خه‌ونى من زیاتر به‌ره‌وو پێشه‌وه‌ بچم

خه‌ونى من زیاتر به‌ره‌وو پێشه‌وه‌ بچم

ڕازاو محه‌ممه‌د یاریزانى تیپى فوتساڵى پیره‌گروون
خه‌ونى من زیاتر به‌ره‌وو پێشه‌وه‌ بچم
پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ى شه‌هید یه‌كێك له‌و پارێزگایانه‌ى كوردستان كه‌ گرینگی زۆر به‌ سه‌رجه‌م وه‌رزشكارانى یارییه‌ جۆراوجۆره‌كان ده‌درێت، له‌م شاره‌ش چه‌ندین كچه‌ یاریزانى به‌توانا بوونى هه‌یه‌ له‌ یارییه‌ جۆراوجۆره‌كان كه‌ شارێكى رۆشنبیر له‌ بواری وه‌رزش و ده‌یانه‌وێ زیاتر ئاستى خۆیان به‌ره‌وو پێش ببه‌ن له‌ رێگه‌ى یارییه‌ جۆراوجۆره‌كان ئامانجیان پێش خستنى وه‌رزشه‌، له‌ یارى فوتساڵیش شاره‌كه‌ خاوه‌نى ژماره‌یه‌ك یاریزانى ئاست به‌رزه‌ كه‌ ئێستا بۆ یانه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى شاره‌كه‌یان یارى ده‌كه‌ن و خاوه‌ن ئاستێكى به‌رزن، یه‌كێك له‌م كچه‌ یاریزانانه‌ش كه‌ خاوه‌نى چه‌ندین ئه‌نجامى باشه‌ له‌ سه‌ر ئاستى كوردستان ئه‌ویش ڕازاو محه‌مه‌د-ه‌ ،ناوبراو وه‌كو یاریزان بۆ یانه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌ و خورمال و پیره‌مه‌گروون یارى كردوه‌ ، ناوبراو له‌دایك بووى ساڵى 1998ى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌یه‌ خاوه‌ن بڕوانامه‌ى به‌كالۆریۆسه‌ له‌ كۆلێژى په‌روه‌رده‌ى جه‌سته‌یی و زانسته‌ وه‌رزشییه‌كانه‌، ئێمه‌ش له‌ نزیكه‌وه‌ چه‌ند پرسیارێكمان لێكرد سه‌باره‌ت به‌م وه‌رزشه‌، ئه‌ویش وه‌ڵامى سه‌رجه‌م پرسیاره‌كانى گۆڤاری گوڵانى دایه‌وه‌.
دیمانه‌: كارزان كانه‌بی
*ئاستى یارى فوتساڵ چۆن ده‌بینى به‌ شێوه‌یه‌كى گشتى له‌ شاره‌كانى كوردستان؟
-له‌ چاو یارییه‌كانى ترى كچان گرینگییه‌كى باشترى پێ دراوه‌.
*ئه‌نجام نه‌دانى پاڵه‌وانێتى تا چه‌ند ده‌بێته‌ هۆكار بۆ ئه‌وه‌ى ئاستى ئه‌م یارییه‌ به‌رێوه‌پێش نه‌چێت؟
-ده‌بێته‌ هۆى ئه‌وه‌ى یاریزان بكشێته‌وه‌ له‌م یارییه‌ و دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌ له‌ مه‌شقه‌كان و حه‌ز و خولیای نامێنى، ڕه‌نگه‌ بچێت به‌ لاى یارییه‌كى تردا به‌م شێوه‌یه‌ش ئاستى یارییه‌كه‌ داده‌به‌زێ,
* بۆ به‌ره‌ووپێشچوونى ئه‌م یارییه‌ چى بكرێت باشه‌؟
- پاڵه‌وانێتى زیاتر بكرێته‌وه‌ و گرینگی زیاتر به‌م یارییه‌ بدرێت فێرگه‌ و قوتابخانه‌ى زیاتر بكرێته‌وه‌ له‌ سه‌رجه‌م شاره‌كانى كوردستان بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن یاریزان هه‌ر له‌ منداڵیه‌وه‌ پێ بگه‌ینن و له‌ دواییدا سوودی لێ ببینن.
*گرفته‌كانى یارى هێزى له‌ش له‌ چى ده‌بینی؟
-گرفتى ئه‌م یارییه‌ له‌ كوردستان به‌ پله‌ یه‌ك نه‌بوونى گۆڕه‌پانى یاری كردنه‌
*هه‌ست به‌ چى ده‌كه‌ى یارییه‌كى جه‌ماوه‌ری ئه‌نجام ده‌ده‌ی؟
