شاشە زیرەكەكان و بە دوو زمان فێركردن بە هۆكاری دواكەوتنی قسەكردنی منداڵان دادەندرێت

شاشە زیرەكەكان و بە دوو زمان فێركردن  بە هۆكاری دواكەوتنی قسەكردنی منداڵان دادەندرێت

 

 

لە ئێستادا ڕێژەی ئەو منداڵانەی قسەكردنیان دوا دەكەوێت، ڕۆژ دوای ڕۆژ لە زیادبووندایە، پسپۆڕانی بواری پەروەردەش شاشەكان بە هۆكاری سەرەكی دادەنێن و جەختیش لەوە دەكەنەوە كە دایكان و باوكان تاقەتی ئەوەیان نییە، گوێ لە منداڵەكانیان بگرن یان گفتوگۆیان لەگەڵ بكەن، لە بەرامبەردا ئایپادێكی دەخەنە بەردەست و دڵی خۆشیان بەوە دەدەنەوە فێری زمانی ئینگلیزی دەبێت.پڕۆفیسۆرێكی بەشی پەروەردە و دەروونزانیش پێیوایە كاتێك منداڵ لە ژینگەی خێزانی بە كوردی دەدوێ و لە ژینگەی قوتابخانە بە زمانێكی دیكە، ئەو كات دەبێتە هۆی دواكەوتنی زمان. بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی گۆڤاری گوڵان لە دیدی زانستییەوە بابەتەكە شەن و كەو دەكەن.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

 

پ.ی.د. جوان بەهادین مامۆستای زانكۆیە لە كۆیە ـــ بەشی پەروەردە و دەروونزانی و سەرتا باسی ئەوە دەكات كە «زمان ئەو ئەندامەیە كە لەلایەن مرۆڤەوە بەكاردێت وەك كەرەستەیەك بۆ پەیوەندیكردن بە كەسانی دیكەوە و هەر لە ڕێگەی بەكارهێنانی زمانەوە دەتوانرێت ئاستی ژیری و ڕۆشنبیری كەسەكان دیاری بكرێت، لەلای منداڵیش توانستی بەكارهێنانی زمان وابەستەیە بە توانستە عەقڵییەكانیەوە». هاوكات دەڵێت: «لە ئێستادا دیاردەی «بێدەنگیی منداڵ» لە كۆمەڵگەی كوردیدا بوەتە سیمایەك و هەندێك جار دایك و باوكان بە (منداڵێكی عاقڵ) ناوزەندی دەكەن و پێیان وایە كە حاڵەتێكی زۆر ئاساییە، بەڵام لە بنەڕەتدا بابەتێكی مەترسیدارە و منداڵ كەرەستەی پەیوەندی مرۆییەكەی لاوازە و پێویستە چارەسەر بكرێت. ئەگەرچی زۆر دەمێكە توێژینەوەكان سەلماندوویانە كە فێربوونی دوو زمان لە یەك كاتدا و بەتایبەتی لەو كاتەی كە سەرەتای زەنگینكردنی گەنجینەی زمانەوانی بێت، واتە منداڵ لە سەرەتای تەمەنیدا ئەگەر هەوڵ بدرێت دوو زمانی جیاواز فێر بكرێت، هەر بۆیە لە كاتێكدا كە منداڵ لە ژینگەی خێزانی بە كوردی دەدوێن و لە ژینگەی قوتابخانە بە زمانێكی دیكە، ئەو كات دەبێتە هۆی دواكەوتنی زمانی و گرفت دروست دەبێت لە گفتوگۆی ژیانی ڕۆژانەی». گوتیشی: «هۆكارێكی دیكەی بەهێز كە بووەتە هۆی دواكەوتنی زمانیی لەلای منداڵەكانمان، سەرقاڵبوونی منداڵە بە شاشەكانەوە لە چەند لایەكەوە، چونكە بەكارهێنانی شاشەكان بە شێوەیەكی ئاسایی ڕێگری دەكات لە سازدانی گفتوگۆ لەگەڵ كەسانی دەوروبەری، لەلایەكی دیكەوە ئەو پڕۆگرامانەی كە لە ئامێرە زیرەكەكاندان بە زمانی ئینگلیزین و زۆرینەی كات ئامادەكراوە بۆ فێربوونی وشەی ئینگلیزی، هەر بۆیە منداڵەكانمان ناتوانن ڕستەیەكی تەواو دروست بكەن بە زمانی كوردی و وشەی ئینگلیزییەكانیش بە تێكەڵی لەگەڵ زمانی كوردی بەكاردێنن و لە سەرئەنجام ڕستەی بێ واتا دەردەبڕن. بۆ نموونە منداڵێك دەڵێت (حەزم لە وایتەكەیە، بەڵام ڕێد ناخۆم.) لەم نموونەیەدا منداڵەكە دەیەوێت بڵێ: (حەزم لە برنجی سپیە، بەڵام شلەی سوور ناخۆم) كە خۆم گوێم لێی بوو لە یەكێك لە منداڵەكان كە لەگەڵ دایكی دەدوا لەكاتی نانخواردندا.

