سەروەر كەمال هاواری بریكاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بۆ كاروباری بازرگانی بۆ گوڵان: لەم كابینەیەدا چاودێرییەكی باشی بازاڕمان كرد و كەرتی بازرگانیمان خستە خزمەتی هاووڵاتیانەوە

سەروەر كەمال هاواری  بریكاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بۆ كاروباری بازرگانی بۆ گوڵان:     لەم كابینەیەدا چاودێرییەكی باشی بازاڕمان كرد و كەرتی بازرگانیمان خستە خزمەتی هاووڵاتیانەوە

 

 

ستراتیژیەتی بازرگانی لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ خزمەتی هاووڵاتیان و دابینكردنی پێداویستییە سەرەكییەكانی خۆراك و بونیاتنانی ژێرخانی كەرتی بازرگانییە، ئامانج لەم ستراتیژیەتە بەهێزكردنی ئابووریی هەرێمی كوردستانە لە ڕێگەی دابینكردنی پێداویستی و كەرەستەی خاوی سەرەكیی بووژانەوەی كەرتە ئابوورییەكانی (پیشەسازی و كشتوكاڵ و گەشتیاری و وزە و كارەبا و پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەكان)، ئەمە وێڕای ئەوەی لە ناوچە جیاجیاكانی كوردستان چەندین سایلۆ درووستكرا و ژمارەیەكی دیكەش لە پلان و بەرنامەی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیدایە، داتا و ئامارەكانی ئەم بوارە ئەو ڕاستییە دەردەخەن كە تا دێت ژمارەی كۆمپانیاكان و جووڵەی بازرگانی ڕووی لە زیادبوون كردووە، بۆ قسەكردن لەسەر گرنگترین كار و چالاكییەكانی كەرتی بازرگانی و هەوڵەكانی حكومەت بۆ بووژانەوەی بازرگانی و دابینكردنی خۆراك بۆ هاووڵاتیان و ڕێگرتن لە گەندەڵی و قۆرخكاری، گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ سەروەر كەمال هاواری بریكاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی بۆ كاروباری بازرگانی سازدا، لێرەدا پوختەی وتەكانی بڵاودەكەینەوە.

 

 

* لەسەر ڕاسپاردەی مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی شوێنەوارەكانی هەڵاوسانی نرخ و دابینكردنی پێداویستییە سەرەكییەكانی خۆراك، كە بە هۆی جەنگی ڕووسیا و ئۆكرانیا و داشكانی بەهای دینار دروست بووە، چەند بڕیاری گرنگ دەرچوون، دەكرێت بزانین گرنگترینی ئەو بڕیارانە چین كە لەم كابینەیەدا دەرچووە و چووەتە قۆناغی جێبەجێكردنەوە؟

