د. نەهلە قادر ئەفندی ئەندامی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گوڵان:   دۆخێكی نوێی سیاسی لە عێراقدا درووست بووە پارتیش بەشێكە لە چارەسەر

د. نەهلە قادر ئەفندی  ئەندامی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گوڵان:     دۆخێكی نوێی سیاسی لە عێراقدا  درووست بووە پارتیش بەشێكە لە چارەسەر

 

 

كشانەوەی ئەندام پەرلەمانەكانی ڕەوتی سەدر و سوێندخواردنی پەرلەمانتاری نوێ لە جێیان بووەتەوە هۆی ئەوەی پرۆسەی سیاسی و هەوڵەكانی پێكهێنانی حكومەتی عێراق بە ئاقارێكی دیكەدا بڕوات. بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پەرەسەندن و پێشهاتانە گوڵان ئەم دیمانەیەی لەگەڵ د. نەهلە قادر ئەفندی ئەندامی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام دا.

 

* ئاشكرایە كە ماوەیەكی زۆرە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە چووە، بەڵام تا ئێستا لایەنەكان نەیانتوانیوە بگەنە ڕێككەوتنێك بۆ پێكهێنانی حكومەتی عێراق، ئێوە چۆن لەم بارودۆخە دەڕوانن و پێتان وایە بۆچی دۆخەكە بەم ئاقارەدا ڕۆیشت؟

- لە ڕاستیدا دەبێت ئێمە بگەڕێینەوە بۆ خۆدی هەڵبژاردنەكە و ئەو پەرەسەندنانەی بە دوایدا هاتن، چونكە وەكو هەموومان دەزانین لە10/10/2021 هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق ئەنجام درا، لە دوای پەسندكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن لەلایەن كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و دادگای فیدڕاڵی، هەر لایەن و حزبێك بەپێی ئیستیحقاقی خۆی لە هەڵبژاردنەكەدا كە سستەمێكی تازە بوو، ئەنجامەكانی وەرگرت. ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان (31)كورسیمان بەدەست هێنا، پێش دانیشتنی یەكەمی پەرلەمان لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسیەكان دەست كرا بە گفتوگۆ، كە لە دەرئەنجامدا پارتی و سوننە و ڕەوتی سەدر هاوپەیمانییەكیان پێكهێنا بە ناوی «هاوپەیمانیی ڕزگاریی نیشتمانی»، ئەمەش بۆ ئەوە بوو كە لە دانیشتنی یەكەمی پەرلەمان دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان هەڵبژێردرێت بۆ ئەوەی دواتر سەرۆك كۆمار و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران دەستنیشان بكرێن. لە پاشان لە 9/1/2022 یەكەم كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 329 ئەندام پەرلەمان ئەنجام درا و هەر هەموو ئەو ژمارەیەی ئامادەبووان سوێندی یاساییان خوارد و دەستەی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆك و هەر دوو جێگری (سەرۆك لە پشكی سوننە و جێگری یەكەم شیعە و جێگری دووەم پشكی كورد كە ماف و شایستەیی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو) دەستنیشان كران. بەڵام ئەوەی كێشەی لەسەر دروست بوو، هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بوو، چونكە ئەوە بوو لە دوو دانیشتن نەتوانرا نیسابی یاسایی تەواو بكرێت. كە ڕێژەكە دوو لەسەر سێ دانرابوو لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە، كە ئەم ڕێژەیەش خۆی لە خۆیدا بۆ ئەوە بوو نەتوانرێت نیساب تەواو بكرێت، تاوەكو سەرۆك كۆمار هەڵنەبژێردرێت. ئەوە بوو پرۆسەكە دووچاری چەقبەستوویی بوو و بەرەو ئاڵۆزی ڕۆیشت. هەر چۆنێك بێت، لەبەر تەواونەبوونی ڕێژەی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان نەتوانرا سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرێت. هەر بۆیە كێشەكە زیاتر بەرەو ئاڵۆزی ڕۆیشت و پشووی پەرلەمان دەستی پێ كرد، لەو كاتەدا موقتەدا سەدر ماوەی 40 ڕۆژی دا بە لایەنی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ ئەوەی حكومەت پێكبێنن و ئەوانیش لەو ماوەی 40 ڕۆژەدا هیچ ئەنجامێكیان نەبوو. لە پاش پشووەكان لێژنەكانی پەرلەمان بەپێی ئیستحقاقی لایەنەكان دەستنیشان كران و ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەموو لێژنەكان پشكمان هەیە، لێژنە هەیە دوو ئەندامی ئێمەی تێدایە و لە زۆربەی لێژنەكانیش جێگری یەكەم و دووەمی سەرۆكی لێژنە لە لیستی پارتییە، لە پاشان لێژنەكان دەستیان بە كاری خۆیان كرد، لایەنە سیاسییەكانیش كاری خۆیان دەكرد بۆ ئەنجامدانی هەماهەنگی و كۆبوونەوە و گفتوگۆكردن بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن، تاوەكو دانیشتنی پەرلەمان ئەنجام بدەن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار. بەڵام هەروەك ئاشكرایە تا ئێستا بێسوود بووە و نەتوانراوە ئەو ڕێژەی یاساییە تەواو بكرێت كە دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان ئامادە بن، بەو پێیەی كە ئەو ڕێژەیە دادگای فیدڕاڵی دەستنیشانی كردووە بۆ ئەوەی پرۆسەكە زەحمەت بێت و وەك ئێستا بە چەقبەستوویی و ئاڵۆزی بمێنێتەوە.

