سه‌یدسادق ده‌چێته‌ قۆناغێكى تازه‌

سه‌یدسادق ده‌چێته‌ قۆناغێكى تازه‌

سه‌یدسادق ده‌چێته‌ قۆناغێكى تازه‌
یانه‌ى وه‌رزشیی سه‌یدسادق هه‌ره‌ چه‌نده‌ وه‌رزى رابردوو ژماره‌یه‌كى قورس بووه‌ له‌ خولى نایابى یانه‌كانى كوردستان و پله‌ى سێیه‌می خوله‌كه‌ى به‌ده‌ست هێناوه‌، ئه‌مساڵیش ده‌سته‌ى كارگێڕى یانه‌كه‌ جارێكى تر متمانه‌ى به‌خشیته‌وه‌ به‌ ڕه‌مزی ساڵحی ڕاهێنه‌رى یانه‌كه‌ى، به‌ڵام وه‌رزى نوێ بۆ یانه‌كه‌ جیاواز ده‌بێت، چونكه‌ هه‌شت یاریزانى سه‌ره‌كى ریزى یانه‌كه‌یان جێهیشتووه‌ له‌م باره‌شه‌وه‌ ڕه‌مزی ساڵح بۆ گۆڤاری گوڵان گوتى: ئه‌م وه‌رزه‌ش گرێبه‌سته‌كه‌م له‌گه‌ڵ یانه‌ى سه‌ید سادق تازه‌ كردۆته‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئیداره‌ى یانه‌كه‌ رێكه‌وتووم باسى سه‌رجه‌م خاڵه‌كانى نێوانمان كردوه‌، ئه‌وه‌شیان پێم گوتوه‌ كه‌ كه‌مته‌رخه‌می ناكه‌ن بۆم، گوتیشى" له‌ 25ى ئه‌م مانگه‌ ده‌ست به‌ ئاماده‌كارییه‌كانمان ده‌كه‌ین، له‌ باره‌ى رۆیشتنی ژماره‌یه‌كى زۆرى یاریزانانى یانه‌كه‌ش گوتی" ڕاسته‌ ژماره‌یه‌كى زۆرى یاریزانانى تیپه‌كه‌مان رۆیشتوونه‌، به‌ڵام له‌ هه‌وڵى ئه‌وه‌ین یاریزانى تازه‌ بهێنینه‌ ریزى تیپه‌كه‌مان، هه‌تا بتوانین یانه‌كه‌ له‌ ریزه‌كانى پێشه‌وه‌ بهێلینه‌وه‌، گوتیشى" وه‌كو ڕاهێنه‌ر نامه‌وێ ئه‌وه‌تان لێ بشارمه‌وه‌ كه‌ ئه‌ركه‌كه‌مان زه‌حمه‌ته‌ له‌ پازده‌ یاریزان هه‌شت یاریزان ریزی تیپه‌كه‌یان بۆ خولى عێراقی جێهیشتووه‌، ده‌بێ تیپێكى تازه‌ و توكمه‌ دروست بكه‌مه‌وه‌، ئه‌وه‌شم به‌ یانه‌كه‌ گوتوه‌ كه‌ له‌ قۆناغی یه‌كه‌م ئه‌ركه‌مان زه‌حمه‌ت ده‌بێت، به‌ڵام هه‌وڵ ده‌ده‌ین بۆ قۆناغی دووه‌م باشتربین، جێگاى ئاماژه‌ پێكردنه‌ یانه‌ى سه‌ید سادق یه‌كێكه‌ له‌ یانه‌ پڕ جه‌ماوه‌رییه‌كانى سه‌ر ئاستى كوردستان و به‌رده‌وام هانى تیپه‌كه‌یان ده‌ده‌ن، بۆیه‌ ئیداره‌ى یانه‌كه‌ش ئه‌مساڵیش ده‌یه‌وێت به‌ تیپێكى به‌هێز به‌شدارى یارییه‌كانى وه‌رزی نوێ خولى كوردستان بكه‌ن.
كارزان كانه‌بی

Top