دكتۆر دیندار زێباری ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان: پەسندكردنی پلانی هەرێمی كوردستان بۆ مافەكانی مرۆڤ دەستكەوتێكی گرنگی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمە
هەوڵەكانی بە دیكیۆمێنتكردنی بەڵگەی تاوانەكانی داعش و ڕۆڵی هەرێم لە پرۆسەی بەجینۆساید ناساندنی تاوانەكانی داعش و تاوتوێی بواری مرۆیی و ئەمنی لە شنگال و، ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچەكانی ماددەی (١٤٠) و چەند تەوەرێكی پەیوەندیدار ناوەرۆكی دیداری گۆڤاری گوڵان بوون لەگەڵ دكتۆر دیندار زێباری ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان، لێرەدا پوختەی وەڵامەكانی بڵاو دەكەینەوە.
* سەرەتا با لە پرسی چاكسازی و پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤەوە دەست پێ بكەین، لە نیویۆرك لەگەڵ چەند بەرپرسێكی باڵا كۆبوونەوە، دەكرێت بزانین لەو دانیشتنانەدا بۆچوونی ئەوان لەسەر ئەم پرسانە چی بووە؟
- هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پابەندبوون بە پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤ، جێگەی گرنگیدانی لایەنە نێودەوڵەتییەكان و ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانە، لە نیویۆرك لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەگەڵ ژمارەیەك باڵیۆز و بەرپرسانی UN كۆبووینەوە، ئەوان بە گرنگییەوە دەڕواننە پرسی چاكسازی و مافی مرۆڤ، ئاشكرایە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەم پرۆسەیەدا لە زۆر بواردا هەنگاوی باشی بڕیوە.
لە نیویۆرك لەگەڵ باڵیۆز ڕیچارد میلز جێگری نوێنەری هەمیشەیی ئەمریكا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و ئەلیز ندریتۆ یاریدەدەری سكرتێری گشتیی UN بۆ نەهێشتنی جینۆساید، باسمان لە پرۆسەی چاكسازی كرد، بەتایبەتی بۆ یەكگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە و ڕێكخستنی داهات و خەرجییەكان، گرنگە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ڕۆڵی زیاتری هەبێت لە هاوكاریكردنی هەرێم و عێراق لە چەندین بواردا، بەتایبەتی لە بواری مافەكانی مرۆڤ و بە جینۆساید ناساندنی تاوانەكانی داعش.
* باسی تاوانەكانی داعشت كرد، هەڵبەتە ئەم پرسە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی مشتومڕێكی زۆری لەسەرە، دەكرێت بزانین دۆسێی پلانی هەرێم بۆ مافەكانی مرۆڤ و ناساندنی تاوانەكانی داعش بەكوێ گەیشتووە؟
- بە ڕابەرایەتیی سەرۆك مسعود بارزانی حكومەتی هەرێم و هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شەڕی داعش و تیرۆریستاندا ڕۆڵێكی كارا و سەرەكیی لە پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیان و قەوارەی كوردستان هەبووە، بەداخەوە لەو شەڕەدا داعش بە هاوكاریی خەڵكی شۆڤێنی و كەسانی دژ بە كورد و كوردستانییان، كۆمەڵكوژیی گەورەیان دەرهەق بە كوردانی ئێزدی و گشت پێكهاتەكان كرد و، ماڵ و موڵكیان تاڵان كرا و، ئاوارە و دەربەدەر بوون و، بە دڕندەترین شێوە ڕفێندران، حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ هاوكاریكردنی هاووڵاتیانی سڤیلی ئەو ناوچانە پێشوازیی لە ئاوارەكان كرد كە تا ئێستا بەشێكی زۆریان لە كوردستان ماون، جگە لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بۆ ئاوارە و پەنابەران، نووسینگەیەكیش بۆ ڕزگاركردنی ڕفێندراوەكان پێك هێنرا، بۆ كۆكردنەوەی بەڵگە بە مەبەستی بە جینۆساید ناساندنی تاوانەكانی داعش لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، لەو شەڕەی هێزەكانی پێشمەرگە دژی داعش كە بۆ پاراستنی كوردستان و پێكهاتەكانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ڕووی دا، هێزی پێشمەرگەی كوردستان نزیكەی (١٨٠٠) شەهید و(١٠٣٦٩) بریندار و (٤٧) پێشمەرگەی بێسەروشوێنبوومان هەبوو.
