پلانی خۆراكی بۆ دابەزاندنی كۆلیستیڕۆڵی بەرز

پلانی خۆراكی بۆ دابەزاندنی كۆلیستیڕۆڵی بەرز

ئەمە سەلمێنراوە كە ئاستی بەرزی كۆلیستیڕۆڵ Cholesterol لە خوێندا هۆكارێكی بەهێزە بۆ توشبوون بە نەخۆشیی دڵ و جەڵتەی مێشك، بۆ كۆنترۆڵكردنی ئاستی بەرزی كۆلیستیڕۆڵ، پێویست بە پلانیكی خۆراكی تایبەت دەكات، جا لەگەڵ دەرمانی دابەزاندنی كۆلیستیڕۆڵ، یان بە بێ بەكارهێنانی دەرمان، كە دكتۆر بڕیاری لەسەر دەدات. خۆراكە گونجاوەكان بۆ دابەزاندنی كۆلیستیڕۆڵ بریتین لە: میوەی جۆراوجۆر، سەوزەی جۆراوجۆر، دانەوێڵەی تەواو، شیرەمەنی بێ چەوری، یان كەم چەوری، پرۆتینی بێ چەوری، خۆراكی دەوڵەمەند بە ریشاڵ، هەروەها ئەو خۆراكانەی كە چەورییە ناتێرەكان Unsaturated fats لەخۆدەگرن وەكو: زەیتوون و زەیتی زەیتوون، ئاڤۆكادۆ، زەیتی كانۆلا و گوڵەبەڕۆژە و گەنمەشامی، ماسیی سالمۆن و ماكارێل، كاكڵ و تۆوەكان وەكو باوی، كازو، فستقی سوودانی، كونجی. هەروەها دووركەوتنەوە، یان كەمكردنەوەی توندی ئەو خۆراكانەی ئاستی كۆلیستیڕۆڵ بەرزدەكەنەوە وەكو: زەردێنەی هێلكە، خۆراكی دەوڵەمەند بە چەورییە تێرەكان Saturated fats وەكو: گۆشتی سوور، گۆشتی ئەندامەكان، گۆشتی پەلەور بەتایبەتی كە بە پێستەوە بێت، روبیان، مەحار، پەنیر، كەرە، سەرتوو، قەیماغ، گوێزی هیندی، زەیتی خورما و زەیتی گوێزی هیندی، شەكر، شلەمەنییە شیرینكراوەكان، كێك و بسكویتەكان، هەروەها ئایس كرێم.

Top