مەشقی وەرزشی ماوەكەی هەر چەند بێت سوودی بۆ تەندروستی هەیە

مەشقی وەرزشی ماوەكەی هەر چەند بێت  سوودی بۆ تەندروستی هەیە

پسپۆران جەخت دەكەنەوە كە مەشقی وەزرشی هەتا ئەگەر رۆژانە چەند جارێك و هەر جارەی بۆ ماوەی 10 خولەك ئەنجام بدرێت، هێشتا سوودە تەندروستییەكان دەپێكێت، جا گرنگ نییە كام جۆری مەشقی وەزرشی هەڵدەبژێریت، پیادەڕۆیی، راكردن، لێخورینی پایسكل، مەشقی سویدی، مەلە، تۆپی پێ...تاد. ئەوە گومانی تێدا نییە كە مەشقی وەرزشی Exercise سوودی تەندروستیی زۆری هەیە، بە مەرجێك لەكاتە گونجاوەكاندا ئەنجام بدرێت. مەشقی بەدەنی هاندەرە بۆ باشتربوونی سووڕی خوێن بۆ هەموو بەشەكانی لەش لەوكاتەی كە خوێن ئۆكسجین و خۆراك و هەموو ماددە گرنگ و پێویستەكان دەگەیەنێتە هەموو خانەكانی لەش، خانەی ماسوولكەكانی لەش بۆ بەرهەمهێنانی وزە پێویستی بە ئۆكسجینە بە هەماهەنگی لەگەڵ كاتژمێری بایۆلۆژی ناو خانەدا، واتە بە ریتمێكی تایبەتی كاتژمێری بایۆلۆژی لەش Circadian rhythm. كۆئەندامی هەناسە لەكاتی مەشقدا بڕێكی باشتری ئۆكسجین بۆ هەموو بەشەكانی لەش دابین دەكات، جا ماوەی مەشقی وەزرشی هەر چەند بێت و ئاستی مەشق سووك، یان مامناوەندی، یان توند بێت. گرنگترین سوودەكانی مەشقی وەزرشی بریتین لە: كۆنترۆڵكردنی كێشی لەش، كەمكردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ، رێكخستنی ئاستی شەكری خوێن و هۆرمۆنی ئینسولین، هاندانی وازهێنان لە جگەرەكێشان، باشتركردنی مەزاج و سووكردنی پەستی و خەمۆكی، بەهێزكردنی توانا و فرمانەكانی مێشك.

 

 

Top