لە نیویۆرك لەگەڵ جێگری نێردەی هەمیشەیی ئەمریكا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە وردی باسی لێكۆڵینەوەكان و بەڵگەكان كرا، كە حكومەتی هەرێمی كوردستان كاری جددی لەسەر كردوون و پێشكەش بە «یونیتاد» كراوە، كە دەیان هەزار بەڵگە لەخۆ دەگرێت، سەرۆكی پێشووی تیمی یونیتاد كەریم ئەحمەد خان پشتگیریی پڕۆژە یاسایەكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد لە سالی ٢٠٢١ كە بۆ پەرلەمان بەرز كرایەوە، بۆ دامەزراندنی دادگایەكی تایبەتمەند بۆ دادگاییكردنی تیرۆریستانی داعش، لەسەر هەموو ئەو تاوانە نێودەوڵەتییانەی كە ئەنجامیان داون، بەداخەوە دادگای باڵای ئیتحادی پڕۆژە یاساكەی ڕەت كردەوە، ئەمەش پێشینەیەكی نوێیە بڕیار لەسەر ڕەتكردنەوەی پڕۆژە یاسایەك بدرێت، كە هێشتا نەبووەتە بڕیار و لە پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر دەكرێت، هەروەها دادگا لە بڕیارەكەی پشتی بە چەند ڕاپۆرتی ڕۆژنامەوانی بەستووە، لەم ڕوانگەیەوە جەخت لەسەر ڕۆڵی زیاتری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەكەینەوە، چونكە تاوانەكانی داعش دەچێتە چوارچێوەی كۆمەڵكوژی، تاوانی جەنگ و دژی مرۆڤایەتی. لەم ڕووەوە لە دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێم (5170) دۆسێ تۆمار كراون، لەوانە زیاتر لە (2324) دۆسیە لە دادگاكان تەواو كراون و (20000) تا ئێستا لەژێر لێكۆڵینەوەدان، هەروەها (2916) دۆسێ بە بێسەروشوێن تۆمار كراون و زیاتر لە (73912) لاپەڕەی ئەو تاوانانە ئەرشیف كراون.
* هەر سەبارەت بە كۆمەڵكوژی و ئاوارەكانی كوردانی ئێزدی، دەكرێت بزانین چی كراوە بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەكان و جێبەجێكردنی ڕێككەوتنامەی شنگال لە نێوان هەرێم و حكومەتی عێراقدا؟
- ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچەكانی ماددەی (١٤٠) بە شنگالیشەوە، گرنگیی خۆی هەیە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان، هەر خۆی لە خۆیدا ڕێككەوتنەكە بە سەرپەرشتی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ هاوكاریی عێراق (یۆنامی) لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی ئیتحادی واژۆ كراوە، بەڵام لەبەر بوونی میلیشیاتی چەكداری و هێزی دەرەكی، لەوانەش پەكەكە تا ئێستا ڕێككەوتننامەی شنگال جێبەجێ نەكراوە، بە تەئكید دۆخی ئاڵۆزی ئەم ناوچانە وادەخوازێت هەموو ئەم لایەنانە بە ئەركی سەرشانی خۆیان هەڵسن و كۆتایی بە مەینەتییەكانی ئاوارەكان بە تایبەتی كوردانی ئێزدی بهێنرێت، لە ناوچەیەكی نائارام و ناسەقامگیر و بوونی دەیان گرووپی چەكداری و میلیشیات و هێزی چەكداری دەرەكی، چۆن گەشە بونیات دەنرێت و لە غیابی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكاندا چۆن ژیان لەوێ گوزەر دەكات؟ دەبێت نەتەوە یەكگرتووەكان و هاوپەیمانەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە ئەركی خۆیان لەم دەڤەرە هەستیارە هەڵسن.
* لە دیدارەكانتاندا لە نیویۆرك باستان لە هەوڵەكانی نەهێشتنی مەترسیی تیرۆر كردەوە، بۆچوونی ئەوان لەم بارەوە چۆن بوو؟
- هەرێمی كوردستان باجی زۆری داوە لە پێشێلكاریی دژی مرۆڤایەتی، ئەنفال و كیمیاباران و وێرانكردنی گوندەكان و ڕاگواستنەوەی بەزۆرەملێی خەڵكەكەی و، دواتر هەموو تاوانەكانی ئەلقاعیدە و داعش نموونەی بەرچاوی ئەم پێشێلكارییانەن، كە دەچێتە قاڵبی كۆمەڵكوژی و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ، ئێمە لەم هەرێمە ئازاد و دادپەروەرەدا كە هەموو ئایین و ئایینزا و نەتەوەكان ئازادانە دەژین، پێویستیمان بە پاڵپشتی و پشتگیریی نێودەوڵەتی هەیە، هەرێمی كوردستان لە سایەی سەرۆك بارزانی بووەتە پێگەیەكی ئارام و سەقامگیری وا، كە هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزایەك لێرە ئازادانە دەژین، لەسەر ئەم پرسە لە كۆبوونەوەمان لەگەڵ ئانا ئیزار سەرۆكی یەكەی قوربانیانی تیرۆر لە سەنتەری نەهێشتنی تیرۆر سەر بە UN تەئكیدمان لەسەر چەند پرسێكی تایبەت بە كۆمەڵكوژی و تاوانەكانی دەرهەق بە كورد و كوردستانییەكان كردەوە، كە بە خۆشحاڵییەوە هەرێم یاسای دژە تیرۆری دەركرد و پرەنسیپە نێودەوڵەتییەكان ڕەچاو دەكات، وەكو هەڵپەساردنی سزای لەسێدارەدان.
