به‌ نیازی به‌شدارى كردنم له‌ پاڵه‌وانێتى هێزی له‌شی جیهان

به‌ نیازی به‌شدارى كردنم له‌ پاڵه‌وانێتى هێزی له‌شی جیهان

گوڵستان ئه‌حمه‌د یاریزانى هێزى له‌ش
به‌ نیازی به‌شدارى كردنم له‌ پاڵه‌وانێتى هێزی له‌شی جیهان
له‌ ئێستادا له‌ سه‌نته‌ری پارێزگاكان و قه‌زا و ناحیه‌ و شاره‌كانى كوردستان یارییه‌كانى هێزی له‌ش و و له‌شجوانى و زوومبا و ئایۆبیك بۆته‌ یه‌كێك له‌و یارییانه‌ى كه‌ خانمان به‌ رێژه‌یه‌كى به‌رچاو روو له‌م یارییه‌ ده‌كه‌ن. بۆ ئه‌وه‌ى هه‌م حه‌ز و خولیاكانیان به‌جێ بهێنن، هه‌میش ببنه‌ خاوه‌ن له‌ش ولارێكى رێك، له‌ شاره‌كانى كوردستانیش ئه‌م یارییه‌ ڕۆژ له‌ دواى ڕۆژ له‌ په‌ره‌سه‌ندن دایه‌ و ئافره‌تانیش به‌ شێوه‌یه‌كى زیاتر له‌ جاران ڕوو له‌ وه‌رزشه‌كه‌ ده‌كه‌ن، له‌ ده‌ڤه‌رى ئیداره‌ى یه‌كێكه‌ له‌م شارانه‌ى كوردستانه‌كه‌خانمان به‌ شێوه‌یه‌كى زۆر باش وه‌رزشى هێزى له‌ش و وه‌رزشه‌كانى دیكه‌ ده‌ده‌ن و چه‌ندین یاریزانى به‌تواناش له‌م ده‌ڤه‌ره‌ بوونى هه‌یه‌، یه‌كێك له‌و ئافره‌ته‌ یاریزانانه‌ش كه‌ خاوه‌نى چه‌ندین ئه‌نجامى باشه‌ له‌ سه‌ر ئاستى كوردستان و عێراق ئه‌ویش گوڵستان ئه‌حمه‌د-ه‌ ،ناوبراو وه‌كو یاریزان له‌ له‌ قه‌زاى ڕانییه‌ یارى ده‌كات ، ناوبراو له‌دایك بووى ساڵى 1994ى قه‌زاى ڕانییه‌ خاوه‌ن بڕوانامه‌ى دبلۆمه‌ له‌ بوارى وه‌رزشه‌ و بۆ هیچ یانه‌یه‌ك یاری نه‌كردوه‌ ته‌نیا وه‌كو گروپ و هۆڵ به‌شدارى پاڵه‌وانیه‌تیه‌كانى كردوه‌، ئێمه‌ش له‌ نزیكه‌وه‌ چه‌ند پرسیارێكمان لێكرد سه‌باره‌ت به‌م وه‌رزشه‌، ئه‌ویش وه‌ڵامى سه‌رجه‌م پرسیاره‌كانى گۆڤاری گوڵانى دایه‌وه‌.
دیمانه‌: كارزان كانه‌بی
*ئاستى یارى هێزی له‌ش چۆن ده‌بینى به‌ شێوه‌یه‌كى گشتى له‌ شاره‌كانى كوردستان؟
-ئاستى یارى هێزى له‌ش له‌ كوردستان به‌ شێوه‌یه‌كى باش ڕوو له‌ پێشكه‌وتنه‌.
*ئه‌نجام نه‌دانى پاڵه‌وانێتى تا چه‌ند ده‌بێته‌ هۆكار بۆ ئه‌وه‌ى ئاستى ئه‌م یارییه‌ به‌رێوه‌پێش نه‌چێت؟
-ئه‌نجام نه‌دانى پاڵه‌وانێتى هۆكاری سه‌ره‌كی به‌ره‌وو پێش نه‌چوونى ئه‌م یارییه‌، چونكه‌ له‌ پاڵه‌وانێتییه‌كان تاكه‌كان هه‌ست به‌و هێزه‌ ده‌كه‌ن كه‌ هه‌یانه‌ و ده‌توانن ئه‌و به‌هره‌ى پێیانه‌ ده‌ریخه‌ن.
*وه‌كو كچه‌ پاڵه‌وانێك بۆ به‌ره‌ووپێشچوونى ئه‌م یارییه‌ چى بكرێت باشه‌؟
- بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م وه‌رزشه‌ به‌ره‌وو پێش بچێت، پێویسته‌ له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ هاوكارى یاریزان بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى بگات به‌ به‌رزترین ئاست، جگه‌ له‌وه‌ش سپۆنسه‌رییه‌كى باشیان بۆ بكرێت.
