كێ وانه‌ی پۆلی یه‌كه‌می بنه‌ڕه‌تی ده‌ڵێته‌وه‌ ؟ ئه‌ركی سه‌ختی كارگێڕی قوتابخانه‌ له‌ ده‌ستنیشانكردنی ئه‌و مامۆستایه

كێ وانه‌ی پۆلی یه‌كه‌می بنه‌ڕه‌تی ده‌ڵێته‌وه‌ ؟ ئه‌ركی سه‌ختی كارگێڕی قوتابخانه‌ له‌ ده‌ستنیشانكردنی ئه‌و مامۆستایه

 


پۆلی یه‌كه‌می بنه‌ڕه‌تی بنچینه‌ و سه‌ره‌تای چوونی قوتابییه‌ بۆ قوتابخانه‌، ئه‌و قۆناغه‌ ده‌سپێكیكه‌ بۆ بونیادنانی بناغه‌یه‌كی تۆكمه‌ و به‌هێز بۆ داهاتووی قوتابی، قوتابی دووچاری ترس و دڵه‌ڕاوكێ ده‌بێته‌وه‌ له‌وه‌ی له‌ ماڵ و له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی ده‌چێته‌ ژینگه‌یه‌كی نوێ كه‌ كۆمه‌ڵێك منداڵی دیكه‌ و مامۆستا ده‌بینێت كه‌ پێشتر نه‌یبینیوون و له‌و باره‌ نوێیه‌دا بۆ یه‌كه‌مجار ده‌بێت په‌یوه‌ست بێت به‌ یاسا و ته‌نانه‌ت كاتی نووستن و هه‌ستان و چوون و هاتنه‌وه‌ و یاریكردنیشی گۆڕانی به‌سه‌ردا بێت؛ ئه‌و هه‌ست به‌وه‌ ده‌كا كه‌ ئیتر كه‌وتۆته‌ قۆناغێكی سه‌ختتر. له‌و كاته‌دا منداڵ پێویستی به‌ پشتیوانی و ده‌ستگرتن و هاوكاری قوتابخانه‌ و باوانیشی ده‌بێت تاكو بتوانێت له‌گه‌ڵ ئه‌م گۆڕانكارییه‌ نوێیه‌دا له‌ ترس و نیگه‌رانی رزگاری ببێت و خۆی بگونجێنێت و تێیدا سوودمه‌ندیش ببێت. ، بۆیه‌ پێویسته‌ مامۆستا كه‌شوهه‌وایه‌كی گونجاو و له‌بار دروست بكات سه‌رنجی قوتابی رابكێشێت كه‌ قوتابخانه هاوشێوه‌ی ماڵ چێژبه‌خشه‌ و قوتابیان و مامۆستاكان وه‌كو باوك و برا و هاوڕێی ئه‌ون و جێی مه‌ترسی نین بۆ ئه‌و، لێره‌دا مامۆستا ئه‌ركێكی قورسی له‌ئه‌ستۆیه‌ و ئه‌ركی قوتابخانه‌ش له‌و قورستره‌ كه‌وا كامه‌ مامۆستا بۆ پۆلی یه‌كه‌م دیاری ده‌كات كه‌ ئه‌و توانا و خه‌سڵه‌تانه‌ی هه‌بیت و خاوه‌نی ئه‌زموون و كارامه‌یی بێن و له‌ ئاست ئه‌و به‌رپرسیاریه‌تییه‌ گه‌وه‌ره‌یه‌دا بێت.
دڵسۆزی و توانای به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌ له‌ ده‌ستنیشانكردنی مامۆستا بۆ وتنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كانی پۆلی یه‌كه‌می بنه‌ڕه‌تی له‌سه‌ر بنچینه‌ی ئه‌وه‌ بێت كه‌ مامۆستاكه‌ كه‌سێكی هێمن و له‌سه‌رخۆ و ئارامگر بێت و به‌ سه‌لیقه‌ و دڵسۆز بێت و پیشه‌كه‌ی خۆش بوێت و گرینگی به‌ بواری په‌روه‌رده و فێركردن بدات.
