەواو بووە. هەروەها پڕۆژەی قیرتاو و كۆنكریتكردنی شەقام و كۆڵانی گەڕەكە ناوخۆییەكانی سەنتەری قەزا و و ناحیە و كۆمەڵگە و شارەوانییەكانیش كە جێبەجێ كراون و پێشتر ڕێژەی قیرتاوكردن لە سەنتەری قەزای شێخان 9%بوو، بەڵام بە هۆی كار و پڕۆژەكانی حكومەتەوە، ئەم ڕێژەی قیرتاوو كۆنكریتكردنە لە سەنتەری شێخان بۆ زیاتر لە (75%) بەرز بووەتەوە، كە زیاتر لە (9) ملیار دیناری بۆ تەرخان كرابوو. لە بواری ڕێگاوبان ئەوەی زیاتر بۆ دەڤەرەكەمان بووەتە كێشە ئەو 22 كیلۆمەترەی نێوان (باعەدرێ – بەدریك)ـە كە چەندین كارەساتی نەخوازراوی هاتوچۆی لێ دەكەوێتەوە كە پێویست دەكات ئەو 22 كیلۆمەترە هەر چەندە پانییەكەی زۆرە، بەڵام پێویستە وەك هەموو ڕێگاكە ئەو ماوەیەش بكرێتە دووساید كە ئەمەش لە ئەستۆی حكومەتی عێراقی فیدڕاڵە بودجەی بۆ تەرخان بكات.

* كێشە و گرفتتان لە سێكتەری كارەبا لە چ ئاستێكە و چیتان پێویستە؟

- پڕۆژەی وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبامان لە سنووری ناحیەی باعەدرێ بۆ دروست كراوە و بەستراوەتەوە بە هێڵی گشتیی نیشتمانیی كوردستان، هەروەها لە سنووری ناحیەی ئەتروش و قەسرۆك زیاتر لە (11) گوند هێڵی تەزووی كارەبایان بۆ بردراوە، كە بەم پڕۆژەیەوە ئێستا هیچ گوندێك لە سنووری قەزای شێخان نەماوە كارەبای نەبێت، بەڵام لە سیكتەری كارەبادا تەنیا پێویستیمان بە وێستگەیەكی دابەشكردنی كارەبای (132كی ڤی)ـە، كە بەپێی ئەو بەرنامە و پلانەی هەیە، بڕیارە وێستگەكە لە سەنتەری قەزاكە دروست بكرێت و گوژمەی (10) ملیۆن دۆڵاری بۆ تەرخان كراوە و لە میزانییەی 2022ی عێراقی فیدڕاڵ دا تۆمار كراوە و لەبەر ئەو بارودۆخەی بەسەر بەغدا هاتووە، نەتوانراوە پڕۆژەكە جێبەجێ بكرێت.

* ئایا بە هۆی زیادبوونی ژمارەی قوتابیان و هاتنی ئاوارەكان چ كێشەیەك لە كەرتی پەروەردە بەدی دەكرێت و چیتان بۆ كراوە بەتایبەتی لە ڕووی بینایەی قوتابخانەوە؟

-  لە بواری پەروەردە ڕاستە كێشە و گرفت بەتایبەتی لە ڕووی كەمیی بینایەی قوتابخانە هەبوو، بەڵام لە ماوەی ڕابردوو لە سنووری قەزای شیخان زیاتر لە پێنج قوتابخانە دروست كراون و بەرنامە و پلان بۆ چەندین پڕۆژەی دیكەی پەروەردە هەیە، بە تایبەت لە ڕووی دروستكردن و نۆژەنكردنەوەی بینایەی قوتابخانە و باخچەی ساوایان لە سنوورەكەدا كە لە ماوەیەكی نزیكدا ئەو پڕۆژەیانەش دەچنە بواری جێبەجێكردنەوە.

* لایەنێكی زۆر گرنگ كە پانتای سەوزاییە و ئەم لایەنە بووەتە جێگای بایەخی كابینەی نۆیەم، ئایا چەند باخچە و پارك لە سەنتەری قەزا و ناحیەكان هەیە؟

-  بێگومان لەم بارەشەوە گرنگییەكی تەواومان بە زیادكردنی سەوزایی داوە، ئەویش بە دروستكرددنی پارك و باخچە و داچاندنی دوورگە ناوەڕاستەكان كە ئێستا دوو پاركی جوان و ڕووبەر مامناوەند لە ناو سەنتەری قەزا دروست كراون بە گوژمەی زیاتر لە (800) ملیۆن دینار، لە ناحیەكانی سنوورەكەش بەپێی پێویست گرنگی بە سەوزایی و باخچە دراوە و بەرنامە و پلانی پڕۆژەی دیكەش بۆ دروستكردنی پارك و باخچەی دیكە لە سەنتەری قەزای شێخان و ناحییەكان هەیە.

