نیشانەكانی كەمبوونەوەی شلەی لەش

نیشانەكانی كەمبوونەوەی شلەی لەش

كەمبوونەوەی شلەی لەش Dehydration یان كەمبوونەوەی رێژەی ئاو لە لەشدا كاریگەریی نەرێنی دەكاتە سەر هەموو فرمانی ئەندام و كۆئەندامەكان. لە حاڵەتی ئاساییدا هەموومان رۆژانە رێژەیەك ئاو ون دەكەین لە رێگای هەناسەدان، ئارەقەكردن، فرمێسك، لیكی دەم، هەروەها كۆئەندامی مێزەڕۆ و هەرس، بەڵام لە رێگەی خواردنەوەی ئاو و شلەمەنی، یان خۆراك قەرەبووی دەكەینەوە، هەر كاتێك رێژەی ونكردنی ئاو زیاتر بوو لە رێژەی ئاوی وەرگیراو، ئەوا لەش دوچاری كەمیی شلە دەبێتەوە. ئەو هۆكارانەی كە دەبنە ئەگەری زیاد ونكردنی شلەی لەش بریتین لە: بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی لەش(تا)، سكچوون، رشانەوە، زیاد ئارەقەكردن، نەخۆشیی شەكرە، هەروەها زیانی لابەلای هەندێك درەمان. نیشانەكانی كەمبوونەوەی شلەی لەش: هەستكردن بە تینووێتی، كەمبوونەوە و تاریكبوونی رەنگی میز بە زەردێكی تۆخ، هەستكردن بە سەرسووڕان، سەرئێشە، هەستكردن بە ماندووبوون و هیلاكی، وشكبوونی پێست، وشكبوونی دەم و لێو و چاوەكان، ئازاری ماسوولكە. لە حاڵەتە سەختەكانیشدا نیشانەی دیكە لە لەشدا دەردەكەون، وەكو: خێرابوونی لێدانەكانی دڵ، خێرابوونی هەناسە، قووڵبوونی چاوەكان Sunken eyes، وشكبوونی سەختی پێست، بۆرژان، كەمیی وزە، ناڕەحەتی و شێوان، هەروەها لەهۆشچوون.

Top