- هه‌ستێكى زۆر خۆشم هه‌یه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ حه‌ز و خولیایه‌كى مندالێمه‌، هه‌ست ناكه‌م ئه‌م یارییه‌ ته‌نیا له‌ كوڕان نزیك بێت هه‌ست ده‌كه‌م ئه‌م یارییه‌ بۆ كچانیشه‌ و هه‌وادارێكى زۆرى هه‌یه‌ كچانیش زۆر حه‌ز به‌م یارییه‌ ده‌كه‌ن.
*به‌ نیازی چى بۆ داهاتووى خۆت وه‌كو كچه‌ وه‌رزشكارێك؟
-به‌رده‌وامى دانم به‌ وه‌رزش كردن بۆ ئه‌وه‌ى بتوانم ئه‌م یارییه‌ پێش بخه‌ین، جگه‌ له‌وه‌ش روو له‌ یانه‌ى تریش بكه‌م زۆرترین پاڵه‌وانێتى به‌شداربم.
*له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى یانه‌كانى كوردستان پشت به‌ ڕاهێنه‌رى بیانى ببه‌ستن؟
- نه‌خێر له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ نیم، به‌ڵام له‌ رێگه‌ى ڕاهێنه‌رى بیانى خوڵ بكرێته‌وه‌ بۆ ڕاهێنه‌ره‌ كورده‌كانى خۆمان بۆ ئه‌وه‌ى سوود له‌ تواناكان و ئه‌زموونى ئه‌وان ببینن، ڕاهێنه‌رى كورد له‌گه‌ڵ یاریزانى كورد زۆر باشتره‌.
*داواكاری و پێش نیارت بۆ لایه‌نى به‌رپرسى وه‌رزشیی؟
- داواكارم له‌ به‌رپرسانى وه‌رزشیی ئه‌م یارییه‌ پشتگوێ نه‌خرێت و خوڵ و پاڵه‌وانێتى زیاتر بكرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كچان ساردنه‌بنه‌وه‌ و پاشه‌كشه‌ نه‌كه‌ن له‌م یارییه‌.
*خه‌ونى تۆ وه‌كو وه‌رزشكارێك؟
-خه‌ونى من زیاتر به‌ره‌وو پێشه‌وه‌ بچم به‌شدارى بكه‌م له‌ خوله‌كانى ده‌ره‌وه‌ى عێراقیش وه‌كو هه‌موو كچانى تر.
*بۆچى ماوه‌یه‌كه‌ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ دووری؟
-له‌ به‌ر ئه‌وه‌ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ دوورم، چونكه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ داراییه‌كى واى نییه‌ بۆ كچانى سه‌رف بكات بۆ یانه‌كه‌مان په‌رته‌وازه‌ بووه‌ هه‌ر كچێك بۆ شوێنێك یارى ده‌كات، به‌هیواى ئه‌وه‌م یانه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ بتوانێ خزمه‌تێكى باش به‌ كچان بكات بۆ ئه‌وه‌ى له‌ شاره‌كه‌ى خۆمان به‌رده‌وام بین.
*پاڵه‌وان بوون لاى تۆ چیى ده‌گه‌ینێ؟
-پاڵه‌وان بوون لاى من تۆ ڕه‌نجی چه‌ند ساڵه‌ت له‌ ئاستێكى باشدا ببینى ئه‌وه‌ش هه‌شتێكى خۆشه‌ كه‌ له‌ ئاستێكى به‌رز یارى بكه‌یت.
*به‌چ یاریزانێكى جیهانى سه‌رسامی؟
- به‌ یاریزان كریستانۆ رۆنالدۆ سه‌رسامم.
*له‌لایه‌ن یانه‌كان گرێبه‌ستت پێشكه‌ش كراوه‌ كه‌ تا ئێستا بۆ هیچ یانه‌یه‌ك یارى ناكه‌ى؟
- به‌لێ گرێبه‌ستم بۆ هاتووه‌، به‌ڵام به‌هۆى هاتوچۆ و بارودۆخی ژیان بۆم نه‌كراوه‌.
* ئه‌گه‌ر شتێكت ماوه‌ له‌ كۆتایدا؟
- زۆر سوپاسى گۆڤاری گوڵان ده‌كه‌م بۆ ئه‌و هه‌موو خزمه‌ته‌ى به‌ وه‌رزشكارانى كوردستان ده‌كات،هیوام وایه‌ كچان زیاتر روو له‌ وه‌رزش بكه‌ن بۆ جه‌سته‌ و بۆ دره‌ونیش گرنگه‌ هیوادارم زیاتر گرینگی به‌ وه‌رزش بدرێت .

Top