ئاكامەكانی خەوی خراپ
خەو بەشێكی گرنگی ژیانە، لە نزیكەوە بە تەندروستیی مێشكەوە بەندە، خەو وەكو خۆراك و ئاو گرنگە بۆ لەش، سوودەكانی خەوی دروست بە كورتی بریتین لە: بەرزكردنەوەی ئاستی وزەی لەش، هاندانی بەهێزبوونی سستمی بەرگریی لەش، رێكخستن و باشتركردنی توانا و فرمانەكانی مێشك، سووككردنی سترێس، كەمكردنەوەی ئاستی هەوكردن Inflammation لە لەشدا، هاندانی كۆنترۆڵكردنی كێشی لەش، كەمكردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە هەندێك جۆری شێرپەنجە. لە لایەكی دیكە، كەم خەوی، یان كوالێتیی خراپی خەو زیان بە تەندروستیی جەستەیی و دەروونی دەگەیەنێت، بۆنموونە ئەمە سەلمێنراوە كە كوالێتی خراپی خەو بە شێوەیەكی درێژخایەن پەیوەندی هەیە بە هەستكردن بە ماندووبوون و هیلاكیی جەستەییەوە، گرفت لە بیرهاتنەوەدا، كەمبوونەوەی كارامەیی جووڵە و ماسووولكەكان، گرفت لە بڕیاردان و پلانداناندا، تێكچوونی ئارەزووی خواردن و گرفت لە هەڵبژاردنی خۆراكە تەندروستەكان، هەروەها زیادبوونی ئەگەری قەڵەوی، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، نەخۆشیی شەكرە، نۆرەی دڵ، جەڵتەی مێشك، لەگەڵ خەمۆكی. رێنماییەكان بۆ خەوێكی باشتر: چەند كاتژمێرێك پێش خەوتن دووركەوتنەوە لە جگەرە، ئەلكهول، قاوە، چای، شوكولاتە، رێكخستنی كاتی نووستنی شەوانە، دووركەوتنەوە لە بەكارهێنانی مۆبایل پێش كاتی نووستن، خامۆشكردنی رووناكییەكانی ژووری نووستن.