كەمیی ئاسن لەوانەیە ببێتە ئەگەری نەخۆشیی دڵ!

كەمیی ئاسن لەوانەیە ببێتە ئەگەری نەخۆشیی دڵ!

ئاسن Iron گرنگیی زۆری هەیە بۆ تەندروستی، ئاسن بەشە گەورەكەی هیمۆگلۆبینی ناو خڕۆكە سوورەكانی خوێنە، كە ئۆكسجین لە سییەكانەوە بۆ لەش دەگوازێتەوە، لە راپۆرتی توێژەرانی ئەوروپیدا هاتووە كە كەمیی توندی كانزای ئاسن لە لەشدا، لەوانەیە كە ببێتە ئەگەری نەخۆشیی دڵ، هەروەها دەتوانرێت كە رێگە لە تووشبوونی یەك لە هەر 10 حاڵەتی نوێی نەخۆشیی دڵ لە تەمەنی ناوەڕاستدا بگیرێت بە دابینكردنی ئاستی دروستی ئاسن لە خۆراك و لە لەشدا. ئەگەرچی پەیوەندیی نێوان كەمیی ئاسن و نەخۆشیی دڵ بە تەواوی روون نییە، بەڵام جگە لە كەمبوونی ئۆكسجین، لەوانەیە كە میكانیزمەكە بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە ئاسن رۆڵی گرنگی هەیە بۆ هێشتنەوەی هاوسەنگیی نێوان لەش و میتابۆلیزمی وزە، كەمیی توندی كانزای ئاسن كە دەبێتە هۆی كەمخوێنی، هۆكارە بۆ كەمبوونەوەی گەیشتنی ئۆكسجین بە ماسوولكەی دڵ، لەوانەشە ببێتە ئەگەری خێرابوون، یان ناڕێكبوونی لێدانەكانی دڵ، هەروەها دڵەكوتێ Palpitations واتە هەستكردن بە لێدانە خێراكانی دڵ، چونكە دڵ بۆ قەرەبووكردنەوەی كەمیی ئۆكسجین هەوڵ دەدات كە بڕی زیاتری خوێن پاڵ بنێت، ئەمەش لەوانەیە كە ببێتە هۆی گەورەبوونی قەبارەی دڵ، یان پەككەوتنی. سەرچاوە خۆراكییەكانی ئاسن بریتین لە: گۆشتی سوور، گۆشتی پەلەوەر، هێلكە، ماسیی تونە، رۆبیان، سپێناغ، پەتاتەی شیرین، پاقلەمەنییەكان بەتایبەتی نیسك.

 

Top