- پەتای كۆرۆنا و هەڵگیرسانی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا كاریگەریی خراپی لەسەر ڕەوشی ئابووری جیهان كردووە، كە بە هۆكاری سەرەكیی كەمبوونەوەی بەرهەمی خۆراك لە جیهان و گرانبوونی نرخەكانی دادەنرێت، هەڵبەتە پێشتریش لە عێراق و كوردستان بەهۆی داشكانی بەهای دینار بەرامبەر دراوە بیانییەكان، كە لە لایەن بانكی ناوەندیی عێراقەوە پەیڕەو كرابوو، نرخی خۆراكی جیهانی لەسەر هاووڵاتیانی عێراق و هەرێمی كوردستانیش گران ببوو، هەڵكشانی نرخی نەوت و گرانبوونی سووتەمەنییش كاریگەریی لەسەر گرانیی گواستنەوە دروست كردووە، بۆ كەمكردنەوەی شوێنەوارەكانی هەڵكشانی نرخی خۆراك لەسەر هاووڵاتیانی كوردستان و ڕێگەگرتن لە بارگرانی و نەبوون و گرانیی نرخی خۆراكە سەرەكییەكان، ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 6/4/2022 بڕیاری لێخۆشبوونی گومرگیی بۆ چەندین كاڵای سەرەكی دەركرد، بە تایبەتی (ئارد و برنج و زەیت و ڕۆن و پاقلەمەنییەكان و شیری منداڵان و شەكر...) تاوەكو ئەو بەرهەمە خۆراكییە سەرەكییانە كە پێداویستیی ڕۆژانەی هاووڵاتیانە، نرخەكەی زیاتر ڕوو لە هەڵكشان نەكات و جۆرێك لە سەقامگیریی بازاڕ دروست ببێت، ڕاستەوخۆ بڕیارەكەی سەرۆك وەزیران كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە و بەمەش حكومەت لە بەشێك لە داهاتی گومرگیی خۆی بۆ بەرژەوەندیی هاووڵاتیان خۆش بوو، ئێمە لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بەتایبەت لە بۆردی خۆراك، پێشتر ئەزموونی بەرەنگاربوونەوەی شوێنەوارەكانی كۆرۆنامان هەبوو، كە ڕێگەمان نەدا ئەو دۆخە ببێتە هۆی كەمبوونەوەی خۆراك و درووستبوونی قەیرانی خۆراك، ئەو دەمە زۆر لە كارگە گەورەكانی خۆراك ڕاوەستابوون، لە كاتی كەرەنتینە گرفتی گواستنەوەش هەبوو، بە هەموو پێوەرەكان لە سەردەمی كۆرۆنادا مەترسییەكانی ئەگەری درووستبوونی قەیرانی خۆراك زۆر مەترسیدارتر بوو، لەگەڵ ئەوەشدا بە پاڵپشتی و لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆكی حكومەت ڕێگە نەدرا قەیرانی خۆراك دروست بێت، لەكاتێكدا حكومەتی هەرێمی كوردستان بە هۆی كۆرۆنا و دابەزینی بەهای نەوت، لە بەردەم كێشەیەكی گەورەی سیولەی نەختینەییدا بوو، مەترسییەكانی ئەو دۆخە بە هیچ شێوەیەك بەراورد بە ئێستا ناكرێت، لە ئێستادا كەرتی بەرهەمهێنان و كارگە و كارخانەكان و بووژانەوەی كەرتی كشتوكاڵ و گواستنەوە ڕانەوەستاوە، لە ئێستادا هۆكارەكانی گواستنەوە بەردەوامە و كارئاسانییەكی باشمان بۆ گواستنەوەی كەرەستەی خاوی كارگە بەرهەمهێنانەكانی خۆراكمان كردووە، بە تەواوەتی گومرگی سەر گەنم و ئارد هەڵگیراوە و ڕۆتین نەماوە و پشكنینی پزیشكی خێرا كراوە، ئاسانكاری لەسەر باجی تایبەت بە كۆمپانیاكانی خۆراكی و دەیان هەنگاو و ئاسانكاریی دیكەی وەكو كردنەوەی نووسینگەی هەناردەكردن لە دهۆك كراوە، تاوەكو بۆ كاری بازرگانی نەگەڕێنەوە بۆ شاری هەولێر و ئیشوكارەكان خێرا بەڕێوە بچن، هەموو ئەم هۆكارانە وایان كرد مۆڵەتی هاوردەكردن زۆر زیاتر بێت و ڕێگە لە هەڵكشانی زیاتری نرخەكان بگرین و پاڵپشتێكی باشی خۆراك بین بۆ هاووڵاتیان، تەنانەت ڕەچاوی بەرهەمی خۆماڵیمان كرد، بۆ نموونە بەرهەمی پەلەوەر و هێلكە و بەرهەمی كشتوكاڵیی جووتیاران و خاوەن پڕۆژە و كارگەكانی ناوخۆ پاڵپشتی كران و، پەیوەندییەكی باشمان لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەكان و دەستەی وەبەرهێنان و ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكان و كونسوڵخانە و گەورە كۆمپانیاكانی بواری خۆراك و بازرگانی هەیە، هەمووان لە خزمەتی پەرەپێدانی كەرتی بازرگانی و بەرەوپێشچوونی ژێرخانی خۆراكین، هاوكات بە دەیان سەرپێچیكار سزا دراون و مەوادی خراپ دەستی بەسەردا گیراوە.