* پێت وایە هۆكاری بنەڕەتی چی بوو بۆ ئەوەی دۆخەكە بە چارەسەر نەگات و ئایا چەند ئەگەری ئەوە هەیە لە ئێستادا پەرەسەندنی ئەرێنی بێتەئاراوە ؟

- لەم ڕووەوە دەتوانین ئاماژە بە بوونی ناكۆكیی ناوماڵی شیعە بكەین بۆ دەستنیشانكردنی سەرۆك وەزیرانێك كە بووە هۆكاری سەرەكیی ئەو كێشە و ئاڵۆزییەی كە دروست بوو. چونكە ئەگەر پارتی و یەكێتیش بگەیشتنایەتە ڕێككەوتن و سەرۆك كۆماریش هەڵبژێردرایە، كێشەكە هەروەكو خۆی دەبوو، لەبەر ئەوەی ماڵی شیعە لەسەر دانانی سەرۆك وەزیران كێشە و ناكۆكییان هەیە، كە ئاشكرایە لە دوای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار ئەوە سەرۆك كۆمارە كە كەسێك ڕادەسپێرێت بۆ پێكهێنانی حكومەت. ئەوە بوو ماڵی شیعە و لایەنەكانیان لەسەر ئەو كەسە بۆ سەرۆك وەزیران نەگەیشتنە ڕێككەوتن و كێشەكە هەر وەك خۆی بە ئاڵۆزی و چەقبەستوویی ماوەتەوە، هەر ئەمەش وای كرد كە بەداخەوە سەید موقتەدا سەدر ڕایگەیاند كە كوتلەكەی لە پرۆسەكە دەكشێنەوە، بەمەش 73 ئەندامی فراكسیۆنەكەی موقتەدا سەدر دەستلەكاركێشانەوەی خۆیان ڕاگەیاند. ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان و وەك جەنابی سەرۆك بارزانی ئاماژەی پێ دا، ڕێز لەو بۆچوون و هەڵوێستەی موقتەدا سەدر دەگرین، ئێستاش لە هەوڵداین بۆ ئەوەی پرۆسەی سیاسی لە عێراق ڕاست بكرێتەوە و، سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرێت و حكومەت پێكبهێندرێت. بەڵام لەم ڕووەوە دۆخەكە زۆر بۆ دواوە گەڕاوەتەوە و دەتوانرێت بوترێت گەڕاوەتەوە خاڵی سەرەتا. چونكە جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان- كە حاكم زاملی بوو لە پشكی سەدر- ئەویش دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەش كردبوو و پەسند كرا، بەمجۆرە پرۆسەكە زیاتر بەرەو ئاراستەیەكی دیكە هەنگاو هەڵدەنێت. بە شێوەیەكی گشتی ئێمە وەك پارتی خۆمان بە شەریكی هەموو لایەنەكانی عێراق دەزانین بۆ بنیادنانی عێراقێكی فیدڕاڵ و ئێمە خۆمان بە بەشێك لە چارەسەر دادەنین بۆ حوكمڕانیی عێراق، هەموو كار و هەوڵەكانیشمان بۆ سەركەوتنی پرۆسەی بنیادنانی عێراقێكی فیدڕاڵیی خاوەن دەستوورە. لەم ڕووەوە هەموو كات دەستپێشخەر بووین بۆ هەر گفتوگۆ و دانیشتن و ڕێككەوتنێك كە لایەنەكان كۆبكاتەوە و لێكیان نزیك بكاتەوە بۆ گەیشتن بە چارەسەری هەر كێشەیەك كە هەبێت. بەڵام كێشەكە ئەوەیە كە ماوە ماوە شاری هەولێر مووشەكباران دەكرێت و تۆمەتی ناڕاست و نادروست بۆ كوردستان درووست دەكەن، ئێمە هیچ كات بێدەنگ نەبووین و ئەو كردەوە نایاسایی و ناڕاستانەمان ئیدانە كردووە و لە بەرامبەریدا هەڵویستی ڕاست و واقیعیمان نواندووە.

 

Top