سوود و زیانەكانی باڵۆنی گەدە بۆ دابەزاندنی كێش

سوود و زیانەكانی باڵۆنی گەدە بۆ دابەزاندنی كێش

   جێگیركردنی باڵۆن لە گەدەدا Intragastric balloon هەنگاوێكە بۆ دابەزاندنی كێشی لەش، هەندێكیان بە رێگەی پێنۆڕی گەدە و هەندێكیشیان بە رێگەی قووتدان، ئینجا پڕكردنیان بە گیراوەی خوێ لە ناو گەدەدا جێگیر دەكرێن. باڵۆنەكە لە ماددەی سیلۆكۆنی نەرم و لووس دروستكراوە و قەبارەیەك لە ناو گەدەدا داگیردەكات بۆ ئەوەی كە بڕێكی كەمتری خۆراك بگرێت، دەرەنجام دەبێتە هۆی زوو هەستكردن بە پڕبوونی گەدە، واتە زوو تێربوون، ئینجا بە تێپەڕبوونی كات كێشی لەش بە خێرایی دادەبەزێت. بێگومان دانانی باڵۆنی گەدە تەنیا بۆ هەندێك حاڵەتی قەڵەوی گونجاوە، وەكو: قەڵەوی كە تێكڕای بارستایی لەش BMI لە نیوان 30-40 كگم/ م2 بێت و هیچ نەشتەرگەرییەك بۆ سوورێنچك، یان بۆ گەدە ئەنجام نەدرابێت، هەروەها كەسێكی قەڵەو كە سوودی لە بەرنامەیەكی دروستی ریجیم و مەشقی وەرزشی وەرنەگرتبێت. زیان و مەترسیییەكانی باڵۆنی گەدە وەك: ئازاری سك و رشانەوە، كە بۆ چەند رۆژێك بەردەوام دەبێت، كشانی گەدە، برینداربوونی ناوپۆشی گەدە، پووكانەوە، یان بەتاڵبوونەوەی باڵۆن و دەرچوون لە گەدە بەرەو ریخۆڵە، كە لەوانەیە ببێتە هۆی گیرانی دەرچەی گەدە، یان گیرانی ریخۆڵە، كولبوونی گەدە، كونبوونی گەدە، هەوكردنی پەنكریاس، هەوكردنی سوورێنچك، هەوكردنی كیسی زەرداو، كۆبوونەوەی چەوریی زیاد لە جگەردا Steatohepatitis، هەروەها كەمبوونەوەی پۆتاسیۆم لە خوێندا.

 

Top