لە پێناو گونجانی یاسای باری كەسی لەگەڵ پێشكەوتن و گۆڕانكارییەكانی سەردەم داوای هەمواركردنی یاساكە دەكرێت

لە پێناو گونجانی یاسای باری كەسی لەگەڵ پێشكەوتن و گۆڕانكارییەكانی سەردەم داوای هەمواركردنی یاساكە دەكرێت

 

 

یاسای ژمارە 15ی ساڵی 2008 هەمواركراوی یاسای باری كەسێتی بەندە بە ژیانی كۆمەڵایەتیی تاكەكانی كۆمەڵگە و لە پێناو گونجانی ئەم یاسایە لەگەڵ پێشكەوتن و گۆڕانكارییەكانی سەردەم داوای هەمواركردنی دەكرێت. لەبەر ئەوەی بەشێكی بەرچاوی خانمان ڕایانوایە یاسای باری كەسی مافی تەواوی بۆ ئافرەتان دابین نەكردووە. تۆڕی هاوبەشی ڕێكخراوەكانی ئافرەتانی كوردستان كە یەكێتی ئافرەتانی كوردستان-یش ئەندامیەتی و لە ئێستادا سەرپەرشتیاریی تۆڕەكە دەكات، ساڵی پار یاداشتێكیان گەیاندە لێژنەی داكۆكیكردن لە مافی ئافرەتان لە پەرلەمانی كوردستان تایبەت بە ئاماژەپێدان بۆ هەمواركردنەوەی چەند بڕگە و ماددەیەك لە یاسای باری كەسێتی، بەشداربووانی ئەم ڕاپۆرتەی گۆڤاری گوڵان شرۆڤەی زیاتری بابەتەكە دەكەن.

 

ناسك سەعید بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان‏، سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە «كاتێك یاسایەك لە ناوكۆمەڵگەیەك دێتەبوون، زەروورییەت و پێداویستیی ئەو كۆمەڵگەیە دەبێتە فاكتەرێك كە ئەو یاسایە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەتایبەت ئەو یاسایانەی پەیوەستن بە ژیانی تاك بە تاكی كۆمەڵگە و دەبێتە پاكێجێك بۆ بەڕێوەچوونی سیستەمی ژیانی تاك». هاوكات هێما بۆ ئەوە دەكات كە «لە هەرێمی كوردستاندا یاسای ژمارە 15ی ساڵی 2008 هەمواركراوی یاسای باری كەسێتیمان هەیە، كە پێویستی بە دووبارە هەمواركردنەوە هەیە، بۆ ئەوەی بتوانرێت لەگەڵ پێشكەوتن و گۆڕانكارییەكانی سەردەم بگونجێت و بتوانرێت باشتر ئەو بڕگە و ماددانە لەخۆ بگرێت كە تایبەتن بە باری كەسی».

 گوتیشی: «لەم سۆنگەوە بوو، ئێمە وەك تۆری هاوبەشی ڕێكخراوەكانی ئافرەتانی كوردستان كە یەكێتی ئافرەتانی كوردستانیش تێیدا ئەندامە و لە ئێستادا سەرپەرشتیاریی تۆڕەكە دەكات، ساڵی پار یاداشتێكمان گەیاندە سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان و لێژنەی داكۆكیكردن لە مافی ئافرەتان لە پەرلەمانی كوردستان تایبەت بە ئاماژەپێدان بۆ هەمواركردنەوەی چەند بڕگە و ماددەیەك لە یاسای باری كەسێتی، بۆ نموونە داوامان كردووە، لە ماددەی پێنجەم پێداچوونەوە بۆ ئەو بڕگەیە بكرێت كە تایبەت بە تەمەنی هاوسەرگیری، ئەویش لەبەر هۆكاری بوونی توندوتیژی بە هەموو جۆرەكانیەوە، بەتایبەتی كە ڕێژەی جیابوونەوە و كوشتن زیادی كردووە، لەبەر ئەوە پێشنیار كرا ئەم دوو خاڵەی بۆ زیاد بكرێت: لەبارەی جەستەیی و عەقڵییەوە پێویستی بە پێگەیشتن و تێگەیشتنی زیاتر هەیە، هەروەها نەبوونی هۆشیاری لە هاوسەرگیری.

