چارەسەر بە كۆلاجین

چارەسەر بە كۆلاجین

كۆلاجین Collagen باوترین جۆری پرۆتینە لە لەشدا، بەتایبەتی لە ئێسك، ماسوولكە و ژێیەكانی ماسوولكە و، هەروەها پێست، كۆلاجین پێكهاتەكانی لەشی بەیەكەوە بەستاوەتەوە. لە تەمەنی 40 ساڵی بە سەرەوە، دروستبوونی كۆلاجین لە لەشدا ساڵانە بە رێژەی 1% كەم دەبێتەوە، هەروەها بە هۆكاری دیكەش دروستبوونی كۆلاجین كەم دەبێتەوە، وەك: كاریگەریی تیشكی خۆر، جگەرەكێشان، پیسبوونی هەوا، لەگەڵ كەمبوون و زیادبوونی كێشی لەش. دەرزیی كۆلاجین بەكاردێت بۆ ئەستووركردنی لێو و كەمكردنەوەی لۆچی پێست و شاردنەوەی هێڵەكانی دەموچاو، كە لە ئەنجامی كەمبوونەوەی كۆلاجین دەردەكەون، هەروەها جگە لە كرێمی كۆلاجین، دەنك، یان كەپسول، یان پاودەری كۆلاجین بە رێگەی دەم بەكاردێن بۆ هاندانی تەندروستیی پێست و قژ و نینۆكەكان. بوارەكانی دیكەی بەكارهێنانی كۆلاجین: كاڵكردنەوەی پنتەكانی تەمەن Age spots كە هاوكاتن لەگەڵ بەساڵاچووندا، سووككردنی ئازاری جومگە، پاراستنی چڕی و پتەویی ئێسك، پاراستنی بارستایی ماسوولكە، باشتركردنی تەندروستیی دڵ (لەوانەیە)، باشتركردنی فرمانی ریخۆڵە، باشتركردنی مەزاج و سووككرنی نیشانەكانی پەستی، لەوانەشە كە هاندەر بێت بۆ دابەزاندنی كێشی لەش لە رێگەی خێراكردنی كرداری میتابۆلیزم، بۆ هەموو حاڵەتەكان و بۆ بەدەستهێنانی باشترین ئەنجام لەوانەیە كە شەش مانگ تا یەك ساڵ بەكارهێنانی رێكی كۆلاجین پێویست بكات.

Top