مەلا حەیدەر بندیان نووسەر و شارەزا لە بواری فیقهی ئیسلامی بۆ گوڵان: هەركەسێك نیشتمانپەروەر نەبێت نوێژی هەینی لەسەر نییە ئەگەر هەموومان پشتیوانیی سەرۆك مسعود بارزانی بكەین، كوردستان دەچێتە قۆناغێكی دیكە

مەلا حەیدەر بندیان نووسەر و شارەزا لە بواری فیقهی ئیسلامی بۆ گوڵان:  هەركەسێك نیشتمانپەروەر نەبێت نوێژی هەینی لەسەر نییە  ئەگەر هەموومان پشتیوانیی سەرۆك مسعود بارزانی بكەین، كوردستان دەچێتە قۆناغێكی دیكە

 


مەلا حەیدەر بندیان نووسەر و شارەزا لە بواری فقهی ئیسلامی خاوەنی چەندین پەرتووكی تایبەت بە بواری ئایینی ئیسلام و نەتەوەییە. سەبارەت بە پێكەوەژیان و لێبووردەیی ئایینی لەناو گەلی كوردستان و ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە پتەوكردنی گیانی تەبایی و ئاشتیی كۆمەڵایەتی و ئەو هێرشانەی دەكرێنە سەر هەرێمی كوردستان، تەوەری سەرەكیی ئەم دیمانەیە بوون و مەلا حەیدەر بندیان بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.


