دڵەكزێ لەكاتی مەشقی وەرزشیدا
ئەوە روونە كە مەشقی وەرزشی سوودی تەندروستیی زۆری هەیە، بەڵام یەكێكە لە هۆكارەكانی دڵەكزێ لەكاتی یان لەپاش مەشقی وەرزشی، بەتایبەتی لەكاتی ئەنجامدانی مەشقی توند، كە هاندەرە بۆ گەڕانەوەی ترشەڵۆكی گەدە Acid reflux بۆ بەشی خوارەوەی سوورێنچك و هەڵكشانی تا دەگاتە قوڕگ. هەنگاوەكانی خۆپاراستن و كەمكردنەوەی دڵەكزێ لەكاتی مەشقی وەرزشیدا: دووركەوتنەوە لە مەشقی وەرزشی پێش تێپەڕبوونی دوو كاتژمێر بەسەر ژەمی خۆراكدا، بەتایبەتی ژەمی قورس، دووركەوتنەوە لە مەشقی توند، خواردنەوەی بڕی باشی ئاو لەكاتی مەشقی وەرزشیدا، دووركەوتنەوە لە خواردنەوەی شلەمەنییە كافائینییەكانی وەك قاوە و چای و كاكاو پێش ئەنجامدانی مەشقی وەرزشی، جوینی بنێشت، چونكە یارمەتیدەرە بۆ كەمبوونەوەی ترشەڵۆكی گەدە لە رێگەی هاندانی دەردانی زیاتری لیك، كە كەمێك ترشێتیی ناو گەدە هاوسەنگ دەكاتەوە، دووركەوتنەوە لە چەند خۆراكێك پێش مەشقی وەرزشی وەكو شوكولاتە، میوە و شیرەی میوەی مزر، خۆراكی تیژ و چەور. ئەگەر بەردەوام لەكاتی مەشقی وەرزشیدا دوچاری دڵەكزێ ببیتەوە، ئەوا پێویستە كە دەرمانی تایبەت بە رێنمایی دكتۆر وەربگریت پێش دەستپێكی مەشقی وەرزشی.