* باسی چاودێریكردنی بازاڕ و بەدواداچوون بۆ بەرهەمی ئیكسپایەر و مەترسیدارت كرد، گەمەكردن بە ماركە و ساختەكاری لە بازاڕێكی وا گەورەی ناوخۆی هەرێمی كوردستاندا كارێكی هەر وا ئاسان نییە، ئایا چۆن توانیوتانە سەرپێچییەكان ئاشكرا بكەن و بەردەوام چاودێرییەكی باشی دۆخی بازاڕ بكەن و قۆرخكاری نەهێڵن و سەقامگیریی بازاڕ بپارێزن؟

- پرسیارەكەتان چەند تەوەرەیەك لەخۆ دەگرێت، سەرەتا بەڕێوەبەرایەتییەكانی بازرگانی و چاودێریی بازاڕ لە پارێزگاكان و بنكەكانمان لە ئیدارە سەربەخۆ و قەزاكاندا ڕۆڵی گەورەو گرنگیان لە پشكنین و چاودێریكردنی نرخ و كوالێتی و مادەی ماوەبەسەرچوودا هەبووە، بەردەوام لە نزیكەوە بەدواداچوونی كارەكانیان دەكەم، بە دڵنیاییەوە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بازرگانیمان لە ڕێگەی لێژنەكانی چاودێری و بەدواداچوونی بازاڕ و، بە هاوبەشی لەگەڵ لێژنەكانی پارێزگاكان سزای توندی سەرپێچیكارانیان داوە، لەمەشدا هوشیاری و ڕۆشنبیریی هاووڵاتیان بۆ ئێمە زۆر بەسوود بووە و بەردەوام هاوكارمان بوون، داوا لە بازرگان و كاسبكارانیش دەكەین خۆیان لە هەموو سەرپێچی و كڕین و فرۆشتنێكی مەواد و كەرەستە و خۆراكی ماوەبەسەرچوو و خراپ بپارێزن، هەروەكو چۆن داوا لە دەزگاكانی ڕاگەیاندنیش دەكەم هاوكارمان بن بۆ دەستنیشانكردن و ناساندنی ئەو شوێن و كۆگا و ماركێتانەی كاڵا و كەلوپەلی ئیكسپایەر و خراپ دەفرۆشن.

سەبارەت بە تەوەری دووەمی پرسیارەكەتان كە تایبەت بە قۆرخكاری و ئەوەش گرفتێكی گەورەیە، نەك تەنیا لە كوردستان بەڵكو لە هەموو وڵاتانی جیهاندا هەیە، هەر ڕاستەوخۆ دوای دەستبەكاربوونم كارم بۆ دیراسەتكردن و كۆكردنەوەی زانیاری كرد لەسەر قۆرخكاری و چۆنیەتی كۆنتڕۆڵكردنی، ئەوە بوو ئەنجومەنی پاراستنی كێبڕكێ و قەدەغەكردنی قۆرخكاریی لە وەزارەت دروست كرا كە خۆم سەرۆكایەتیی ئەو ئەنجومەنە دەكەم، بۆردی لێكۆڵینەوەشمان لە دۆسێی گەندەڵی دامەزراند و باجیشمان لە سەرجەم كۆمپانیاكان بە بێ جیاوازی وەرگرت.

بۆ خێراتر و باشكردنی بەڕێوەچوونی كارەكان و كەمكردنەوەی ڕۆتین، لەم كابینەیە ڕەزامەندی درا بە دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتییەكانی چاودێریی بازرگانی لە زاخۆ و سۆران و ڕێكخستنی پسوولەی خۆراك لە هەڵەبجە.

* سەبارەت بە كۆمپانیا خۆماڵی و بیانییەكان تاچەند پێدانی مۆڵەت هاندەر بووە بۆ زیادبوونی ژمارەی كۆمپانیاكان، بەتایبەتی كە لە شەڕی داعش و بڕینی بودجە و پەتای كۆرۆنادا ژمارەیەكی زۆری كۆمپانیاكان دوچاری مایەپووچبوون بوون و داخران؟

- ژمارەی كۆمپانیا و كارگەكان لەم كابینەیەدا ڕوویان لە زیادبوون كردووە، كارگەكان مەبەستم كارگە و كارخانەی كەرتی كشتوكاڵی و خۆراكییە، بۆ نموونە بەپێی ئامارەكان 553 مۆڵەت بە كارگەی كەرتی تایبەت دراوە، تەنیا ژمارەی پێدانی هێمای بازرگانی بە كۆمپانیا خۆماڵییەكان 1.529 كۆمپانیا بووەو، بیانییەكانیش 861 كۆمپانیا بووە، لە ساڵی 2021 ژمارەی كۆمپانیا تۆماركراوەكان گەیشتووەتە 31.355 كۆمپانیا، كە 90%ی كۆمپانیای خۆماڵی بووە، لەو ساڵەدا ژمارەیەك كۆمپانیای خۆماڵی تۆماركرا كە 1.371 كۆمپانیا بووە، هەموو ئەم ژمارە و داتایانە بنەمایەكی سەرەكیی هەڵكشانی مۆڵەتی هاوردە و هەناردە بووە، بە ڕاددەیەك 25.802 مۆڵەتی هاوردە و 600 مۆڵەتی هەناردە دراوە، كە بڕەكەی لە سەرووی 22 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار بووە، لەگەڵ زۆربەی بەشی ئابووری و بازرگانیی باڵیۆز و كونسوڵخانەكانیش گفتوگۆی چڕمان كردووە و ئامادەیی وەزارەتمان نیشان داون بۆ پێشكەشكردنی هەموو كارئاسانی و هاوكارییەك، بۆ دامەزراندنی كۆمپانیا و لقەكانیان لە كوردستان، لەگەڵ ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی كوردستان هەماهەنگیی باش و بەرزمان هەیە.

* كەواتە لەم كابینەیەدا كۆمەڵێك یاسای نوێ دەرچوو، هاوكات ژمارەیەكیش لە یاسای كۆن هەموار كرایەوە، پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئایا گرنگترینی ئەو یاسایانە چین كە لە وەزارەتی بازرگانی و پێیشەسازی لە بواری كەرتی بازرگانی جێبەجێ كراون؟

- یاساكانی (پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی و ڕێنمایی تایبەت بە هاوردە و هەناردە و چاودێریی بازرگانی) هەموار كرانەوە و پەیڕەوی پاراستنی كێبڕكێ و نەهێشتنی قۆرخكاری پەسەند كراوە، بە شێوەیەكی گشتی یاساكانی وەزارەتی بازرگانی و یاسای یەكێتی ژوورە بازرگانییەكانی كوردستان و یاسای بازرگانی هەموار كرایەوە و، لەسەر بنەمای كەمكردنەوەی كاتی پێشكەشكردنی خزمەتی كردنەوەی لقی كۆمپانیاكان و یاسا پەیوەندیدارەكان یاسای تۆماركردنی ناوی كۆمپانیاكان ئامادە كرا، ژمارەیەكیش لە یاسای نوێ لەژێر دیراسەت و توێژینەوەدایە، بۆ ئەوەی وەكو پڕۆژەیەكی پێشنیاركراو بۆ ئەنجومەنی وەزیران و دواتر بۆ پەرلەمان بەرز بكرێتەوە.

* لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا ژمارەیەك سایلۆی نوێ دامەزران، ئایا لە بواری دروستكردنی سایلۆكان و باشتركردنی ژێرخانی هەرێمی كوردستان بۆ ئەمباركردنی گەنم و جۆ، چ پڕۆژە و هەنگاوێكی دیكەتان لە بەردەمدایە؟

- بۆ پاڵپشتیكردنی ئاسایشی خۆراكی كە بە یەكێك لە بنەما سەرەكییەكانی حوكمڕانیی باش و بەهێز دادەنرێت و لە ڕیزبەندی پێشەوەی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دادەنرێت، حكومەتی هەرێمی كوردستان تەنیا لە ماوەی دوو ساڵی 2021-2022 سێ سایلۆی لە (كەلار و قوشتەپە و ڕوڤیا) تەواو كرد، هەریەكەو توانای كۆگاكردنی 40 هەزار تەنی هەیە، ئەمە جگە لە دروستكردنی 19 كۆگا لە هەمان شوێنی سایلۆكان، لە كۆتایی ساڵی 2020 توانای ئەمباركردنی گەنم لە سایلۆكان 465 هەزار تەن بووە، بەڵام بە تەواوبوونی ئەو سێ سایلۆیە و ئەمبارەكانی ئەم توانایە لە 2021 بۆ 585 هەزار تەن لە سایلۆ و لە پەنگەرەكان 411 هەزار تەن بەرز بووەتەوە، بەمەش پێویستیی ساڵانەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان دەتوانرێت ئەمبار بكرێت، دروستكردنی سایلۆ لە چوارچێوەی دروستكردنی متمانە و نەمانی ترس لە نەبوون و كەمیی خۆراك و پاڵپشتیكردنی بەرهەمی جووتیاران و بووژانەوەی كەرتی كشتوكاڵ و كەرتی بازرگانییش دێت.

ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندی داوە لەسەر دروستكردنی سێ كۆگا لە سایلۆی فایدە و، هەروەها سایلۆی هەڵەبجە و دروستكردنی بینایە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی پسوولەی خۆراكی هەولێر، ئەمە وێڕای پێشنیاركردنی دروستكردنی دەیان بینایەی جۆراوجۆر و نۆژەنكردنەوەی كۆگاكانی كەلوپەلی خۆراك و دروستكردنی كۆمەڵگەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بازرگانی لە سۆران و زاخۆ و ڕاپەرین و، دروستكردنی بینایەی بنكەكانی چاودێری لە قەزاكانی سەر بە پارێزگای دهۆك، ناوچە پیشەسازییەكانیش چەندین كارگەی پیشەسازیی خۆراكی لەخۆ دەگرێت و، كاریگەریی باشی لەسەر دۆزینەوەی هەلی كار و گەشەپێدانی كەرتی هەناردەكردن دەبێت.

* لە ڕووی بازرگانی و بەشە خۆراك و خەرجییە سیادی و حاكیمەكان كەرتی بازرگانی پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ ناوەند لە بەغدا هەیە، تا چەند ئەو پەیوەندییانە لە خزمەتی هاووڵاتیان و جووتیارانی كوردستاندا بووە؟

- ئێمە لە ڕێگەی خەرجیی سیادی و حاكیمە كە بەشە خۆراكمان هەیە، پەیوەندی و هەوڵەكانمان بەردەوامن بۆ دابینكردنی شایستە و پشكی هەرێمی كوردستان وێڕای كەموكورتی و گلەییەكانمان، هەرچەندە وەكو شارەكانی دیكەی عێراق مامەڵەمان لەگەڵ نەكراوە، بەڵام بە هەوڵ و هیممەتی زۆر توانیمان كارێك بكەین كە پێدانی شایستە داراییەكانی گەنمی جووتیاران لە ئەمساڵدا هیچ كێشە و گرفتێكی بۆ دروست نەكرێت، تەنانەت كارئاسانی و پاڵپشتیی ژمارەیەك كۆمپانیامان كرد بۆ كڕینەوەی گەنمی جووتیاران، سەبارەت بە كێشەكانیش لەسەر ئاستی باڵا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان هەوڵی باش هەیە و، لە هەوڵی بەردەوامداین بۆ واڵاكردنی ناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق لە بەردەم بەرهەمی خۆماڵیدا، گفتوگۆكانیشمان بەردەوامە بۆ یەكخستنی پێناسەی گومرگی و لابردنی خاڵە گومرگییەكانی نێوان هەرێم و ناوچەكانی دیكەی عێراق.

لەو بڕوایەداین بەهێزكردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ حكومەتی ناوەندی لە هەردوو كەرتی بازرگانی و كشتوكاڵ و، لابردنی ئەو ئاستەنگانەی لە ناوەند بۆ ناردنی بەرهەمی خۆماڵی دروست دەكرێت، هەمووی لە بەرژەوەندی و قازانجی برا جووتیار و بارزگان و پیشەسازیكارانە و، دواتر لە بەرژەوەندیی زۆربوونی هەلی كار و ئابووریی كوردستاندایە، لەم پێناوەشدا لە هەوڵەكانمان بەردەوام دەبین.

 

Top