ئایا گوێگرتن لە مۆسیقا پێش نووستن زیانی هەیە!
ئەگەرچی گەلێك سەرچاوە ئاماژە بەوە دەكەن كە گوێگرتن لە مۆسیقا پێش نووستن هێوركەرەوەیە بۆ سیستمی دەماریی ئۆتۆنۆمی بە شێوەی لەسەرخۆبوونەوەی هەناسە و لێدانەكانی دڵ، لەگەڵ دابەزینی پەستانی خوێن، بەڵام لە لێكۆڵینەوەیەكی نوێی زانكۆی بایلۆر Baylor University لە تەكساس هاتووە، كە گوێگرتن لە مۆسیقا راستەوخۆ پێش نووستن و لەكاتی نووستندا لەوانەیە ببێتە ئەگەری تێكدانی خەو، باسی ئەوەش كراوە كە لەوانەیە ببێتە ئەگەری بێداربوونەوە لە نیوەشەودا، لەگەڵ هەستكردن بە دەنگدانەوەی بەردەوامی مۆسیقا، یان گۆرانی بە ریتمێكی خێراتر لە گوێیەكەندا، كە لە پزیشكیدا بە حاڵەتی كرمی گوێ Earworm ناوزەد دەكرێت، ئەوەش سەلمێنراوە كە بێدەنگی، یان هێمنی زۆر گرنگە بۆ خەوێكی ئارام و دروست. هەر چەند گوێگرتن لە مۆسیقا، یان گۆرانی پێش نووستن زیاد و بەردەوام بێت، هێندە ئەگەری تووشبوون بە كرمی گوێ لەكاتی نووستندا زیاتر دەبێت و خەو تێك دەدات. هەندێ سەرچاوەی پزیشكیی دیكە ئاماژەیان بەوە كردووە كە گوێگرتن لە مۆسیقا، یان گۆرانی راستەوخۆ پێش نووستن وا لە مێشك دەكات كە بەردەوام بێت لە پرۆسێسكردنی گۆرانی لەكاتی نووستندا، ئەمەش بە رێژەی 25% دەبێتە هۆی بیداربوونەوە لە درەنگانی شەودا، كە لە كوالێتیی خەو كەم دەكاتەوە.