لە ماددەی هەشتەم، كە باس لە نەفەقەی ئافرەت دەكات، پێویستە ئەم ماددەیە لە ڕووی جێبەجێكردنەوە پێداچوونەوەی بۆ بكرێت بەتایبەت لەو خاڵانەی كە لە ڕاستیدا ئافرەت تێیدا زەرەرمەندە.

لە ماددەی هەشتەم: بڕگەی سێیەم، خاڵی یەكەم: پێداگری لەسەر جێبەجێكردنی دەكەینەوە. ماددەی دەیەم: زیادكردنی خەمڵاندنی خەرجی بۆ ژنەكە لە چوارچێوەی داهاتی گشتی و تایبەتیی هاوسەرەكەی لە هەموو كەلوپەلێكی گواستراوە و نەگواستراوە و سندوقی چاودێریی كۆمەڵایەتی، نەفەقەی خەمڵێندراو خەرج بكرێت. هەروەها تیشكمان خستەسەر ئەوەی كە لە ماددەی سیانزەهەم لە دوای جیابوونەوە، ماڵ و موڵكی مەنقولە و غەیری مەنقولە لە ڕێكەوتی هاوسەرگیرییەوە خەمڵاندنی بۆ بكرێت و بە شێوەی یەكسان بەسەر هەردوولا دابەش بكرێت».

بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان‏، جەختی لەوە كردەوە كە دەیانەوێت «لە كۆمەڵگە و خێزاندا یەكسانیی جێندەری پیادە بكرێت و كاری پێ بكرێت، بۆ ئەوەی كۆمەڵگەیەكی مۆدێرن بێتە بوون و بوونی یاسایەكی مۆدێرن و پێشكەوتوو دەتوانێت (ئەگەر هەمووشی نەبێت) بەشێكی زۆر لە كەموكووڕییەكان چارەسەر بكات و هەنگاوی جددی بنێت بۆ بەرجەستەكردنی كۆمەڵگەیەك كە بڕوای تەواوی بە مافی مرۆڤ هەبێت و هیچ كام لە هەر دوو ڕەگەز بە پلەی دووەم دانەنێت، بەتایبەت كۆمەڵگەیەك بێت باوەڕی بەوە هەبێت، مامەڵەكردنی لەگەڵ ئافرەت وەك مرۆڤ بێت، نەك ڕەگەزێكی بێدەسەڵات و كەمدەسەڵات».

یاساناس و مافپەرەر شاخەوان خالید، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «لە ساڵانی ڕابردوو كۆمەڵێك گۆڕانكاری و هەمواركردن لە یاسای باری كەسی كراوە، كە هەموو ئەو هەمواركردنانە لە بەرژەوەندیی ئافرەتاندا بووە و، زیاتر مافەكانیانی دەستەبەر كردووە لە چوارچێوەی خێزان و هەندێك لەم یاسایانە وای كرد، زیاتر شیرازەی خێزان پتەو بێت و لێ نەگەڕێت لێكترازان ڕووبدات، بەڵام هەموو ئەو هەمواركردنانەی یاساكە، بە شێوەیەكی گشتی نەبوونەتە هۆی ئەوەی مافەكانی ئافرەت بە تەواوی دەستەبەر و مسۆگەر بن، چ لە چوارچێوەی ماڵە باوان، یان لە چوارچێوەی خێزان و ئەو شوێنەی كاری تێدا دەكات». گوتیشی: «ئەوەی ئێستا لە هەرێمی كوردستان هەستی پێ دەكرێت، كوشتنی ئافرەت لەسەر شەرەف و ناپاكیی هاوسەری زۆر زیادی كردووە و لە جیاتی پەنا بۆ یاسای باری كەسی ببردرێت بۆ جیابوونەوە و لێپێچینەوە لەو كەسانەی ناپاكی دەكەن، ئینجا بە جیابوونەوە بێت، یان تەڵاقدان، پەنا بۆ كوشتن و توندوتیژی دەبردرێت، هەروەها مەسەلەی فرەژنی لە هەموارەكانی پێشوو زۆر مەرجی خرایە سەر، بەڵام فرەژنی هەر هەیە، ئێستا لای هەندێ پیاو بووەتە مۆدێل و دەڵێت هەر بۆ پۆز با ژنێكی عەربیش بێنم، هەروەها هەندێك لە پیاوان دەچن لە مەخموور و مووسڵ و كەركووك ژنی دووەم، یان سێیەم، یان زیاتر دەهێنن. ئەو یاسایەی ئێستای باری كەسیی كارپێكراو لە هەرێمی كوردستان‌ ڕێگریی كەمی كردووە لە جیابوونەوە و تەڵاق، لە هەمان كاتدا بە هۆی پێشكەوتنەكان و سەردەمی نوێ پێویستە ناوە ناوە گۆڕانكاری و هەمواری یاساكان بكرێت، یاسای باری كەسییش بە هەمان شێوە پێویستە لەگەڵ ڕۆحی ئەم سەردەمەی ئێستامان بگونجێت.»