پێویسته‌ وه‌ك هاوڕێ و كه‌سی قوتابی هه‌ڵسوكه‌وتیان له‌گه‌ڵدا بكات و به‌كرداری جوان و قسه‌ی خۆش سه‌رنجی قوتابیان بۆ لای خۆی رابكێشێت تا قوتابی هه‌ست به‌وه‌ بكا كه‌ هاتووه‌ته‌ ژینگه‌یه‌كی له‌بار و گونجاو بۆ په‌روه‌رده‌ و فێركردن. هه‌ست به‌وه‌ بكا كه‌ مامۆستاكه‌ی وه‌ك كه‌سی خۆی وایه‌، دڵسۆزیی و خه‌مخۆریی خۆی به‌ وته‌ی شیرین و خۆش و به‌ كرداری په‌روه‌رده‌یی و په‌یڕه‌وكردنی رێگاكانی وانه‌ وتنه‌وه‌. سه‌رنج و هه‌ستی قوتابیان بۆ لای خۆی راكێشێت و هیچكات قوتابی رووشكێن نه‌كات، هه‌میشه‌ هانده‌ر و پاڵپشت بێت بۆیان و زیاتر له‌ قوتابیانه‌ نزیك ببێته‌وه‌ كه‌ له‌وانی دی ئاستیان لاوازتره‌، له‌كاتی نووسین و ده‌ربڕیندا هاوكاریان بكات و هانیان بدا.
بۆیه‌ ئه‌گه‌ر مامۆستا وا بكات قوتابی به‌ كه‌سی خۆی داده‌نێت و زیاتر گوێی بۆ ده‌گرێت و لێی فێر ده‌بێت و له‌ قوتابخانه‌ بێزار نابێت، شاره‌زایی و خاوه‌ن ئه‌زموونی مامۆستا هه‌رچه‌ند بێت پێویسته‌ به‌رده‌وام سه‌ردانی مامۆستای دیكه‌ بكات بۆ بینینی له‌كاتی وانه‌گوتنه‌وه‌دا بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر كه‌ڵك له‌ شاره‌زایی وه‌رگرێت.
مامۆستا ئه‌ركێكی ویژدانی ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر تاكو بۆ داهاتوو نه‌وه‌یه‌كی تێگه‌یشتوو و پێگه‌یشتوو ئاماده‌ بكا، بۆیه‌ ده‌بێت هه‌موو تواناكانی خۆی بخاته‌ گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترینی قوتابیان لێی فێر بن و لێی تێبگه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باشترین و راستترین هه‌ڵسه‌نگێنه‌ری مامۆستا قوتابییه‌ نه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ر و سه‌رپه‌رشتیار و به‌رپرسانی په‌روه‌رده‌یی، جیا له‌ ئه‌ركی فێركردن كه كاری سه‌ره‌كی مامۆستایه‌، له‌هه‌مان كاتدا ره‌چاوی لایه‌نی مرۆڤیی بكات به‌رامبه‌ر به‌ قوتابییه‌كان و هیچكات بیر له‌و بڕوایه‌دا نه‌بێت كه‌ ئه‌وانه‌ی له‌به‌رده‌میدان منداڵن و هیچ نازانن و ده‌رك به‌هیچ ناكه‌ن، پێویسته‌ زۆر وریای هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی بێت و هه‌ر ره‌فتارێك كه‌ بینوێنێت هه‌وڵ بدات وه‌كو په‌ند و وانه‌یه‌ك بێت بۆ قوتابییه‌كانی و ته‌نانه‌ت به‌ درێژایی ته‌مه‌نییان له‌گه‌ڵیاندا بمێنێته‌وه‌ و بتوانن كه‌سایه‌تی خۆیان له‌سه‌ر بنه‌مای ئامۆژگاری و گوته‌ و بیره‌وه‌رییه‌كانیدا هه‌ڵچنن. هه‌رگیز له‌بیرم ناچێت كه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی ساڵانی نه‌وه‌ت مامۆستای پۆلی یه‌ك بووم، له‌و پۆله‌دا قوتابییه‌ك هه‌بوو له‌ڕووی تێگه‌یشتن و فێربوونه‌وه‌ باش نه‌بوو... سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی زۆرم هه‌وڵ له‌گه‌ڵی ده‌دا كه‌چی نه‌گه‌یشته‌ ئه‌و ئاسته‌ی كه‌ بۆ پۆلی دوو ده‌رچێت. رۆژێكیان