هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن

هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن

  بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن Hypertension نەخۆشییەكی درێژخایەنە، زۆربەی هەرە زۆری حاڵەتەكان بێ نیشانەن، ئەگەر بە تەواوی كۆنترۆڵ نەكرێت، ئەوا دەبێتە ئەگەری ئاڵۆزیی گەورەی تەندروستی وەك: نەخۆشیی دڵ، جەڵتەی مێشك، هەندێك جاریش مردن. لە زۆربەی حاڵەتەكانی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێندا هۆكاری تەواوی تووشبوون نازانرێت، بەڵام گەلێك هۆكاری هاندەرن بۆ تووشبوون وەكو: بەساڵاچوون بەتایبەتی پاش تەمەنی 65 ساڵی، كێشی زیاد و قەڵەوی، زیاد خواردنی خۆراكی خێرا و شۆر، یان بڕی زیادی خوێ لە خۆراكدا، هاوكات لەگەڵ كەم خواردنی سەوزە و میوەكان، ئەنجام نەدانی مەشقی وەرزشی، زیاد خواردنەوەی قاوە و ئەلكهول، جگەرەكێشان، كەمخەوی، هەروەها بوونی مەیلی خێزانی (بۆماوەیی) تووشبوون. تەنیا لە 5%ی حاڵەتەكاندا هۆكاری بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن دیارە كە لە ئەنجامی نەخۆشی، یان بەكارهێنانی دەرمان روو دەدات، بۆنموونە: نەخۆشیی گورچیلە، نەخۆشیی شەكرە، هەناسەتەنگی لەبەر تەسكبوونەوەی رێڕەوەكانی هەناسە، گرفتە هۆرمۆنییەكان بەتایبەتی سستبوونی گلاندی دەرەقی و زیادبوونی چالاكیی گلاندی دەرەقی، هەروەها ئەو دەرمانانەی كە وەكو زیانی لابەلا دەبنە ئەگەری بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، بریتین لە: دەنكی رێگری لە دووگیانی، دەرمانە ستیرۆیدەكان Steroids، هەروەها هەندێك دەرمانی دژەكۆكە و دژەخەمۆكی.

 

Top