بۆچی دابەزاندنی كێش بە خێرایی رێنمایی ناكرێت؟

بۆچی دابەزاندنی كێش بە خێرایی رێنمایی ناكرێت؟

زۆربەی ئەو كەسانەی كە كێشی لەشیان زیادە، یان قەڵەون، هەوڵ دەدەن كە بە خێرایی كێش دابەزێنن، بەڵام لە لایەنی پزیشكییەوە ئەمە كارێكی ئاسان نییە، ئەگەر بە رێگەی نا تەندروتیش كێشی لەش بە خێرایی دابەزێنرێت، ئەوا گرفتی تەندروستی بەدواوە دێت، بەتایبەتی زیادبوونی ئەگەری دروستبوونی بەردی زراو، لەگەڵ كەمبوونەوەی رێژەی شلەی لەش و بەدخۆراكی Malnutrition. گرفتەكانی دیكەی پەیوەست بە خێرا دابەزاندنی كێشی لەش بریتین لە: سەرئێشە، هەستكردن بە ناڕەحەتیی دەروونی و ماندووبوونی فیزیكی، قەبزی، تەنكبوونی قژ، ناڕێكبوونی سووڕی مانگانە لە ئافرەتدا، هەروەها كەمبوونەوەی بارستایی ماسوولكە. لەگەڵ دەستپێكی بەرنامەیەكی دروستی دابەزاندنی كێشی لەش لەژێر چاودێریی پزیشكیدا، سەرەتا كێشی لەش بە خێرایی دادەبەزێت، ئینجا بەرە بەرە كەمتر و لەسەرخۆتر كێش دادبەزێت. پسپۆڕان پیان باشە كە هەوڵ بدرێت هەفتانە تەنیا 1%ی كێشی لەش دابەزێنرێت كە دەكاتە 0.5 - 1.36 كیلۆگرام (1-3 پاوەند) لە هەفتەیەكدا. پێویستە ئەم راستییە زانستییەش بزانرێت كە دابەزاندنی كێش پرۆسەیەكی هێڵی نییە، واتە هەموو هەفتەیەك بە هەمان رێژە كێش دانابەزێت، بۆنموونە: لەوانەیە كە چەند هەفتەیەك كێش بە رێژەی زیاد و چەند هەفتەیەكی دیكە بە رێژەی كەمتر دابەزێت، یان هەر هیچ دانەبەزێت، بۆیە گەلێك كەس واز لە بەرنامەی دابەزاندنی كێش دێنن و پێیان وایە كە سەركەوتوو نەبوون، لەوانەیە كە رێگەی ناتەندروست بۆ دابەزاندنی كێش بگرنە بەر.

 

 

Top