* سەبارەت بە كولتووری پێكەوەژیان و لێبووردەیی كە هەرێمی كوردستان پێی ناسراوە، تا چەند كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەم بارودۆخە ئاگادارن، بەتایبەتی پاراستنی مافەكانی مرۆڤ؟
- یەكێك لە دەستكەوتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بواری پاراستنی مافی مرۆڤ و ئازادییەكان، پەسەندكردنی پلانی هەرێمی كوردستانە بۆ مافەكانی مرۆڤ كە لە لایەن سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە واژۆی لەسەر كراوە، ئەمەش نیشانەی گرنگیدانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانە بە پاراستنی پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤ، ئەم پلانە گشتگیرە و ڕێكخراوەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و ئاژانسەكانی و نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق (یۆنامی) لە جێبەجێكردنی بەشدارن، پلانەكە چەند تەوەرێكی گرنگ لەخۆ دەگرێت لەوانە: نەهێشتنی ئەشكەنجەدان و نەهێشتنی بازرگانیكردن بە مرۆڤ و ئازادیی ڕۆژنامەوانی و ڕادەربڕین و جینۆساید و تاوانە نێودەوڵەتییەكان، داواشمان كردووە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشدارییەكی كارای هەبێت لە كۆنفرانس و كۆبوونەوە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە جینۆساید، چونكە كورد و كوردستانییان قوربانییەكی ڕاستەوخۆی كۆمەڵكوژی و تاوانەكانی جەنگن.
* سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دانیشتنەكەیدا لەگەڵ ژمارەیەك لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن باسی لە هەستیاری و مەترسییەكانی سەر هەرێمی كوردستانی كرد، دەكرێت بزانین تاچەند هەرێمی كوردستان پارێزراوە و، ئایا زیاتر چ هەڕەشەیەكی لەسەرە؟
- تا عێراق و هەرێمی كوردستان پێكەوە دەست بە دانوستان وگفتوگۆكانیان نەكەن لە بارەی چارەنووسی ناوچەكانی ماددەی (١٤٠)ی دەستوور و، دۆخی ناوچەكانی دیكەی سووریا و عێراق سەقامگیر نەبێت، كاریگەرییە خراپەكانی تیرۆر لەسەر ئێمە هەر دەمێنێت، تەنانەت ڕۆكێت و مووشەكبارانكردنی هەرێمی كوردستان لەلایەن گرووپە چەكدارەكانەوە هەڕەشەیەكی جددییە و دەبێت ئەنجومەنی ئاسایش سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان بێتە سەر هێڵ، جێبەجێ نەكردنی ماددەی 140 دەستووری فەراغێكی ئەمنی لێكەوتووەتەوە كە بە درێژایی ئەم ناوچانە تیرۆریستان كردەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن، بە بێ بوونی هێزی هاوبەشی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق هەرگیز ناوچەكانی ماددەی 140 سەقامگیر نابێت و تیرۆرستان سوود لەو بۆشاییە ئەمنییە وەردەگرن.
ئەوەی تا ئێستا ڕێگر بووە لە هێرش و مەترسیی زیاتری دەرەكی، سەقامگیریی دۆخی سیاسی و پاراستنی ئەمنییەت و كوكردنەوەی هێزە سیاسییەكانە لە هەرێمی كوردستان، ئێمە لەگەڵ ئەكسڵ وینمان بەرپرسی باڵای كاروباری سیاسی و سەرۆكی تیمی عێراق لە بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژئاوای ئاسیا، باسی چەند پرسێكی گرنگی هەرێمی كوردستانمان كرد، ناوبراو ستایشی ڕۆڵی سەركردایەتیی سیاسیی هەرێمی كوردستانی كرد، بەتایبەتی كۆكردنەوەی لایەنە سیاسییەكان و یەكخستنی هەڵوێستیان و نەهێشتنی ئاستەنگەكانی بەردەم پرۆسەی سیاسیی هەرێم و بابەتی هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێم.