نیگەرانیی زیاد ئاسایی نییە!
نیگەرانی Worry، گومان Doubts، لەگەڵ پەستی Anxiety بەشێكی ئاسایی ژیانن، بە مەرجێك لە سنوورێكی دیاركراودا بن و، نەبنە ئەگەری تێكدان، یان شێواندنی ژیانی رۆژانە، بەڵام نیگەرانیی لە رادەبەدەر و بەردەوام كە كۆنترۆڵ نەكرێت، ئەوا هەر گیز بە ئاسایی هەژمار ناكرێت و گرفتی تەندروستی لێ دەكەوێتەوە لە ئەنجامی زیادبوونی ئاستی هۆرمۆنەكانی سترێس، بەتایبەتی هۆرمۆنی كۆرتیسۆڵ Cortisol كە هۆكارە بۆ زیادبوونی لێدانەكانی دڵ، سەرئێشە، ناڕەحەتی، هەستكردن بە هیلاكیی جەستەیی، پاشان بە تێپەڕبوونی كات هاندەر دەبێت بۆ بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، نۆرەی دڵ، لەگەڵ جەڵتەی مێشك. نیگەرانیی لە رادەبەدەر سەبارەت بە هەموو كار و پێشهاتەكانی ژیانی رۆژانە دەبێتە حاڵەتی پەستییەكی چەسپاو Anxiety disorder، واتە ژیانی رۆژانە پڕ دەبێت لە هەستكردنی بەردەوام و توند بە نیگەرانی و نائارامی و جۆرێك ترس، لە هەموو پێشهاتێك كە پێویستی بە چارەسەری پزیشكی دەبێت. لەكاتی نیگەرانیی زۆردا، چەند نیشانەیەكی فیزیكی لە لەشدا دەردەكەون وەكو: دەست لەرزین، هەستكردن بە گرانی لە قوڕگ و سینگدا، دڵەكوتێ، هەناسەڕاوكێ، هەستكردن بە ناڕەحەتی، سەرسووڕان، ئارەقەی سارد، هەستكردن بە هیلاكیی توند و گرژبوونی ماسوولكەكان، گرفت لە چوونە خەو.