به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌ داوای لێكردم بۆ پۆلی دووه‌م ده‌ریچوێنم و منیش پێمگۆت كه‌وا ئاستی لاوازه‌، به‌ڵام به‌ڕێوه‌به‌ر گوتی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌ ساڵی سێیه‌‌میتی له‌و پۆله‌یه‌ بۆیه‌ تاكو به‌یه‌كجاری له‌ قوتابخانه‌ شكست نه‌هێنێت وا پێی باشه‌ ده‌رچێت. ئه‌وه‌ بوو بڕوام به‌ قسه‌كانی هات و قوتابییه‌كه‌ گه‌یشته‌ پۆلی دوو، له‌ ده‌سپێكی ساڵی نوێی خوێندن چوومه‌ پۆلی دوو قوتابییه‌ك ده‌ستی به‌رز كرده‌وه‌ و پێی گوتم: (مامۆستا ته‌واو من چیتر ده‌رسه‌كانم ناخوێنم و ئه‌ركه‌كانیشم ئاماده‌ ناكه‌م، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی فلانه‌ قوتابییه‌ نه‌یده‌خوێند و وه‌كو ئێمه‌ ناجیح بوو... ئێستا هاوپۆلمانه‌)!؟ زانیم مه‌به‌ستی كامه‌ قوتابییه‌، پێمگۆت: (ئه‌و هاوڕێی ئێوه‌یه‌ و سێیه‌م ساڵی بوو له‌ پۆلی یه‌ك، ئاخۆ ئێوه‌ به‌وه‌ رازی نین كه‌ ده‌رفه‌تێكی دیكه‌مان پێی دا تاكو له‌ قوتابخانه‌ بمێنێته‌وه‌ و به‌ ته‌واوی له‌ خوێندن دانه‌بڕێت؟) دواجار قوتابییه‌كه‌ش گه‌یشته‌ ئه‌و بڕوایه‌ی كه‌ كارێكی خراپمان نه‌كردووه‌ له‌وه‌ی هه‌لی درێژه‌دان به‌ خوێندمان بۆ ئه‌و قوتابییه‌ ره‌خساند.
ژماره‌ی زۆری قوتابی له‌ پۆل كاریگه‌ری له‌سه‌ر رێژه‌ی به‌شداریكردنی قوتابیان هه‌یه‌ له‌ چالاكی ناو پۆل، لێره‌دا پێویسته‌ مامۆستا ره‌چاوی ئه‌و قوتابییانه‌ بكات كه‌ ئاستیان لاوازه‌ و هه‌وڵی زیاتریان له‌گه‌ڵ بدا و هانده‌ریان بێت و هه‌میشه‌ به‌ هاندان پادداشتی قوتابیان بداته‌وه‌ تاكو قوتابیانی دیكه‌ش چاوی لێكه‌ن و ئاستی زانستیان به‌رزتر بكه‌نه‌وه‌ له‌نێو قوتابیاندا پێشبڕكێ دروست بێت.
هێمنی و له‌سه‌رخۆیی مامۆستا كاریگه‌ری له‌سه‌ر داهاتووی قوتابی ده‌بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی قوتابی هه‌میشه‌ لاسایی مامۆستا ده‌كاته‌وه‌ و رادده‌ی هوشیاری و دووربینی مامۆستا له‌وه‌دایه‌ كه‌ ده‌بێت به‌بێ جیاوازی و به‌ ره‌چاوكردنی جیاوازیی تاكه‌ كه‌سیی به‌شداریی به‌ هه‌موو قوتابیان بكا و هیچ قوتابییه‌ك فه‌رامۆش نه‌كرێت له‌ناو پۆل، هه‌میشه‌ قوتابیان بدوێنێت و لێیان نزیك بێت... به‌شدارییان پێ بكات له‌هه‌موو چالاكییه‌كی ناوپۆل و ئه‌وانه‌ی كه‌ ناتوانن هه‌ستیان ده‌رببڕن كارئاسانیان بۆ بكات و هانیان بدا تا ئه‌وانیش متمانه‌یان له‌لا دروست بێت و هه‌وڵی خۆیان زیاتر بخه‌نه‌ گه‌ڕ.


*به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی خه‌بات.

 

مه‌عروف حه‌مه‌د سه‌عید*

Top