ده‌مه‌وێ له‌ داهاتوو ببمه‌ كه‌سێكى ئه‌كادیمی

ده‌مه‌وێ له‌ داهاتوو ببمه‌ كه‌سێكى ئه‌كادیمی

به‌یار عه‌بدولقادر یاریزانى تۆپى ده‌ستى یانه‌ى هه‌ولێر
ده‌مه‌وێ له‌ داهاتوو ببمه‌ كه‌سێكى ئه‌كادیمی
تیپى تۆپى ده‌ستى یانه‌ى وه‌رزشیی هه‌ولێر یه‌كێك له‌ تیپه‌ به‌هێزه‌كانى سه‌رئاستى كوردستان و عێراقه‌ و هه‌مووكات ڕكابه‌رى یانه‌ به‌هێزه‌كانى سه‌ر ئاستى خوله‌ به‌هێزه‌كانى كوردستان، ساڵانه‌ش یانه‌كه‌ به‌رده‌وام گرنگى به‌ یاریزانانى ده‌دات، وه‌ بۆ خوله‌كانى ده‌ره‌وه‌ وه‌كو خولى یانه‌كانى عه‌ره‌بی به‌شدار ده‌بن، كارگێڕى یانه‌ى هه‌ولێر به‌رده‌وام گرنگی به‌ كچه‌ یاریزانانى یانه‌كه‌ى ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ى له‌وپه‌ری ئاماده‌ باشیدابن بۆ خول و پاڵه‌وانیه‌تیه‌كان، كچانى یانه‌كه‌ش له‌ كچه‌ به‌هێزه‌كانى كوردستان و عێراقن و یه‌كێك له‌یاریزانه‌ هه‌ره‌ به‌تواناكانى كوردستان و عێراقیش كچه‌ یاریزان به‌یار عه‌بدولقادر- كه‌ ماوه‌یه‌كى زۆره‌ به‌رگری له‌ تۆڕى گۆڵى یانه‌ى هه‌ولێرى پایته‌ختى كوردستان ده‌كات، ناوبراو له‌ دایك بووى 1989شارى هه‌ولێره‌ وده‌رچووى په‌یمانگاى وه‌رزشییه‌ و خاوه‌نی چه‌ندین ئه‌نجامى شایسته‌یه‌، جگه‌ له‌ یانه‌ى هه‌ولێر بۆ یانه‌كانى ئاڵا و قه‌ڵا و زانكۆ و چه‌ندین یانه‌ى شارى به‌غداد یارى كردوه‌ ، گۆڤاری گوڵانیش له‌ نزیكه‌وه‌ چه‌ند پرسیارێكى ئاراسته‌ كرد، ئه‌ویش وه‌ڵامى پرسیاره‌كانى دایه‌وه‌.
دیمانه‌: كارزان كانه‌بی
*تۆپى ده‌ست لاى تۆ چى ده‌گه‌ینێ كه‌ ماوه‌یه‌كى زۆر له‌ ناو ئه‌م وه‌رزشه‌ى؟
-تۆپى ده‌ست لاى من زۆر شت ده‌گه‌ینێ، به‌ڵام ئێستا ته‌نیا په‌یوه‌ست بوونه‌ بۆی.
*بۆچى به‌رده‌وام ملمڵانی هه‌یه‌ له‌ نێو یاریزانانى شارى هه‌ولێر هۆكارى چییه‌؟
-ئه‌و ملمڵانێیه‌ى ئێستا دروست بووه‌ سه‌رووى خۆمانه‌ وایان كردوه‌ دروست بێت، ئه‌گه‌ر نا یاریزانان شتێكى وا نییه‌ له‌ نێوان خۆمان هه‌موومان وه‌كو خوشكین له‌گه‌ڵ یه‌كترى، به‌ڵام ناعه‌داله‌تى زۆر زۆر وا ده‌كات ڕق له‌ دڵبی به‌رامبه‌ر به‌ تیپى به‌رامبه‌ر یان یاریزانانه‌كانى تیپى به‌رامبه‌ر.
*كه‌می ئه‌نجامدانى پاڵه‌وانێتى كاریگه‌رى هه‌یه‌ له‌ سه‌ر ئێوه‌ى یاریزان؟
-كه‌می یاری ئاستت داده‌به‌زی و حه‌زت كه‌متر ده‌بێ بۆ وه‌رزش و یارییه‌كه‌ش، كه‌ ده‌بینى سالێ یه‌ك خول ده‌ڕوات ماوه‌یه‌كى زۆر پشوو ده‌ده‌ی پێش پاڵه‌وانێتى به‌ ماوه‌یه‌كى كه‌م ده‌ست به‌ مه‌شق ده‌كه‌ى ئه‌وه‌ش كاریگه‌رى ده‌بێت له‌ سه‌ر ئاستت وا ده‌كات ئاستى یارى كردنت بێته‌ خوارێ.
*ئاستى یارى تۆپى ده‌ستى چۆن ده‌بینى به‌ شێوه‌یه‌كى گشتى له‌ شاره‌كانى كوردستان؟
- ئاستى ئه‌م یارییه‌ له‌ كوردستان باشه‌ به‌هۆى بوونى تیپى زیاتر له‌ شاره‌كان، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌و یاریزانه‌ باشانه‌ و یانه‌ باشانه‌ هه‌یه‌ سالێ یه‌ك پاڵه‌وانێتى به‌رێوه‌ده‌چێت ئه‌ویش ئه‌گه‌ر ئه‌نجام بدرێت، ئه‌مساڵ خولى عێراقی پێش خولی كوردستان كه‌وت.
*دوو ئه‌ركى به‌رێوه‌ده‌به‌ى هه‌م یاریزان هه‌م ڕاهێنه‌رى له‌ كامه‌ى سه‌ركه‌وتوو تری؟