  ئەو كەسایەتییە ئەكادیمییە لە درێژەی وتەكانیدا هێمای بۆ ئەوە كرد: «بەپێی دەرئەنجامەكانی توێژینەوەیەكی زانستی كە لەسەر منداڵانی باخچەكانی ساوایان ئەنجامی داوە، دەركەوتووە كە بەكارهێنانی ئایپاد كاریگەری هەیە لەسەر هەر چوار بوارەكانی (دەروونی، زمانی، كۆمەڵایەتی، جەستەیی) منداڵەكان، لە ڕووی زمانییەوە كاریگەری هەبوو لەسەر توانستی گفتوگۆی منداڵەكان بە جۆرێك بووەتە هۆی ئەوەی كە بە ڕەوانی بە زمانی كوردی نەدوێن، هەر بۆیە پێویستە دایكان و باوكان خەمساردانە ئامێرە زیرەكەكان نەدەنە منداڵەكان و بێدەنگیی منداڵەكانیان بە گرفت دابنێن نەك بە عاقڵی و سەلاری». گوتیشی «ئەگەر بمانەوێ چارەسەری كەمدوویی منداڵەكانمان بكەین، پێویستە لە پێشدا ڕێنمایی دایكان و باوكان بكەین كە كاتەكانی بەكارهێنانی ئامێرە زیرەكەكان كەم بكەنەوە، هەروەها كات بۆ هاوڕێیەتی لەگەڵ منداڵەكانیان تەرخان بكەن و یاری ئاسایی بۆ منداڵەكانیان فەراهەم بكەن و بیانبەنە خولەكانی بەهێزكردن، هەروەها منداڵەكان هان بدەین بۆ یاریكردن لە ژینگەی سرووشتی و دەرەوەی ماڵ».