  • بوونی كەلتووری پێكەوەژیان لە كوردستان كە شانازی پێوە دەكەین و لە هیچ وڵاتێكی دیكەی ئیسلامیدا بوونی نییە، بۆچی دەگەڕێتەوە؟
    - بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان. سەرەتا بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەكەتان دەبێت كەمێك لاپەڕەكانی مێژوو هەڵبدەینەوە تاوەكو بزانین خۆڕسكیی و ڕەسەنایەتیی تێگەیشتنی كورد بۆ ئایینی پیرۆزی ئیسلام بزانین. لە ساڵی 20ی كۆچیدا لە سەردەمی ئیمامی عومەری كوری خەتاب (خ.ل) كە فەتحی عێراق و شامی كرد، كورد خۆی پێشوازی لە ئایینی پیرۆزی ئیسلام كرد و بە پاك و بێگەردی هێشتیەوە. ئەگەرچی لە زۆر شوێنی دیكە تەیار و گرووپی توندڕەو و نامۆ بە ڕەسەنایەتیی ئایینی پیرۆزی ئیسلام دروست بوون و دەستكاریی زۆر بواریان كردووە، بەڵام كورد هەروەكو چۆن لە فەتح و بەهێزكردنی دەوڵەتی ئیسلامیدا ڕۆڵی گەورەیان هەبوو، هەر بەم شێوەیە ڕێگایان نەدا ئەو هزرە نامۆیانە ڕوو بكاتە ئایینەكەیان. لەو سەردەمەوە مزگەوتەكانی «خورماڵ و ئاكرێ» پێگە و ڕۆڵی لە پێگەیاندنی سەدان زانا و مامۆستای ئایینی ئیسلام هەبووە. لە ساڵەكانی سەدەی (2 و 3ی كۆچی)یەوە تا ئەم سەردەمە پێكەوەژیان لە ئایینی ئیسلامدا ڕەنگی داوەتەوە و سەركردە گەورەكانی كوردیش لەسەر ئەم ڕێبازە پیرۆزە خەباتیان بۆ نەتەوەكەیان كردووە و بنەما پیرۆزەكانیان پاراستووە، هەروەكو چۆن پێغەمبەرمان (د.خ) لە مەدینەی پیرۆز 21 بەندی بۆ پێكەوەژیان و لێبووردەیی و بەڕێوەبردنی كاروبارەكان نووسیوە، كوردیش خۆی پێشوازی لە ئیسلام كردووە و ناوەڕۆكی قورئانی پیرۆز و فەرموودەكانی پەیڕەو كردووە و لە ژێر سایەیدا هەموو ئایین و ئایینزاكان ژیاون و لە قورئانی پیرۆزی ئیسلامیشدا هاتووە: «لا إِكْرَاهَ فِي الدِّينِ».
    * باسی سەركردە گەورەكانی كوردت كرد، ئایا كیانی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەرییان بۆ ئەو بەرەوپێشچوونە فیكری و دیندارییە دەگەڕایەوە كە لە ڕەسەنایەتیی ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا هەیانبوو، كە هاوكات پەروەردەی مزگەوت و تەكییە و خانەقا و حوجرە بوون؟
    - كورد هەرگیز پێشوازی لە فیكری ئیرهابی و توندوتیژی و نامۆ بە ڕەسەنایەتیی ئیسلامی نەكردووە و بۆچوونی توندڕەویی ڕەت كردووەتەوە. زاناو مامۆستایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلامیش لەسەر ئەو نەهج و بیروباوەڕە بوون و سەركردەكانی كوردیش پەیڕەوی ئەو مەدرەسەیە بوون كە لە مزگەوت و تەكیە و حوجرەدا خوێندوویانە، هەر بۆیە ڕەسەنایەتیی نەتەوەیی و نیشتمانی لە ناخی سەركردەكانی كورددا بوونێكی بەهێزی هەیە، مزگەوتەكانی كوردستان