باش نەخەوتن رێگرە لە دابەزاندنی كێشی لەش

باش نەخەوتن رێگرە لە دابەزاندنی كێشی لەش

توێژەرانی ئیسپانی جەختیان كردووەتەوە كە كوالێتیی خەو پەیوەندی بە دابەزاندنی كێشەوە هەیە و گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی كە خەوی ناڕێك، یان كەم خەوتن كە شەوانە كەمتر بێت لە شەش كاتژمێر، كاریگەریی نێگەتیڤ دەكاتە سەر دابەزاندنی كێشی لەش، تەنانەت ئەگەر هەنگاوەكانی ریجیمی خۆراك و مەشقی وەرزشی بە بەرنامەی دروستیش ئەنجام بدرێن. ئەوە روونە كە باش نەخەوتن دەبێتە ئەگەری زیادبوونی كێشی لەش و قەڵەوی لەوكاتەی كە توێژەران هۆكارەكە دەگەڕێننەوە بۆ كاریگەریی كەم خەوی، یان كوالێتیی خراپی خەو لەسەر هۆرمۆنە رێكخەرەكانی ئارەزووی خواردن، بۆنموونە نووستن شەوانە تەنیا بۆ ماوەی پێنج كاتژمێر، هاندەرە بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی هۆرمۆنی گهلێرین Ghrelin، ئەو هۆرمۆنەی كە هەستی برسیبوون پەیدا دەكات، یان ئارەزووی خواردن دەكاتەوە هاوكات لەگەڵ دابەزینی ئاستی هۆرمۆنی لێپتین Leptin، ئەو هۆرمۆنەی كە هەستی تێربوون پەیدادەكات، یان ئارەزووی خواردن كپ دەكات، كەواتە بەشێكی گرنگی بەرنامەی دروستی دابەزاندنی كێشی لەش بریتییە لە خەوێكی دروست بە كوالێتی باش كە شەوانە لە 7-8 كاتژمێر كەمتر نەبێت.

 

 

Top