*گرفته‌كانى یارى هێزى له‌ش له‌ چى ده‌بینی؟
-گرفتى ئه‌م یارییه‌ له‌ كوردستان ئه‌وه‌یه‌ ته‌نها ماندوو بوون ده‌بینێت و هیچ كه‌سێك ئه‌ركی ماندووبوونت نا كێشێته‌وه‌.
*هه‌ست به‌ چى ده‌كه‌ى یارییه‌كى قورس ئه‌نجام ده‌ده‌ى كه‌ ئاسنه‌؟
- هه‌ست به‌وه‌ ده‌كه‌م كه‌ ئه‌و هێز و توانایه‌ى خواى گه‌وره‌ پێ به‌خشیوم ده‌توانم ده‌ریبخه‌م و كۆمه‌لێك گه‌نجی تر حه‌ز و ئاره‌زوویان بۆی دروست ده‌بێت و ڕوو ده‌كه‌نه‌ ئه‌م وه‌رزشه‌، بێگومان ئه‌وه‌ش هه‌ستێكى خۆشه‌ بۆمن وه‌كو یاریزان.
*به‌ نیازی چى بۆ داهاتووى خۆت وه‌كو كچه‌ پاڵه‌وانێك؟
-به‌ پشتیوانى خوای گه‌وره‌ به‌ نیازی به‌شدارى كردنم له‌ پاڵه‌وانێتى هێزی له‌شی جیهان ئه‌وه‌ خه‌ونى منه‌ و بتوانم ئه‌نجامى باش به‌ده‌ست بهێنم.
*له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى یانه‌كانى پشت به‌ ڕاهێنه‌رى بیانى ببه‌ستن؟
- خۆمان ڕاهێنه‌رى زۆر باش و به‌ ئه‌زموونمان هه‌یه‌، پێویستمان به‌ ڕاهێنه‌رى بیانى نییه‌، وه‌كو خۆشم پشتم به‌ خواى گه‌وره‌ به‌ستوه‌ ئینجا به‌ خۆم نه‌ك ڕاهێنه‌رى بیانى.
*داواكاری و پێش نیارت بۆ لایه‌نى به‌رپرسى وه‌رزشیی؟
- داواكارم له‌ به‌رپرسانى وه‌رزشیی پشتى یاریزانان بگرن و هاوكاریان بكه‌ن و هانیان بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ى زیاتر ئه‌م یارییه‌ پێشبكه‌وێت و سه‌ركه‌وتوو بن.
*خه‌ونى تۆ وه‌كو وه‌رزشكارێك؟
-خه‌ونى من ئه‌وه‌یه‌ پله‌ى یه‌كه‌م به‌ده‌ست بهێنم له‌ سه‌ر ئاستى جیهان هاوشێوه‌ى كوردستان و عێراق كه‌ خاوه‌نى پله‌ى یه‌كه‌مم.
*به‌هیواى ئه‌وه‌ى ڕۆژێك له‌ ڕۆژان هه‌ڵبژارده‌ى كوردستان دروست بكڕێ تۆش یه‌كێك له‌ یاریزانه‌كان بی؟
-له‌ ئێستادا تیپه‌كه‌ى ئێمه‌ وه‌كو گروپی كووین فتنس به‌ ناوى هه‌ڵبژارده‌ى كوردستانین و به‌شداریش ده‌بین له‌ پاڵه‌وانیه‌تیه‌كان.
*پاڵه‌وان بوون لاى تۆ چیى ده‌گه‌ینێ؟
-پاڵه‌وان بوون لاى من ئازایه‌تى و خاوه‌ن كه‌سایه‌تى به‌رز ده‌گه‌ینێ.
*به‌چ یاریزانێكى جیهانى سه‌رسامی؟
- به‌ یاریزان anee nelson زۆر سه‌رسامی ئه‌وه‌م به‌ ته‌كنیكی.
*له‌لایه‌ن یانه‌كان گرێبه‌ستت پێشكه‌ش كراوه‌ كه‌ تا ئێستا بۆ هیچ یانه‌یه‌ك یارى ناكه‌ى؟
- به‌لێ له‌لایه‌ن یانه‌كانى به‌غداد گرێبه‌ستم پێشكه‌ش كراوه‌.
* ئه‌گه‌ر شتێكت ماوه‌ له‌ كۆتایدا؟
- زۆر سوپاسى گۆڤاری گوڵان و كه‌سانى وه‌كو ئێوه‌ش ده‌كه‌م كه‌ هه‌میشه‌ له‌ خه‌مى وه‌رزشواناندان و پاڵپشتیانن له‌ شاره‌كانى كوردستان.

 

Top