لانە و بێشكەی تەسەوفی ڕاستەقینە و هزری كوردایەتیی ڕەسەن و ڕۆشنبیری و كۆمەڵایەتی و سوڵح و ئاشتی و تەبایی و ڕاستی و دروستی بوون، ئەو سەركردانەی پەروەردە و ئەهلی مزگەوت و تەسەوف و دینداری بوون، دینەكەیان و نەتەوەكەیان پێیان دەڵێن خزمەتكاریی نەتەوەكەی خۆیان بن و لەخواترس بن و شۆڕش لە دوای شۆڕش لەپێناو لابردنی چەوسانەوە و زوڵم لەسەر نەتەوەكەیان بەرپا كردووە. قازی محەمەد، شێخ سەعیدی پیران، شێخ مەحموودی حەفید و مەلا مستەفای بارزان و كۆمەڵێك زانای گەورە هەر هەموویان ئەهلی حوجرەی مزگەوت و زكر و تەسەوف و خوداپەرستی بوون و، لەپێناو كەرامەت و مەزڵوومییەتی كورد و مافی نەتەوەكەیان تێكۆشاون. مەلا مستەفا بارزانی بێ جیاوازی لە نێوان نەتەوە و ئایینەكان و ڕەگەز و چین و توێژەكان لەپێناو هەموواندا تێكۆشاوە، ڕێبازی ئەو سەركردەیە ڕێبازی كوردایەتی و ئایینی پیرۆزی ئیسلام بووە.
    * دەتوانین بڵێین تا ئێستاش ئەم هزر و ڕێبازە بەردەوامی هەیە و هزری نەتەوەیی و ئایینی گرێدراوی یەكترن؟
    - مسعود بارزانی جێگای شانازیی هەموو نیشتمانپەروەر و كەسایەتیەكی ئەم نەتەوەیەیە، سەركردەیەكە بە هەمان ڕێبازی باوكی و سەركردە مێژووییەكانی دیكە لەپێناو گەلەكەیدا خەبات دەكات، لەیادی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستاندا سەردانی كردین و دوو قسەی بۆ كردین، هەمووان هەستمان بە ڕەسەنایەتی و پەروەردەی ئەم سەركردە گەورەیەی كورد كرد كە پەروەردەیەكی زۆر ڕێكوپێكە و قورئان خوێنە و ڕۆژوو دەگرێت و نوێژەكانی لە كاتی خۆیدا دەكات و لەسەر ڕێگای نەقشبەندیشە، ڕەسەنایەتی و درێژكراوەی ڕۆڵ و پێگەی سەركردەكانی پێش خۆیەتی، بۆیە بەردەوام لەخەمی نەتەوەكەیدایەو نەیار و دوژمنانی كورد زۆر دژایەتی دەكەن، چونكە دەزانن سەركردەیەكی زۆر ساڵح و دیندار و نەتەوەییە، خۆ ئەگەر لێی بگەڕێن، سەرۆك بارزانی هەرێمەكەمان دەكاتە شامی شەریف، بەڵام بەداخەوە فیتنەیی و دووبەرەكی و دەستتێوەردانی دەرەكی ڕێگا نادەن هەموو ئەو كارانە جێبەجێ بكات كە بڕوای پێیەتی، سەركردەیەكی بەم شێوەیە ئەگەر هەمووان پاڵپشتی بكەین و حزبە سیاسییەكان لەپێناو بەرژەوەندیی خۆیان نەبنە ڕێگر و گوێڕایەڵی بن، نەك تەنیا كوردستان عێراقیش ئیسراحەت دەكات و ئاشتی و تۆوی تەبایی لە تەواوی عێراق و ناوچەكەدا دەبووژێتەوە. ئەگەر چاوێك بە كتێبەكانیدا بخشێنینەوە بە ڕوونی و ئاشكرایی ئەم ڕاستییەمان بۆ دەردەكەوێت، مرۆڤ بۆ ئەوەی ئەم ڕاستییە مێژووییانەی بۆ دەربكەوێت، دەبێت زۆر بخوێنێتەوە و بە دوای زانست و خوێندندا بچێت، تاوەكو پڕ چەك بێت لە دژی فكری توندڕەوی و نامۆ بە ئایینی پیرۆزی ئیسلام و كوردایەتی.