   ڕەحمان عەلی پسپۆڕ و شارەزا لە ئۆتیزم و گرفتە ژیرییەكان، هێما بۆ ئەوە دەكات: «زمان یەكێكە لە خەسڵەتە گرنگەكانی مرۆڤ بە گشتی، كە ڕۆڵی هەیە لە دروستبوونی پەیوەندی لەگەڵ تاكەكان و پێشڤەچوونی مرۆڤایەتی، زمان دوو لایەن دەگرێتەوە، لایەنی وەرگرتن و لایەنی قسەكردن و بەكارهێنانی زمان، سەرەتا بە وشە و دوو وشە منداڵ دەربڕنی دەبێت، دواتر دەبێتە ڕستە و دەگاتە قۆناغێك كە منداڵ بە باشی قسە بكات و چیرۆك بگێڕێتەوە، كۆمەڵێك فاكتەر بۆ گەشەی زمانی منداڵ بوونی هەیە، یەكێك لەوانە بۆماوەییە، واتە خێزان هەیە منداڵەكەی زوو قسە دەكات، هەشە بە پێچەوانەوە درەنگ قسە دەكات، هاوكات ژینگەی خێزان ڕۆڵێكی كاریگەری لە گەشەكردنی زمانی منداڵ هەیە، كە ئایا دایك و باوك تا چەند كات بۆ گفتوگۆ كردن و گوێگرتن لە منداڵەكەیان تەرخان دەكەن. زۆرجار كچان لە كوڕان زووتر فێری قسەكردن دەبن، بە حوكمی ئەوەی كچان هەردوولای مێشكیان بەكاردێنن، بەڵام كوڕان یەك لای مێشكیان. هەر كاتێكیش منداڵ لە ڕووی زمانەوە دواكەوت، كۆمەڵێ نیشانەی لێ دەردەكەوێت، ئەو نیشانانەش هەندێكجار ڕەنگە ئاماژە بن بۆ بوونی گرفتێك لای منداڵەكە». هاوكات دەڵێت: «شاشە زیرەكەكان یەكێكە لەو هۆكارانەی كە كاریگەرییەكی خراپیان لەسەر منداڵ لە ڕووی زمانەوە هەیە، تەنانەت ئەو منداڵانەی كە هیچ گرفتێكی عەقڵییان نییە، كاتێك ئالوودەی شاشە زیرەكەكان دەبن، لە ڕووی زمانەوە دوا دەكەون، بۆ نموونە لە قسەكردن دوادەكەون و تێكەڵاوی دەوروبەر نابن و ناتوانن لەگەڵ منداڵانی دیكە یاری بكەن، ناتوانن گوزارشت لە ویستەكانیان بكەن تەنیا بە هاوار كردن و گریان نەبێت، فێری هەندێ زاراوە دەبن كە هیچ سوودێكی بۆ ئەوان نییە، واتە ئالوودەبوونی منداڵ بە شاشە زیرەكەكان وادەكات هەندێ دەستەواژە دووبار بكاتەوە، هاوكات منداڵ فێری زمانی بیانی دەكات كە لە ژینگەكەی خۆی ئەو زمانە بوونی نییە، نموونەی زمانی ئینگلیزی لە كاتێكدا زمانی دایكی كوردییە، توێژینەوەكان هۆشداری ئەوە دەدەن كە منداڵ تا تەمەنی سێ ساڵی نابێت هیچ بەركەوتنێكی لەگەڵ شاشەكان هەبێت. ئەگەر لە تەمەنی سێ ساڵی بەركەوتنی هەبوو لەگەڵ شاشەكان، نابێت ماوەكەی لە كۆی گشتی ڕۆژانە بگاتە نیو سەعات، بەڵام لە دوای تەمەنی پێنج ساڵی ئەگەر بە شێوەیەكی ڕێكخراو شاشە زیرەكەكانی بەكارهێنا، سوودی لێ دەبینێت».

سوزان سۆفی ڕاهێنەری فەلسەفەی مونتیسوری، ڕای وایە: «هەموو شتێك دوو ڕووی ئەرێنی و نەرێنی هەیە، ئامێرە ئەلكترۆنییەكانیش وەك هەموو شتەكانی دی دوو ڕوویان هەیە ئەرێنی و نەرێنی. بۆ نموونە چەقۆ دەتوانی بۆ ڕاییكردنی كاری ڕۆژانەمان بەكاری بهێنین، لەهەمان كاتیشدا بۆ هەڕەشەش بەكار دێت. كەواتە ئێمەین بڕیار دەدەین لەسەر بەكارهێنانی هەر شتێك. شاشەكان ئەو مەترسییە گەورەیە نین وەك هەمووان بە شێوەی دێوەزمەیەك دەیبینن، بەپێچەوانەوە دەكرێت بۆ مەسەلەی پەروەردە و فێركردن سوود لە دیوە ئەرێنییەكەی وەربگرین». گوتیشی: «منداڵانی ئەو سەردەمە نەوەی تەكنەلۆژیان و ئەنتەرنێت و و مۆبایل و تابلێت بەشێكن لە ژیانیان و ناكرێت لێان دوور بكەینەوە، لە جیاتی ئەوەی بە ترسەوە سەیری بكەین، پێویستە بزانین چۆن ئاراستەیان دەكەین بۆ بەكارهێنانی. هەڵبەتە دانانی منداڵان لە تەمەنێكی ساوادا لەبەردەم شاشەكان كاریگەریی گەورەی دەبێت لەسەر دواكەوتنی گەشەی زمانیان، بەتایبەتی ئەگەر ئەو بابەتانەی منداڵەكە سەیریان دەكات، بە زمانی بیانی بن، لێرەدا تێكەڵبوونێكی زمانیان بۆ دروست دەبێت لە نێوانی زمانی دایك و زمانە بیانییەكە، ئەو كاتە منداڵەكە هەست دەكات لە ناو خێزانەكەی خۆی نامۆیە و ناتوانێت پەیوەندییان لەگەڵدا ببەستێت و ناچار ڕوو لە شاشەكە دەكاتەوە، ئەو كاتەش دایك و باوك ڕێگاچارەیان نابێت و بە مەبەستی ژیركردنەوەی منداڵەكە و خافڵاندنی دەیخەنەوە بەر شاشە. لێرەدا كێشەكە گەورەتر دەبێت و گەشەی زمانی منداڵەكەش بەرە بەرە ڕوو لە كزی دەكات. بەڵام ئەگەر بە شێوەیەكی زانستییانە شاشەكان بەكار بهێنرێن، هەڵبەتە لە جیاتی زیان، سوودیشیان دەبێت. شارەزایانی پەروەردە دەڵێن: دیراسەكان دەریانخستووە، تا تەمەنی دوو ساڵی نابێت منداڵان بخرێنە بەر ئامێرە ئەلكترۆنییەكانەوە بە هۆی زیانی تیشكەكەیان بۆ گەشەی مێشكی منداڵەكە و، دوای دوو ساڵ دەكرێت ڕۆژانە نیو سەعات بەكاری بهێنێت، ئەویش لەژێر چاودێریی دایك و باب، نەك بدرێتە دەستی و لێی بگەڕێی. دەكرێت بە مەبەستی فێركاری، یان چێژوەرگرتن لە هەندێك گۆرانیی منداڵانە بەكار بهێنرێت، هەتا ئەگەر یارییش بێت. دواتر ماوەی یەك سەعات زیاتر نەبێت و تا ئەو كاتەی منداڵەكە پێویستیی بە كاتی زیاتر دەبێت بۆ بەكارهێنانی دروست، ئەویش بە گوێرەی پلانێكی داڕێژدراو لە نێوان پەروەردەكار و منداڵ».