ئەو یاساناسە باسی ئەوەشی كرد كە «پێویستە لە یاسای نوێ ڕێگریی زیاتر لە فرەژنی بكرێت، تەنیا لە چەند دۆخێكی تایبەت نەبێت وەكو منداڵ نەبوون و نەخۆشیی درێژخایەن. هەروەها دەكرێ پەیمانگایەك لە یاسای نوێ ناوی بهێندرێت و دروست بكرێت، بۆ ئەو كوڕ و كچانەی هاوسەرگیری دەكەن، ماوەیەك لەوێ كۆمەڵێك بابەتیان پێشكەش بكرێت، تا لە هەموو لایەنەكانی پرۆسەی هاوسەرگیری شارەزا بن، بەمەش دەتوانین زیاتر شیرازەی خێزان و كۆمەڵگەی هەرێمی كوردستان‌ بە گشتی بپارێزین».

بێلان عاسی چالاكی بواری مافی ئافرەتە و ڕایوایە: «یاسای باری كەسێتی بەندە بە ژیانی تاك بە تاكی كۆمەڵگەوە و هیچ تاكێكی كۆمەڵگە نییە بەدەربێت لەم یاسایە بە جۆرێك خۆی لە زۆربەی ماددە و بڕگەكانی نەبینێتەوە» . گوتیشی: «یاسای باری كەسێتی چەندە بەرز و داڕێژراو بێت، ئەوەندەش دادپەروەریی كۆمەڵایەتی و مافی تاك پارێزراوتر دەبێت، بەتایبەتی بۆ ئێمەی ئافرەتان كە لە زۆر ڕووەوە لە كۆمەڵگە مافەكانمان پێشێل دەكرێت و لەلایەن خێزان و كۆمەڵگەوە مافەكانمان لێ دەسێندرێتەوە، بە جۆرێك ئێستاش لە هەندێ ناوچە ئافرەتان لە میراتی بێبەش دەكرێن».

بێلان عاسی جەخت لەوە دەكاتەوە كە «مەبەست لە هەمواری هەر یاسا و بڕگەیەكی یاسای باری كەسێتی، یان هەر یاسایەكی دی، پێویستە چاككردنی بێت بە جۆرێك كە لەگەڵ سەردەم و گۆڕانكارییەكاندا بگونجێت و زیاتر یەكسانی و دادوەریی نێو كۆمەڵگە و خێزان دابین بكات». گوتیشی: «دەكرێت هەمواركردنی یاساكە نامۆ نەبێت بە كەلتووری كۆمەڵایەتیی كورد و گونجاو بێت لە پەیڕەوكردنی و پێویستە لە هەمواری یاساكەدا زیاتر بایەخ بە مافی ئافرەت و منداڵان بدرێت، بۆیە وەك ئافرەتێك پشتگیری هەر هەموارێكی یاسایی دەكەم بۆ زیاتر دادپەروەریی كۆمەڵایەتی و پارێزەریی مافی تاك و بەرجەستەكردنی ژیانێكی ئاسوودە و كامەران».

 

Top