* لە ئەنجامی ئەو زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان و وشكەساڵییەوە چۆن توانراوە ئاوی خواردنەوە بۆ قەزا و هەموو سنوورەكە دابین بكەن؟

- لە بواری ئاوی خواردنەوەوە كێشە و گرفتمان زۆر كەم بووە، سەرەڕای وشكەساڵی نەمانهێشتووە خەڵك تووشی كەمئاوی بن، ئەویش لە ڕێگای پڕۆژەكانی بیری ئیرتوازییەوە كە توانیومانە ئاوی خواردنەوە بۆ هاووڵاتیان بەپێی پێویست دابین بكەین، بەڵام قەزای شێخان پێویستی بە پڕۆژەیەكی ستراتیژیی ئاوی خواردنەوە هەیە و بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكەش دەتوانرێت سوود لە ئاوی بەنداوی خنس وەربگیرێت.

* ئایا قەزای شێخان و سنوورەكەی كە فرە پێكهاتە و ئایین و ئایینزایە ژیان تێیدا چۆنە بە تایبەت لە دوای ساڵی 2014 كە ژمارەیەكی زۆری ئاوارەی شنگال و دەشتی نەینەوا ڕوویان تێ كرد؟

-  دانیشتووانی قەزای شێخان و سنوورەكە لە ڕووی نەتەوەوە كورد و كلدان و ئاشووری و عەرەبن و لە ڕووی ئایین و ئایینزاشەوە موسڵمان (سوننە و شێعە) و ئێزدی و كریستیانن و.. تاد. قەزای شێخان بە هۆی هاتنی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەكان تووشی بارقورسی و زەحمەتییەكی زۆر بووەوە، بەتایبەت لە ڕووی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە سەرەكییەكان و دابینكردنی ئارامی و ئاسایش بۆیان، بەڵام بە هۆی ئەو كار و هەوڵانەی پارێزگای دهۆك و ڕێكخراوە خێرخوازەكان بە تایبەت دەزگای خێرخوازیی بارزانی توانراوە بە شێوەیەكی زۆر باش و سەركەوتووانە خزمەتی ئاوارەكان بكەین. لەلایەكی دیكەوە جێگای ڕێزو پێزانیینە كە دانیشتووانی قەزای شێخان بە هەموو پێكهاتەكانەوە زۆر هاوكار بوون بەرامبەر ئاوارەكان و ڕۆژێك لە ڕۆژان تا ئێستا نەمانبیستووە، یان نەبینراوە كە كردەوەیەك، یان قسەیەكی نەگونجاو بەو خەڵكە ئاوارانە بوترێت و نەیانهێشتووە خۆیان بە غەریب بزانن، هەموو ئەو كارانەی بۆ ئاوارەكان كراون و ئەو ژیانەی لە نێوان پێكهاتە ڕەسەنەكەی شێخان هەیە بۆ ئەو خاڵ و هاوكێشە هاوبەشە كۆن و مێژووییەیە دەگەڕێتەوە كە وای كردووە پێكەوە ژیان و ئاشتی و لێبوردەیی ببێتە كەلتوور و دابونەریتی هەموو پێكهاتە جیاوازەكان لە ڕووی نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاكانەوە، پێكەوەژیان لەو دەڤەرەدا تا ئەو پەڕی جێگای تێڕامان و خۆشحاڵییە و ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ سەرجەم دانیشتووانەكەی، بەتایبەت پیاوانی ئایینی هەر سێ لایەنی موسڵمان و كریستیان و ئێزدی، كە وایان كردووە خەڵك لە هەموو خۆشی و ناخۆشی و بۆنەكاندا بەشداری لەگەڵ یەكتر بكەن. هەروەها نابێت كاریگەری و ڕۆڵی سەرۆكایەتیی هەرێم و حكومەتی كوردستان و وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی و یەكێتیی زانایانی ئیسلام و پیاوانی ئایینەكانی دیكە نادیدە بگرین، هەر بۆ نموونە لە ساڵی 2014 لەو كاتەدا جەنابی سەرۆك بارزانی داوای لە پیاوانی ئایینی موسڵمان و كریستیان و ئێزدی لەو قەزا و ناوچەیە كرد كە مزگەوت و پەرستگا و شوێنە ئایینییەكانیان هەروەك دامودەزگا و فەرمانگەكانی حكومەت و دڵ و دەروون و ماڵەكانیان بە ڕووی ئاوارەكان بكەنەوە، ئەمەش وای كرد لەلایان كریستیان و ئێزدییەكان هەموو شوێنە ئایینییەكانیان بە ڕووی ئاوارە موسڵمانەكان و پیاوانی ئایینی موسڵمانیش دەرگای مزگەوتەكانیان بە ڕووی ئاوارەكانی كریستیان و ئێزدییەكان كردەوە، ئەو كارە كە لەو دەڤەرە ئەنجام دراوە، لە مێژووی كورد و كوردستاندا بۆ یەكەم جارە ڕوو بدات، كە ئەمەش بووە بنەمایەكی دیكە كە هاوكێشەی پێكەوە ژیان بەهێزتر و جوانتر بكات لە نێوان پێكهاتەكانی شێخاندا.

