داوای ڕاگرتنی كارپێكردنی منداڵان لەلایەن باوانيان دەكرێت

داوای ڕاگرتنی كارپێكردنی منداڵان لەلایەن باوانيان دەكرێت

 

 

 

نەتەوە یەكگرتووەكان لە ساڵی 1948 پەیماننامەی مافەكانی مرۆڤی دەركرد و، زۆرینەی وڵاتانی ئەندام پەسەندیان كرد. دواتر ڕێككەوتننامەی ساڵی 1989 تایبەت بە مافەكانی منداڵان پەسەند كرا. هەر لە پەراوێزی ئەو یاسایەدا ڕۆژی 17/ 6 وەك ڕۆژی جیهانیی كارپێنەكردنی منداڵان دیاری كرا، لە یاسای كاری عێراقیش كاركردن بە منداڵان سنووردار كراوە. بە هەمان شێوە لە یاساكەدا قەدەغە كراوە منداڵ بۆ كاری سواڵكردن بەكاربهێندرێت، بەڵام وێڕای هەبوونی ڕێككەوتننامەی پاراستنی مافەكانی منداڵ و چەندین ماددە و بڕگەی تایبەت بە ماف و ئازادییەكانی منداڵ، كەچی لە چوارچێوەی خێزان و كۆمەڵگە نەتوانراوە وەكو پێویست مافەكانی منداڵ دەستەبەر بكرێت. بەشداربووانی ئەم ڕاپۆرتەی گوڵان لە دیدی جیاوازەوە تاووتوێی باسەكە دەكەن.

 

 

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

عوبێد خدر گۆمەشینی توێژەری كۆمەڵایەتییە و سەرەتا باسی ئەوە دەكات: «منداڵ ئەمانەت و سپاردەیەكی بەنرخە لەلایەن خواوە دەدرێت بە دایك و باوكان، بۆیە هەموو منداڵیك مافی تایبەتی خۆیەتی ڕێز لە كەسایەتییەكەی بگیرێت و مافە سەرەكییەكانی بۆ دابین بكرێت، لە ماددەی 19 ی جاڕنامەی مافی منداڵان هاتووە، ڕێگە بە دایك و باوك و دایك نادرێت توندوتیژی و ڕەفتاری خراپیان لەگەڵ بكەن، بۆیە بەخێوكردنی منداڵ بەرپرسیاریەتییەكی گەورەیە، هێنانە دونیای منداڵ تەنیا حەز و ئارەزووی كاتیی نێوان دووكەس نییە، بەڵكو ئەركێكی قورس و زەحمەتە». گوتیشی: «یەكێك لەو جۆرە توندوتیژییانە ئەوەیە كە باوان منداڵ و كارپێكردنیان بۆ مەرامی خۆیان بەكاربهێنن، چونكە منداڵان لە بەرامبەر دایك و باوكان بێهێز و بێدەسەڵاتن، ئەمەش وا دەكات هەر ئەرك و فەرمانێكیان لەسەر بكەن، ئەوا ڕازی بن و بڕیارەكانیان جێبەجێ بكەن». هۆكارەكانی كارپێكردنی منداڵانیشی لەم چەند خاڵەدا خستەڕوو:

1. هۆكاری ئابووری: زۆرجار خراپیی باری گوزەران دایك و باوك ناچار دەكات، كار بە منداڵەكەی بكات.

2. لەدەستدانی یەكێك لە دایك و باوك.

3 پەرتەوازەیی خێزان: هەندێ جار لێكجیابوونەوەی دایك و باوك، یان نەبوونی پەروەردەیەكی دروست منداڵ تووشی سەرلێشێوان و لەڕێلادان دەكات.

4. چاولێكەری: زۆرجار چاولێكەریی منداڵ بۆ منداڵێكی دیكە دەبێتە هۆی هاندانی منداڵ كە هەمان كار دووبارە بكاتەوە.

5. پیشەی باوك، یان بەخێوكەر: زۆرجار دایك و باوك منداڵ لەسەر هەمان پیشە ڕادەهێنن كە خۆیان دەیكەن، بەتایبەتی باوكان.

6. بێومێدی لە داهاتوو: هەندێ جار دایك و باوك بە هۆی بێ ئومێدبوونیان لە داهاتووی خوێندن و دواڕۆژێكی باشتر بۆ منداڵەكانیان، هەڵدەستن بە دەرهێنانی منداڵەكانیان لە قوتابخانە و كارپێكردنیان.

ئاری ئاغۆك مامۆستای قۆناغی بنەڕەتییە و ڕایوایە: «منداڵ نەوەی داهاتوو و سەروەت و سامانی نیشتمانە، بۆیە كە باس لە منداڵ دەكرێ، لە چەندین ڕەهەندەوە دەبێت شرۆڤەی بوون و كەسایەتییەكەی بكرێت».

