بۆچی ڤیتامین B9 زۆر گرنگە بۆ تەندروستیی ئافرەت؟

بۆچی ڤیتامین B9 زۆر گرنگە بۆ تەندروستیی ئافرەت؟

ڤیتامینB9 كە ناسراوە بە فۆلەیت Folate كە جۆرە سرووشتیەكەیە، یان ترشی فۆلیك Folic acid كە جۆرە دەستكردەكەیە، لە ئاودا دەتوێتەوە، زۆر گرنگە بۆ گەشە و پەرەسەندن لە مرۆڤدا، هەروەها گرنگە بۆ: گەشە و پەرەسەندنی دروستی مێشك و دەمارەكان، جێگیركردنی مەزاج، خۆپاراستن لە ئەگەری نەخۆشیی دڵ و جەڵتەی مێشك لە رێگەی كەمكردنەوەی ئاستی ترشە ئەمینیی هۆمۆسیستین Homocysteine كە ئەگەری نۆرەی دڵ و جەڵتەی مێشك زیاد دەكات، توێژینەوەكان ئاماژەیان بەوە كردووە كە فۆلەیت رۆڵی هەیە بۆ هێواشكردنەوەی كرداری بێهێزبوونی تواناكانی مێشك، كە پەیوەستن بە بەساڵاچوون، هەروەها ڤیتامین B9 زۆر گرنگە بۆ ئافرەتی دووگیان، چونكە هانی گەشەی وێڵاش و كۆرپە دەدات و لە سەقەتیی زگماكی دەیپارێزێت، بەتایبەتی سەقەتیی مێشك و بڕبڕەكان، واتە لە رێڕەو یان تیوبی سەرەكیی دەماردا Neural tube. سەرچاوە خۆراكییەكانی ڤیتامین B9: سپێناغ، كاهو (خاس) لەگەڵ سەوزە گەڵا تاریكەكانی دیكە، پاقلەمەنییەكان، برۆكۆلی، تۆوی گوڵەبەڕۆژە، مۆز، كاڵەك، لیمۆ، كوارگ، جگەر، لەگەڵ دانەوێڵەی تەواو. پێویستە لەسەر ئافرەت، بەتایبەتی ئافرەتی دووگیان كە گرنگیی زۆر بە دابینكردنی ڤیتامین B9 لە خۆراكەوە بدات، ئەگینا پێویستە كە بە شێوەی دەنكۆڵە (حب) بە رێنمایی دكتۆر رۆژانە وەربگیرێت.

Top