- بێگومان ڕاهێنه‌رایه‌تی چونكه‌گرنگی به‌ ڕاهێنه‌رایه‌تى ده‌ده‌ین، چونكه‌ ڕۆژانه‌ رێنمایی نوێ و تازه‌ وه‌رده‌گرین و له‌ ناو بارودۆخه‌كه‌ین به‌به‌رده‌وامى بژێوی ژیانیشم له‌ سه‌ر ڕاهێنه‌رایه‌تییه‌، به‌ڵام هه‌رچى تۆپى ده‌سته‌كه‌یه‌ وه‌كو ئاره‌زووه‌كه‌ تێدا به‌شدارى ده‌كه‌م، هیچ بۆشاییه‌كم بۆ پڕ ناكرێته‌وه‌.
* پێت باشه‌ چێ بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى ئاستى یارى تۆپى ده‌ستى كچان به‌ره‌ووپێش بچێت له‌ كوردستان؟
-بێم باشه‌ كه‌سى نوێی و كه‌سى شاره‌زا ئه‌و جیله‌ نوێیه‌ى ئێستا كه‌ زۆر سه‌ركه‌وتوونه‌ ئه‌وان بێنه‌ ناو گۆڕه‌پانه‌كه‌، ئه‌و عه‌قله‌ كۆنه‌ى پێشوو هه‌ر له‌ سه‌ر سیسته‌می كۆنن با رێگه‌ بده‌ن خه‌ڵكى تازه‌ و ده‌ماو چاوی تازه‌ بێنه‌ پێشه‌وه‌، خول و پاڵه‌وانێتى زیاتر بكرێته‌وه‌، به‌شدارى خوله‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ووڵات بكه‌ن سوود بگه‌ینن به‌م یارییه‌ و قوتابخانه‌ى پێگه‌یاندنی یاریزانان بكرێته‌وه‌، به‌داخه‌وه‌ چه‌ندین منداڵ هه‌یه‌ حه‌زی لێیه‌ بێنه‌ ناو وه‌رزشه‌كان، به‌ڵام شوێنێكى پێگه‌یاندنى یاریزانان نییه‌.
*گرفتى یارى تۆپى ده‌ست له‌ چى ده‌بینى؟
- نه‌بوونى كاتى پێویست بۆ یاریزانان، چونكه‌ یاریزانان هه‌مووى خاوه‌ن كارى خۆیه‌تى كاریگه‌رى زۆریشمان له‌سه‌ره‌ له‌ هه‌موو لایه‌ك هه‌ر یه‌كه‌وه‌ به‌ كارێك، نه‌بوونى تواناى دارایى پێویست گرفته‌ بۆ یاریزانان، چونكه‌ ئه‌گه‌ر مووچه‌ى تایبه‌ت و شایسته‌ هه‌بێ یاریزانیش كاتى زیاتر ته‌رخان ده‌كات بۆ وه‌رزشه‌كه‌ى.
*خه‌ونى وه‌رزشیت چییه‌ وه‌كو كه‌ یاریزانێك؟
-حه‌زده‌كه‌م وه‌كو كچه‌ ڕاهێنه‌رێك بروانامه‌ى نێوده‌وڵه‌تى له‌ ده‌ره‌وه‌ى ووڵات به‌ده‌ست بهێنم، چه‌ندین جاریش هه‌وڵم بۆ داوه‌، بڕوانامه‌كانى ئێره‌ش زۆر باوه‌ڕ پێكراو نییه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌، هه‌وڵ ده‌ده‌م بڕوانامه‌یه‌كى باش یان له‌سه‌ر جیم یان له‌سه‌ر تۆپى ده‌ست به‌ده‌ست بهێنم.ئه‌كادیمیایه‌ك دابنێم بۆ كۆمه‌لێك یاریزانى تازه‌پێگه‌یشتوو.
*ئامانجت له‌ وه‌رزش كردن چیه‌؟
-ده‌مه‌وێ له‌ داهاتوو ببمه‌ كه‌سێكى ئه‌كادیمی و مامۆستایه‌كی سه‌ركه‌وتوو له‌م به‌شه‌ى خۆم.
* به‌ چ یاریزانێكى جیهانى سه‌رسامیت له‌ نێو یاریگا؟
-نیكۆلا كراڤاتیچ .
*پلانى داهاتووت چییه‌؟
- به‌شدارى كردنى چه‌ند خولێك و به‌ده‌ست هێنانى بڕوانامه‌ى به‌رز له‌ ده‌ره‌وه‌ى ووڵات كه‌ ئێستا به‌رده‌وام هه‌وڵى بۆ ده‌ده‌م.
*داواكاریت له‌ به‌رپرسانى وه‌رزشی؟
-داوكارم له‌به‌رپرسانی وه‌رزشیی ئه‌م یارییه‌ كه‌ ده‌ست له‌ كار بكشێنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى جیلی نوێی بێنه‌ پێشه‌وه‌، با ئه‌وان نه‌بنه‌ رێگر له‌به‌رده‌م كه‌سانى تازه‌ پێگه‌یشتوو ئه‌وان بێنه‌ گۆڕه‌پان و پلانى سه‌رده‌میانه‌ و بیری تازه‌ بێته‌ پێشه‌وه‌، ز
*ئه‌گه‌ر شتێكت ماوه‌ له‌ كۆتایدا؟
-زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ ئه‌و خه‌مخۆرییه‌ى بۆ وه‌رزشیی ناوه‌خۆ هه‌یتى هه‌ر سه‌ركه‌وتووبن.

Top