سەرئێشەی پاش برسیبوون

سەرئێشەی پاش برسیبوون

نەخواردنی ژەمێكی سەرەكیی خۆراك، دواخستنی ژەمی خۆراك، پەیڕەوكردنی ریجیمێكی خۆراكیی توند، یان برسیبوون، ئەمانە هەموویان هاندەرن بۆ سەرهەڵدانی نۆرەیەكی سەرئێشە، بەتایبەتی لە تووشبووان بە شەقەسەردا، كە بە سەرئێشەی برسیبوون Hunger headache ناوزەد دەكرێت. یەكێك لە هۆكارەكانی سەرئێشە لەكاتی برسیبووندا بریتییە لە دابەزینی ئاستی شەكری خوێن، كە هاوكاتە لەگەڵ هەستكردن بە ناڕەحەتی و ماندووبوون، هۆكاری دووەم بریتییە لە زیاد دەردانی هۆرمۆنەكانی سترێس، بەتایبەتی هۆرمۆنی كۆرتیسۆل Cortisol و ئەدرینالین Adrenaline كە لە ئەنجامی برسیبوون و كەمبوونەوەی رێژەی شلەی لەش روو دەدات. ئەم جۆرە سەرئێشەیە لەوانەیە كە توند و هاوكات بێت لەگەڵ ئارەقەكردن، هێڵنج، باوێشك، تووڕەبوون و هەڵچوون، هەروەها زیادبوونی ئارەزووی خواردنی شیرینی. هەنگاوەكانی خۆپاراستن لە سەرئێشەی برسیبوون: رێكخستنی كاتی ژەمە سەرەكییەكانی خۆراك و پاس نەكردنی هیچ ژەمێك، گرنگیدان بە ژەمی بەیانی ئینجا ژەمی نیوەڕۆ، هەڵبژاردنی خۆراكی هاوسەنگ و كوالێتیی بەرز، دووركەوتنەوە لە خۆراكی خێرا و زیاد خواردنی شیرینی، تەرخانكردنی كاتێكی باش بۆ خەو.

 

Top