هاوكات دەڵێت: «ئەوەی مەبەستە و بووەتە پرسیاری ئێوە دەربارەی كارپێكردنی منداڵ لە شوێنە گشتییەكان و بە تایبەت لە ترافیكەكان، بەداخەوە خەریكە لە حاڵەتەوە دەبێتە دیاردە، بۆیە پێویستە هەموومان هەڵوەستەی لەسەر بكەین، ئەوەش بەر لە هەموو شتێك دایك و باوك و باوان لێی بەرپرسن، كە بە چ ویژدان و بیركردنەوەیەك منداڵەكانیان دەنێرنە ترافیك و شوێنە گشتییەكان، هەروەها خۆمان وەك هاووڵاتی و وەك خاوەن ئۆتۆمبێل و بینینیان لە ترافیكەكان كە بەداخەوە سۆز و بەزەیی بە سەرماندا زاڵە لە ڕێگەی سۆزی بینینەوە، بە كڕینی شتێك، یان پێدانی پارەی زیادە بە منداڵە دەستگێڕەكان، ئەوا تووشی تەماح و بەردەوامییان لەو كارە دەكەین، ئەمەش هەڵەیەكی گەورەیە و دەبێت هەڵوەستەی لەسەر بكرێت. منداڵ دەیەوێت وەك منداڵ چێژ لە ژیانی منداڵیی خۆی وەربگرێت، نەك تێكشكانی دەروونی و لاوازكردنی كەسایەتییەكەی كە لە داهاتوو كاریگەریی خراپی لەسەر هەڵسوكەوت و بیركردنەوەی دەبێت . خراپترین كاریگەرییش بریتییە لەوەی كە زۆربەی زۆری ئەو منداڵانە، بەداخەوە دەبنە منداڵی شەقام و فێری جگەرە و نێرگەلە و ماددەی هۆشبەر و ...هتد دەبن».

ئاری ئاغۆك جەختی لەوەش كردەوە كە «لەگەڵ ئەوەی دیاردەی كارپێكردنی منداڵ كێشەیەكی جیهانییە و هەموو كۆمەڵگەیەك پێیەوە دەناڵێنێت، بەڵام خێزان بە گشتی و دایك و باوك بەتایبەتی بەرپرسیاری یەكەمی منداڵەكانیانن لە پەروەردە و دروستكردنی تاكێكی هۆشیار بۆ كۆمەڵگە».

تەنیا بەدرەدین پسپۆڕی دەروونزانییە و سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە «بەپێی جاڕنامەی مافەكانی مرۆڤ هەموو تاكێكی خوار تەمەن 18 ساڵ بۆی نییە كار بكات، بەڵكو منداڵ پێویستی بەوەیە بەخێوكەرانی ژیانێكی شایستەی بۆ دابین بكەن و لە خوێندن بەردەوام بێت. بەپێی ئەو ئامارانەی كە لە جیهاندا بڵاودەكرێنەوە، بەشی زۆری ئەو منداڵانەی لە خوار تەمەنی یاسایی (18 ساڵ) كار دەكەن، ڕووبەڕووی كۆمەڵێك ئاستەنگی گەورە دەبنەوە، بەتایبەت لە هەندێك وڵاتی تازە پێگەیشتوو، یان دواكەوتوو، لە هەرێمی كوردستانیش لە ئێستادا كۆمەڵێك منداڵ لەسەر شەقامەكان و ترافیكەكان كار دەكەن لە هەردوو ڕەگەز و لە خوار تەمەنی 18 ساڵیدان». گوتیشی: «بەپێی ئەو كەیسانەی كە هەمان بووە، یان ئەو حاڵەتانەی كە ئاگاداری بووین، بەداخەوە كەسانی دەروون نەخۆش هەوڵدەدەن دەستدرێژی بكەنە سەر منداڵانی شەقام لە كچ و لە كوڕ، بە حوكمی ئەوەی منداڵ لەم تەمەنەدا لە ڕووی عەقڵییەوە تەواو پێنەگەیشتووە و هەموو ئامانجیشی لەو كاتەدا پارە پەیداكردنە، هەر بۆیە ڕەنگە ئاسانتر لە بەرامبەر پارە قەناعەتی پێ بهێندرێت. تەنانەت هەندێكجار ئەو منداڵانە بۆ دەستكەوتنی پارە پەنا دەبەنە بەر دزیكردن، هاوكات ئەو منداڵانە لەسەر شەقامەكان فێری زۆر خوو و ڕەوشتی نەشیاو و ناشیرین دەبن، ئەوانەی گوێبیستی دەبن دوورە لە دونیابینی منداڵیی خۆیان. لە هەمووی مەترسیدارتر ئەوەیە كە زۆرجار منداڵ بۆ فرۆشتن و ساغكردنەوەی ماددەی هۆشبەر بەكاردەهێندرێت و دوور نییە بەو هۆیەوە خودی منداڵەكەش فێری كێشانی ماددەكە بێت. لە ڕووی دەروونییشەوە ئەو منداڵانە باری دەروونییان تێكدەچێت و ڕووبەڕووی سووكایەتیی جۆراوجۆر دەبنەوە و ئەگەری هەیە لە داهاتوودا تووشی خەمۆكی و قەیرانی گەورەی دەروونی بێت، وێڕای ئەوەی لەلایەنی جەستەییشەوە زەرەرمەند دەبێت و ڕووبەڕووی لێدان و ئەشكەنجە و سزادان دەبنەوە، یان لەگەڵ منداڵانی دیكە تووشی شەڕ و ئاژاوە دەبن، هەندێك جاریش تووشی ڕووداوی نەخوازراوی هاتوچۆ دەبن.

لە هەرێمی كوردستان زۆربەی ئەوانەی سواڵ دەكەن، بە ڕێژەیەكی زۆر كەم خەڵكی هەرێمی كوردستانن و زیاتر خەڵكی دەرەوەی هەرێمن و زۆربەشیان بۆ پارەپەیداكردن نییە، بەڵكو شتی دیكەی لە پشتە، بۆیە پێویستە حكومەتی هەرێم بەرامبەر بە منداڵانی شەقام خەمسارد نەبێت و چاودێریی زیاتری ئەو منداڵانە بكرێت».

 

Top