* ناوچەكە زۆر بەناوبانگە لە بواری كەرتی كشتوكاڵ، ئایا لەو بوارەدا چیتان بۆ كراوە؟

- كابینەی نۆیەم لە دەڤەری شێخان گرنگیی زۆری بە پڕۆژەكانی چاندن و كشتوكاڵ داوە وەك ئاماژەمان پێدا، یەكێك لە پڕۆژە ستراتیژییەكان بۆ كەرتی كشتوكاڵ بەنداوی (خنس)ـە كە لە ژێر ئەنجامدانە، هەروەها تا ئێستا زیاتر لە 138 پڕۆژەی جیاجیا لە كەرتی كشتوكاڵ و چاندن لە كابینەی نۆیەمدا لە سنووری قەزای شێخان مۆڵەتیان پێ دراوە، كە پڕۆژەی كۆگای ساردكەرەوە و پڕۆژەی بەخێوكردنی ماسی و پەلەوەرو مەڕوماڵات و كارگەی شیرەمەنی و خانووی پلاستیكیی چاندن و...تاد، ئەم پڕۆژەیانە جگە لەوەی بنەما و ڕێگا و پڕۆژەی بەرەوپێشەوەچوون و گەشەكردنی كەرتی كشتوكاڵن، هاوكات هەلی كارێكی زۆر بۆ ناوچەكە دەستەبەر دەكات، لەلایەكی دیكەوە ئەو كۆمپانیا نەوتییانەی لە ناوچەكە كار دەكەن، زیاتر لە 1000 كەسی قەزای شێخان و سنوورەكە لەلایان دامەزراون و بوونەتە خاوەن كار و مووچە و داهاتی خۆیان.

* كەرتی تەندروستی لە قەزا و سنوورەكە كێشەی چییە و بارودۆخی كەرتی تەندروستی لەو دەڤەرە چۆنە؟

- كێشەی سەرەكیی تەندروستی لە قەزای شێخان نەبوونی نەخۆشخانەیەكی هاوچەرخە، بەڵام ناحیە و گوندەكانی سنوورەكە كێشەی تەندروستییان زۆر كەمە، چونكە 40 بنكەی تەندروستی لە ناحیە و گوندەكانی سنوورەكە هەن، بەڵام ئەوەی زۆر پێویستە بۆ شێخان دروستكردنی نەخۆشخانەیەكی 100 قەرەوێڵەیە لەناو سەنتەری قەزاكەدا و ئەو پڕۆژەیە و چەندین پڕۆژەی دیكەش دەكەوێتە ئەستۆی حكومەتی فیدڕاڵی عێراق كە بودجە لە ڕێگای ئیدارەی پارێزگای مووسڵ بۆ پڕۆژە خزمەتگوزاری و پەرەپێدانی شێخان تەرخان بكات.

* ماستەرپلانێك بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەیەك لە لالش هەبوو، ئەوە بە چی گەیشتووە؟

- لالش لەلایەن خەڵك و حكومەتی كوردستان شوێنێكی پیرۆزە و گرنگی زۆری پێ دراوە، لەلایەكی دیكەوە هەموو كات جەنابی سەرۆك بارزانی وەك مەرجەعی خەڵكی كوردستان پاڵپشت و هاریكار بووە بۆ پاراستنی ئەو شوێنە ئایینییانە بە تایبەتی لالش، لە ڕووی داراییش لەلایان حكومەتی كوردستان و بەتایبەت جەنابی سەرۆك بارزانی یارمەتی لالش دراوە و بەردەوام پڕۆژەی خزمەتگوزاری پێشكەش دەكرێت. لەوانە دوو هەفتە پێش ئێستا پڕۆژەی دووسایدی مەدخەڵی لالش تەواو بوو و بە ڕووی خەڵك و میوانان كرایەوە كە زیاتر لە یەك ملیار دیناری بۆ تەرخان كرابوو و بە شێوەیەكی ئەندازەیی و زۆر جوان دەرگای سەرەكیی لالش هەر لەلایان حكومەتی هەرێمەوە دروست كراوە و پڕۆژەی ئاوی لالش ساڵێك پێش ئێستا تەواو كراوە كە 600 ملیۆن دیناری بۆ دابین كرابوو، پڕۆژەی كارەباشی لە ڕێگای موەلیدەوە بۆ جێبەجێ كراوە بە بڕی 250ملیۆن دینار. هەروەها هەموو كات جەنابی سەرۆك بارزانی وەك مەرجەعی كورد و كوردستان و ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم و ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم هەر داواكاری و پلانێك بۆ خزمەتی پەرستگای لالش پێشكەش بكرێت، بودجەی بۆ تەرخان دەكەن.

 

Top