گرنگیی كات لە ڕوانگەی ئایینی پیرۆزی ئیسلام

گرنگیی كات لە ڕوانگەی ئایینی پیرۆزی ئیسلام

 

 

مەلا فكری سێتكانی

 

 

كە سەیر دەكەی لە ڕوانگەی ئیسلام زۆر گرنگی بە كات دراوە. خوای گەورە لە قورئانی پیرۆز دەفەرموێ: «وَهُوَ ٱلَّذِي جَعَلَ ٱلَّيْلَ وَٱلنَّهَارَ خِلْفَةً لِّمَنْ أَرَادَ أَن يَذَّكَّرَ أَوْ أَرَادَ شُكُورًا». . واتا خوا شەو و ڕۆژی داناوە وەك كات بۆ ئەوەی تێیدا یادی خوا بكەی بە شەو، یا بە ڕۆژ یا شوكرانەی تێدا بكەی. هەندێك خواپەرستی هەیە بە شەو دەكرێت و هەندێكیش لە ڕۆژ ئەنجام دەدرێت.

لەو كاتەی ئیمامی ئەبوبكر بووە خەلیفە، ئیمامی عومەر نامەیەكی بۆ نارد فەرمووی: «اعلن ان لله عملا بالنهار لايقبله بالليل و عملا بالليل لايقبله بالنهار». نووسی: هەندێك كار هەیە بە شەو دەكرێت و بە ڕۆژ ناكرێت، هەندێك كاریش هەیە بە ڕۆژ دەكرێت و بە شەو ناكرێت. واتا سوود وەرگرە لە چركە ساتەكانی شەو و ڕۆژ، هەر وەك دیارە شەونوێژ بە شەو دەكرێت، بە ڕۆژ ناكرێت، لە هەمان كاتدا چێشتەنوێژ بە ڕۆژ دەكرێت، بە شەو ناكرێت.

سەیری نوێژەكان بكە: «إِنَّ الصَّلَاةَ كَانَتْ عَلَى الْمُؤْمِنِينَ كِتَابًا مَوْقُوتًا». واتا نوێژ بە كات دەكرێت، لە كاتی دیاریكراو، نوێژی بەیانی لە كاتی بەرەبەیانە، نیوەڕۆ لە كاتی زەوالە، عەسر لە دوو سەعات پێش نوێژی مەغریبە، نوێژی مەغریب لە كاتی ڕۆژئاوابوون دەبێت، عیشاش لە كاتی خۆی. هەر نوێژەك پێش نوێژی خۆی دابێ، بە چارەكە سەعاتێك نامێنێت، ئەگەر لە كاتی خۆی ئەنجامی نەدەی، دەڕوات و لە دەستت دەچێت و ناگەڕێتەوە، ئەگەر بە ئەنقەست نەیكەی، بەڵام بە لەبیرچوون، یان خەو دەتوانی بیگێڕییەوە.

هەموو خواپەرستییەكانمان بەو شێوەیە دەڕوات. مانگی ڕەمەزان ئەو كاتە واجبە كە مانگ دیترا، ئەو كاتە تەواو دەبێت لە كۆتایی مانگ بۆ جەژن كە مانگ دیترا. كەواتە ئەگەر پێش ڕەمەزان، یان دوای ڕەمەزان بە ڕۆژی بیت قەبوول نییە لە جیاتی ڕەمەزان.

زەكات دەبێ ساڵی بەسەر بسوورێتەوە، حەج دەبێ لە كاتی خۆی جێبەجێ بكرێت، كەواتا بۆمان ڕوون بوویەوە خواپەرستییەكانیشمان بە كات ڕێكخراون و دەبێ بە كات خواپەرستی بكەین.