 

* باسی دەستتێوەردانی دەرەكی و دژایەتیی كوردت كرد، كورد گەلێكی موسڵمانە كەچی لەسەر دەستی ڕژێمەكانی ناوچەكە و دەسەڵاتدارانی عێراق تووشی زوڵم و چەوسانەوە بووە. پرسیار لێرەدا ئەوەیە دژایەتیكردنی گەلی كوردی موسڵمان تا چەند لە دژی قورئانی پیرۆز و فەرموودەكانی پێغەمبەرمانە؟
- بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەتان ڕەنگە لە دووتوێی هەموو لاپەڕەی گۆڤارەكەتان دەرفەتی تەواو نەبێت، باسی بكەین، بەڵام بە كوردی و كورتی دەتوانم ڕاستیی ئەم ڕژێمانەی یەك لەدوای هاتوونەتە سەر حوكم لە عێراقدا باسی بكەین مە هەموویان دەمارگیری و ڕەگەزپەرست بوون. ئەوان بە ناوی ئیسلام و مەزهەبەكانیانەوە كورد دەچەوسێننەوە، لە كاتێكدا ئیسلام بێبەرییە لەو هەڵسوكەوتانەیان، نەك هەر ڕژێمەكانی عێراق، بەڵكو ڕژێمەكانی هەموو ئەو وڵاتانەی كوردستانیان بە سەردا دابەش كراوە، وەكو میراتی هەر ڕژێمێك بە جیاوازی ئایدیۆلۆژیا و هزر و سیاسەتیانەوە كاریان چەوساندنەوە و دزینی سەروەت و سامانی كورد بووە و خۆیان پێگەیاندووە و ئێمەی كوردی موسڵمان و مەزڵوومیان چەوساندووەتەوە و ئێمەیان لەناو بردووە. لە كاتێكدا گەلی كورد 750 ساڵ پێش زایین حكومەتی میدیی هەبووە و 150 ساڵ حوكمی كردووە و كورد هەرگیز وەكو ئێستادا پەرتەوازە نەبووە. ئەوانە عەلائەدین سەجادی باسی كردوون، لە مێژووی هاوچەرخیشدا بۆیە نایانەوێت كورد دەربكەوێت و سەربەخۆیی بەدەست بهێنێت، لە ئازایەتی و خێروبێری خاكەكەیان و بەهێزیی ئیرادە و شۆڕشگێڕییان دەترسن.
سەبارەت بە وەڵامی پرسیارەكەشتان، خودای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا و پێغەمبەرمان محەمەد (د.خ) بە ڕوونی و ئاشكرایی كوشتن و چەوساندنەوەی كورد و هەموو میللەتانی جیهانیان حەرام كردووە، خوای گەورە فەرموویەتی: «مَن قَتَلَ نَفْساً بِغَيْرِ نَفْسٍ أَوْ فَسَادٍ فِي الأَرْضِ فَكَأَنَّمَا قَتَلَ النَّاسَ جَمِيعاً وَمَنْ أَحْيَاهَا فَكَأَنَّمَا أَحْيَا النَّاسَ جَمِيعاً..». پێغەمبەرمان دەفەرموێت: «لهدم الكعبة حجراً حجرا أهون من قتل مسلم»، لە شوێنێكی دیكەدا لەسەر ئازاردانی موسڵمانان دەفەرموێت: «من آذی مسلماً بغير حقٍّ فكأنما هدم بيت الله». كوشتنی ئەو هەموو كوردە بە كیمیاوی و زیندەبەچاڵ و تۆپباران و مووشەكباران و درۆن و فڕۆكە لای خوای گەورە تاوانێكی زۆر گەورەیە. كورد هەموو نەتەوەی فارس و عەرەب و تورك بە برای موسڵمانی خۆی دەزانێت، كەچی ڕژێمەكانی ئەو گەلانە بەردەوام دەیانەوێت وا نیشانی گەلەكانیان بدەن كە كورد و حكومەتەكەیان هەڕەشەیە بۆ سەر ئەوان.
* باسی حكومەتی هەرێمی كوردستانت كرد، ئایا تا چەند ئەم حكومەتە لە گەیاندنی پەیامی پێكەوەژیان و خزمەتكردنی هاووڵاتیان سەركەوتوو بووە ؟
- بەداخەوە زۆر جار بۆ دژایەتیكردنی گەلی كوردی موسڵمان پەنا بۆ دژایەتیكردنی حكومەتەكەی دەبەن، چونكە حكومەت پارێزەر و خزمەتكاری خەڵكە، ئەوان باش دەزانن كوڕی مسعود بارزانی سەركردەی گەورەی كورد لە ماوەی كەمتر لە چوار ساڵدا وێڕای ئەو هەموو قەیران و گەمارۆیە چ هەنگاوێكی بۆ ڕێكخستنەوە و بەهێزبوونی نێوماڵی كوردی ناوە، ئەوان بەردەوام كاریان بۆ نانەوەی دووبەرەكی و فیتنە وئاژاوەگێڕی و ناسەقامگیری كردووە، پەنایان بۆ قەیرانی دارایی و نەمانی سیولە و تۆمەتبەخشینەوە بردووە، جێگای داخە زۆر لە حزبەكانی كوردستان بە مەبەست و نەزانین خزمەتی نەیار و دوژمنانی كورد دەكەن. لە شەرعی خوای گەورەدایە ئەگەر مرۆڤ نیشتمانی نەبێت، نوێژی هەینی لەسەر نییە، دەزگا نهێنی و هەواڵگرییەكانیان بەردەوام لە بۆسەدان بۆ كوردی چەوساوە و مەزڵووم. هەر دوێنێ بوو بۆ بەشداری لە چلەی ئیمام حوسێن بە سەدان زیارتكار لە حاجی ئۆمەرانەوە سەردانی كوردستانیان كرد و لەوێوە چوون بۆ زیارەتكردن، كەچی هەر كە گەڕانەوە بە مووشەك و درۆن و تۆپخانە وەڵامی خزمەت و چاكە و ڕێزگرتنیان داینەوە و منداڵ و دایك و ژن و پیر و پەككەوتە بوونە ئامانجی زەبری كوشندەی هێرشەكانیان.
لە كۆتایی قسەكانمدا داواكارم لە حكومەتی هەرێمی كوردستان پاڵپشتیی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و ڕەسەنییەتی كوردەواری و ئەو مامۆستایانە بكات كە ئەهلی تەسەوفن و دینداری پاك و نیشتمانپەروەرن و دین و نیشتمان پێكەوە بەڕێوە دەبەن. پێویستە تاكی ئێمە دوای كەسان و گرووپێكی نامۆ بە ئایینی پیرۆزی ئیسلام نەكەوێت، هەرچی ئەو گرووپ و كەسانەیە وەكو تۆپێكی لاستیك وان، بیكێشە بە دیواردا ڕاستەوخۆ بۆ دەموچاوی خۆت دەگەڕێتەوە، بە هاوشێوەی ئوسامە بن لادن جێگایان بكەیت و هاوكارییان بكەیت، لە دژت هەڵدەگەڕێنەوە، دەبێت لێپرسینەوە و بەدواداچوونی جددیی بكرێت و پیاوی وڵاتانی هەرێمی و نەیارانی كورد و خراپەكار لێ بدرێن و پاكسازیی تێدا بكرێت.

Top