خۆراك و نەخۆشیی دڵ

خۆراك و  نەخۆشیی دڵ

  پەیوەندییەكی بەهێز لە نێوان جۆری خۆراك و ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی دڵدا هەیە، بۆنموونە خۆراكی پڕ شەكر، خوێ یان چەوری، بەتایبەتی چەوریی ئاژەڵی هۆكارن بۆ زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ. ئەمە روونە كە بڕی زیادی خوێ لە خۆراكدا هاندەرە بۆ بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، كە ئەگەری نەخۆشیی دڵ زیاد دەكات، هەروەها شەكر و كاربۆهیدراتە سافكراوەكان هۆكارن بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی چەوریی گلیسریدە سیانییەكان TG و پەیدابوونی بەرگریی بۆ ئینسولین Insulin resistance كە بە دەوری خۆی هاندەرە بۆ تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرەی جۆری دووەم، نەخۆشیی شەكرەش هۆكارێكی هاندەری بەهێزە بۆ تووشبوون بە نەخۆشیی خوێنبەرەكانی دڵ، هەروەها چەورییە تێرەكان بە ئەگەری تووشبوون بە رەقبوونی خوێنبەرەكانی دڵ و مێشك زیاد دەكەن، واتە هاندەرن بۆ نەخۆشیی دڵ. لە لایەكی دیكە خۆراكی دەوڵەمەند بە كۆلیستیرۆڵ رۆڵیان هەیە لە تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ، بۆنموونە گۆشتی سوور، گۆشتی پرۆسێسكراو، گۆشتی ئەندامەكان وەكو جگەر و گورچیلە و مێشك ئاستی كۆلیستیرۆڵی خراپ لە خوێندا بەرزدەكەنەوە كە هاندەرە بۆ تووشبوون بە نەخۆشیی خوێنبەرەكانی دڵ.

 

 

Top