قەڵەوی هۆكارە بۆ نەزۆكی ئافرەت

قەڵەوی هۆكارە بۆ  نەزۆكی ئافرەت

كێشی زیاد، یان قەڵەوی كاریگەریی بەرچاو دەكاتە سەر تەندروستی بەگشتی و، هۆكارێكە بۆ ئەگەری نەزۆكی بەتایبەتی لە ئافرەتدا. ئەمە روونە كە هاوسەنگیی دروستی هۆرمۆنەكان رۆڵی سەرەكیی هەیە بۆ رێكخستنی سووڕی مانگانە، كە زۆر گرنگە بۆ دووگیانی. كێشی زیاد، یان قەڵەوی هاندەرە بۆ زیاتر بەرهەمهێنانی هۆرمۆنی لێپتین Leptin لە چەورە شانەكاندا، رێژەی بەرزی ئەم هۆرمۆنە هاوسەنگیی هۆرمۆنەكانی دیكە تێك دەدات، بەمەش ئەگەری نەزۆكی زیاد دەبێت. چەندێتی و شێوەی دابەشبوونی چەوری لە لەشدا بە چەندین میكانیزمی هۆرمۆنی كاریگەری دەكاتە سەر ریتمی سووڕی مانگانە و رێگرتن لە جووڵەی هێلكۆكە لە هێلكەدانەوە بۆ ناو بۆڕیی فالوپ Fallopian tube، كە پیتاندن لەوێدا روو دەدات، هەر چەند كێشی لەش زیاتر بێت ئەوا رێژەی كۆبوونەوەی چەوریی سك زیاتر دەبێت، كە رۆڵی نەرێنیی بەهێزتری لە چەوریی بەشەكانی دیكەی لەشدا هەیە بۆ زیادبوونی ئەگەری نەزۆكی. لە لایەكی دیكەوە، رێژەی بەرزی چەوریی لەش، بەتایبەتی چەوریی سك پەیوەندی بە پەیدابوونی بەرگری بەرانبەر بە هۆرمۆنی ئینسۆلین Insulin resistance هەیە، كە دەبێتە هۆی ناڕێكبوونی سووڕی مانگانە، هەروەها لە توێژینەوەكاندا هاتووە كە زیادبوونی كێش، یان قەڵەوی لە ئافرەتدا، هۆكارێكی زەقە لەپاڵ حاڵەتی فرەكیسیی هێلكەدان PCOS كە دەبێتە ئەگەری نەزۆكی لە رێگای تێكدانی هاوسەنگیی هۆرمۆنەكانەوە.

 

Top