 ئەو ڕاهێنەرە جەخت لەوە دەكاتەوە كە «كێشەی دایك و باوكان ئەوەیە ئاشنا نین بە پێداویستییەكانی منداڵان لە تەمەنە جیاجیاكان، بەتایبەت لە تەمەنی ژێر سێ ساڵی و نازانن چ كار و چالاكییەكی لەگەڵ ئەنجام بدەن و چۆن ئارەزووی لە ڕاددە بە دەری منداڵەكانیان بۆ پشكنینی دەوروبەریان تێر بكەن. لێرەدا خۆیان دەخەنە بازنەی ئیسراحەت و مۆبایلەكە دەدەنە دەست منداڵەكە، یان تەلەفزیۆنەكەیان بۆ دادەگیرسێنن، بێ ئاگان لەوەی كە چوار هەستەكانی تری منداڵەكە پەك دەخەن لە پشكنین و دۆزینەوە و ئاشنابوون بە ژینگەی دەوروبەریان دووریان دەخەنەوە و دواتر پەیوەندیی كۆمەڵایەتییان لاواز دەبێت و دەچنە ئەو جیهانەی كە بۆ خۆیان دروستی دەكەن. لێرەوە كێشەكان سەرهەڵدەدەن. تا منداڵەكان تەمەنیان بچووكە دایك و باوك هەست بە بوونی كێشە ناكەن بە بیانووی ئەوەی جارێ‌ بچووكە و گەورە بێت ئاسایی فێر دەبن، بەڵام بەداخەوە كاتێ‌ گەورە دەبن كێشەكان لەگەڵیان گەورە دەبن و تا ئەوان ئەو دكتۆر و ئەو پسپۆڕ و شارەزا بەسەر دەكەنەوە و دەستنیشانی حاڵەتی منداڵەكە دەكەن، كار لەكار دەترازێت و گەشەی منداڵەكە زیاتر بەرەو دواوە دەچێت. واتە تا دەست بە چارەسەر دەكەن، زۆر دوا دەكەون. كەواتە بەر لە منداڵ هێنانە دونیا پێویستە دایكان و باوكان خۆیان شارەزا، یان ئاشنا بكەن بە چۆنیەتی پەروەردەكردنی منداڵ و دابینكردنی پێداویستییەكانیان لە تەمەنە جیاجیاكان و خۆیان و منداڵەكانیان لە زۆر كێشە بە دوور بگرن.»

 

Top