زانایان دەفەرموون: كات وەك شمشێر وایە، ئەگەر نەیبڕی، دەتبڕێ. واتا ئەگەر دەسكی شمشێر بگری، دەتوانی بەكاری بێنی بۆ بەرگری لە خۆت و لە ماڵت، ئەگەر كەسێك گرتی، ئەوە لە دژی تۆ بەكاری دەهێنێت. ئەوە نموونەیەكی جوان بوو لەسەر گرنگیی كات و بۆ بەفیڕۆنەدانی كاتیش بەكار دێت. نوێژی بەیانی لەگەڵ بەرەبەیان دەبێت. بە دوو ڕكاعەت پێش نوێژی بەیانی، خێری دونیات دەگاتێ و ئەوەی لە دونیاشدا هەیە، دوای نوێژ هیچ نوێژێكی سوننەت ئەنجام نادرێت، سوننەتە تا ڕۆژ هەڵدێت بمێنییەوە، دواتر دەستنوێژ نوێ بكەیەوە. دوو ڕكاعەت پێش ڕۆژ هەڵات بە چێشتە نوێژ ئەنجام بدە. مەبەست ئەوەیە بەیانی زوو هەڵستە لە خەو بۆ نوێژ و دواتر مەنوو تا ڕۆژ هەڵدێت، ئەگەر نەنووستیتەوە، بە هەموو كارێكی ڕۆژانەت ڕادەگەی و بەڵێنەكانت بە جوانی جێبەجێ دەكەی. ئەی ئەگەر نووستیەوە بە هیچ ڕاناگەی و ڕۆژەكەت خەسار دەبێت. بۆیە ئیسلام زۆر گرنگیی بە كات داوە و نابێ موسڵمان بەفیڕۆی بدات. سەیری وڵاتانی ئەوروپا و وڵاتە پێشكەوتووەكان بكە لە دونیا سوود لە چركەساتی كات وەر دەگرن، بۆیە ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو پێش و داهێنان دەچن. سەیری فڕۆكەخانە بكە، لە كاتی خۆی دەڕوات، ئامادە نەبی، بەجێ دەمێنیت. سەیری قیتار و شەمەندەفەڕ بكە، هەمووی بە كاتە. سەیری پەیوەندییەكان بكە هەمووی بە چركەیە، سەیری پڕۆتۆكۆڵ بكە، سەیری دیدار و چاوپێكەوتن بكە، هەموو شتێك بە كاتە. بۆیە بە هەموو شتێك ڕادەگەن، بەڵام داخەكەم لە وڵاتی خۆمان كات زۆر بەفیڕۆ دەدرێت و ئەوەی حیسابی بۆ ناكرێت، كاتە. خەڵكمان وەك دابەستەی لێ هاتووە، هەر خەریكی نوستنن بە ڕۆژ و شەوانیش ڕابواردن و گەڕان. «وَجَعَلْنَا اللَّيْلَ لِبَاسًا وَجَعَلْنَا النَّهَارَ مَعَاشًا». واتا شەو كاتی نووستن و پاڵدانەوەیە و ڕۆژ كاتی كاركردن و جووڵانەوەیە. هەر كەسێك بە یاسای ئەو ئایەتە بجووڵێتەوە، بە هەموو كارێك ڕادەگا و دڵخۆش و مورتاح دەمێنێتەوە، ئەوەی ئەو یاسایە پێشێل بكات، قەت مورتاح و ئارام نابێت لە ژیان. بۆ زیاتر تێگەیشتن سەیری تەمن بكە، دابەش بووە (منداڵ، گەنج، پیر، پیاو) بۆ ئافرەتانیش هەروایە و هیچ تەمەنێك ناگەڕێتەوە. بۆیە سوودوەرگرتن لە كات دەتگەیێنێتە ئامانج.

لە كۆتاییدا دەڵێم: ئازیزان سوود لە چركەساتی ژیانتان وەرگرن. هەر ڕۆژەو دەڕوات، لە عومری ئێمە دەڕوات. ڕۆژ بە زمانی حاڵ پێمان دەڵێت ئەی نەوەی ئادەم من ڕۆژێكی نوێم لەسەر كار و كردەوەكانت شاهێدم لە دواڕۆژ. ئەوەی قیمەتی كات بزانێ، دەزانێ چ دەكات، ئەوەی قیمەت و ڕێزی كات نەگرێت، بە خۆیشی نازانێ چۆن دەژی و چ دەكات و هەموو كاری تێكەڵ دەبێت و بە هیچ ڕاناگات.

 

 

 

پش نوێژ و وتارخوێن/ بەرێوەبەری كارگێری مەكتەبی تەنفیزی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردوستان

 

Top