ئایا پاش ژەمی خواردن هەست بە ماندووبوون دەكەیت؟
گەلێك كەس پاش خواردنی ژەمێكی سەرەكی، بەتایبەتی ژەمی نیوەڕۆ، هەست بە ماندووبوون و بۆرژان دەكەن، وەك ئەوەی خواردنی ژەمەكە كارێكی فیزیكیی قورس بووبێت. ئەگەرچی میكانیزمی تەواو بۆ ئەم گرفتە نەزانراوە، بەڵام مەسەلەكە پەیوەستە بە ریتمی كاتژمێری بایۆلۆژیی لەش، كەواتە ریتمی كاتژمێری بایۆلۆژیی Circadian rhythm لەش چییە؟ بریتییە لەو گۆڕانە جەستەیی و دەروونییانەی كە لە سووڕی رۆژانەدا روو دەدەن، لە ئەنجامی كاردانەوە بەرانبەر بە رووناكی و تاریكی، بۆنموونە: نووستن لەكاتی شەودا و بێداربوونەوە لەكاتی رۆژدا، بەم شێوەیە مێشك كۆنتڕۆڵی دەردانی هۆرمۆنی میلاتۆنین Melatonin دەكات، كە هاندەرە بۆ هەستكردن بە بۆرژان، بۆنموونە هەر چەند رووناكی كەمتر بێت، هێندە رێژەی دەردانی میلاتۆنین زیاتر دەبێت. هۆكارەكان وەك، یەكەم: كاتەكانی ژەمی خواردن رۆڵی هەیە لەبەر بوونی هەماهەنگیی نێوان مێشك و كۆئەندامی هەرس، بۆنموونە لەكاتی شەودا توانای هەرسكردنی خۆراك لەسەرخۆ دەبێتەوە و، بە ئاسانی دەگۆڕێت بۆ چەوری، هاوكات لەگەڵ دەردانی هۆرمۆنی لێپتین Leptin كە هەستی برسیبوون كەم دەكاتە و، ئارەزووی خەوتن زیاد دەكات. دووەم: جۆری خۆراك، وەكو كاربۆهیدرات، یان شیرینیی زیاد و چەوریی زیاد، هەروەها ئەو خۆراكانەی كە ماددەی تریپۆتۆفان Tryptophan لەخۆدەگرن، هاندەرن بۆ هەستكردن بە بۆرژان و ماندووبوون لە رێگەی دەردانی هۆرمۆنی میلاتۆنین، بۆنموونە مۆز، ئەناناس، ئاڤۆكادۆ، گۆشت، هێلكە، ماسی، كاكڵەكانی وەكو گوێز و باوی و گازو.