بۆچی جەڵتەی مێشك لە هاویندا سەختترە؟

بۆچی جەڵتەی مێشك لە هاویندا سەختترە؟

لێكۆڵینەوەیەكی نوێی زانكۆی سیئۆلی نیشتمانیی كۆریای باشوور جەختی كردووەتەوە، كە لەگەڵ بەرزبوونەوی پلەكانی گەرمیدا، ئەگەری سەختتربوونی جەڵتەی مێشك زیاتر دەبێت لەكاتی روودانیدا. ئەمەو لە چەندین لێكۆڵینەوەی پێشتری ئەمریكی سەبارەت بە پەیوەندیی كەش بە سەختیی جەڵتەی مێشكەوە هاتووە، كە كەشی گەرمتر ئەگەری سەختیی جەڵتەی مێشك زیاتر دەكات. لە ئەنجامەكانی لێكۆڵینەوە كۆرییەكە باسی ئەوە كراوە كە گۆڕانی رۆژانەی پلەكانی گەرما زیاتر پەیوەندیی بە سەختیی ئەم جۆرەی جەڵتەیەی مێشكەوە هەیە، كە لە ئەنجامی تەسكبوونەوەی بۆرییەكانی خوێنی مێشكدا روو دەدەن و، دەبنە هۆی كەمبوونەوەی گەیشتنی خوێن بە بەشێكی مێشك Ischemic stroke لە ئەنجامی رەقبوونی خوێنبەر، یان گیرانی خوێنبەر بە تۆپەڵی مەییوی خوێن Clot، ئەمەش روون كراوەتەوە كە لەكاتی روودانی جەڵتەی مێشكدا، بە تێكڕایی بەرزبوونەوەی تەنیا نۆ پلەی فەهرنهایت لە ماوەی سێ رۆژدا، ئەگەری مەترسی و سەختتربوونی جەڵتە تا رێژەی 67% بەرزدەكاتەوە. میكانیزمی چۆنێتی كاریگەریی گەرما لەسەر سەختكردنی جەڵتەی مێشك بریتییە لە كاریگەریی گەرما لەسەر سیستمی دەماری ئۆتۆنۆمیی لەش، كە بەرپرسیارە لە رێكخستنی پەستانی خوێن و تێكڕای لێدانەكانی دڵ و هەناسە، كە لەگەڵ گەرمادا هاندەرە بۆ ناڕێكبوونی لێدانەكانی دڵ، كە كاریگەریی نەرێنی دەكاتە سەر هاتووچۆی خوێن بۆ مێشك و زیادبوونی زیانەكانی جەڵتە.

 

Top