شەكرە زیادكراوەكان زیانبەخشن

شەكرە زیادكراوەكان زیانبەخشن

شەكرە زیادكراوەكان Added sugars ئەو جۆرە شەكرانەن كە لەكاتی پرۆسێسكردنی خۆراك، یان پیشەسازیی خۆراك، یان ئامادەكردنیدا دەخرێتە ناو خۆراك، یان شلەمەنیی جیاوازەوە، بۆنموونە: شەكرەكانی سوكرۆز، گلوكۆز، فركتۆز، لەگەڵ دێكسترۆز Dextrose. هەروەها لە پیشەسازیی خۆراكدا ناوی دیكەیان هەیە وەك: شیرەی گەنمەشامی Corn syrup، شیرەی قامیشی شەكر، هەنگوین، شەكری قاوەیی، نێكتاری میوە Fruit nectar، دۆشاوی شەكر Molasses، شیرەی جۆ Malt syrup، شیرەی برنج Rice syrup، كەرەمێل، شەكری خاو، مالتۆز، لاكتۆز. شەكرە زیادكراوەكان زۆر جار بە كالۆری بەتاڵ Empty calories ناوزەد دەكرێن، چونكە تەنیا وزە بە لەش دەبەخشن، بێ هیچ ماددەیەكی خۆراكیی گرنگ لە ڤیتامین و كانزا و ریشاڵ و ماددە دژەئۆكسانەكان. ئەو شەكرانەی كە بە شێوەیەكی سرووشتی لە میوە و خۆراكی دیكەدا هەن، هەرگیز بە شەكری زیادكراو هەژمار ناكرێن و، وەكو شەكرە زیادكراوەكان بۆ تەندروستی زیانبەخش نین. زیانە تەندروستییەكانی زیاد خواردنی شەكرە زیادكراوەكان: زیادبوونی ئاستی چەوریی گلیسریدە سیانییەكان كە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ زیاد دەكات، كلۆربوونی ددان، زیادبوونی كێشی لەش و قەڵەوی، نەخۆشیی شەكرەی جۆری دوو، زیادبوونی رێژەی چەوری لە جگەردا، هەروەها چەند جۆرێكی شێرپەنجە.

 

Top