هۆگر عه‌زیز گه‌ڵاڵی وته‌بێژی پۆلیسی پارێزگای هه‌ولێر بۆ گوڵان: سه‌قامگیریی پایته‌خت به‌رهه‌می هه‌ماهه‌نگیی پۆلیس و ئاسایش و زێره‌ڤانی و دژه تیرۆره
ئاشكرایه كه ده‌سته‌به‌ركردن و پاراستنی ئاسایشی و ئارامیی هه‌ولێر بۆ هه‌وڵ و كۆششی لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا حاڵه‌تی كوشتن و تاوان و به‌كارهێنانی مادده هۆشبه‌ره‌كان به‌دی ده‌كرێت. پرسی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌م تاوانانه و ئه‌و ڕێكارانه‌ی له‌م ڕووه‌وه ده‌گیردرێنه‌به‌ر و چه‌ند بابه‌تێكی دیكه‌ی په‌یوه‌ندیدار، بوونه ته‌وه‌ری دیمانه‌یه‌كی گۆڤاری گوڵان له‌گه‌ڵ موقه‌ده‌می ماڤپه‌روه‌ر هۆگر عه‌زیز گه‌ڵاڵی وته‌بێژی پۆلیسی پارێزگای هه‌ولێر.
• ئاشكرایه كه هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان شارێكی هێمن و سه‌قامگیر و ئاسایشی تێدا بهرقههراره، كه ئه‌مه‌ش بۆ چاوكراوه‌یی و به‌دواداچوونی به‌رده‌وام و وردی هێزه‌كانی ناوخۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئه‌گه‌رچی ڕۆژانه، یان ماوه‌ماوه گوێبیست ده‌بین خه‌ڵك و هاووڵاتیان له هه‌ولێر و سنووری پارێزگاكه ده‌كوژرێن، ئه‌مه بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟ ئایا هه‌وڵه‌كانی پۆلیس له‌م ڕووه‌وه چییه و پێویسته چی بكرێت؟
- ئه‌و ئارامی و سه‌قامگیرییه ئه‌منییه‌ی كه له هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و په‌یوه‌ندی و هه‌ماهه‌نگییه پته‌وه‌ی كه له نێوان لایه‌ن و ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی شاره‌كه هه‌یه، وه‌ك پۆلیس و ئاسایش و زێره‌ڤانی و دژه تیرۆر. ئه‌و هه‌ماهه‌نگی و په‌یوه‌ندییه‌ش وای كردووه كه جگه له به‌رقه‌راربوونی هێمنی و ئاسایش، مافی یاسایی هیچ كه‌سێكیش نه‌فه‌وتێت، و هه‌ر كه‌سێك داوای یاسایی تۆمار بكات، ده‌موده‌ست ڕێڕه‌وی یاسایی و به‌دواداچوونی ورد ده‌گرینه‌به‌ر، بۆ ئه‌وه‌ی به ئه‌نجامه‌كانی یاسایی دۆسییه‌كان بگه‌ین و تۆمه‌تبار ده‌ستگیر بكه‌ین و هه‌قی تاوانلێكراو وه‌ربگیردرێته‌وه، ئه‌مه ئه‌رك و كاری سه‌رشانی ئێمه‌یه كه ده‌بێت كه‌مته‌رخه‌میی لێ نه‌كه‌ین تا ده‌گه‌ینه ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی، ئه‌م كاره به‌رده‌وام و چاوكراوهییهى لایه‌نه ئه‌منییه‌كانیش وای كردووه كه ئاسایش و هێمنی به‌رقه‌رار بێت. ڕاسته لێره‌و له‌وێ باس له ڕووداو و دیارده‌ی كوشتن ده‌كرێت، به‌ڵام ده‌بێت بزانین ئێستا ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن وه‌كو پێشتر نییه، چونكه جگه له ڕادیۆ و تیڤییه‌كان، سۆشیال میدیاش ڕۆڵێكی گه‌وره و پانتاییه‌كی زۆر به‌ربڵاوی هه‌یه و له‌گه‌ڵ هه‌ر ڕووداوێكدا هه‌موو هه‌رێمی كوردستان و جیهان ئه‌و هه‌واڵه ده‌بیستن و هه‌ر كه‌سێك له‌سه‌ر ئه‌و جۆره هه‌واڵانه لای خۆیه‌وه له ئه‌كاونت و فه‌یسبووكی خۆی هه‌واڵه‌كه بڵاو ده‌كاته‌وه، كه زۆر جار وا ڕوو ده‌دات، خه‌ڵك و هاووڵاتیان تووشی ترس و دڵه‌ڕاوكێ ده‌بن، به‌ڵام له‌و كات و حاڵه‌تانه‌شدا گرنگترین كار ئه‌وه‌یه كه ده‌زگا ئه‌منییه‌كان ئه‌و تۆمه‌تبار و كه‌سانه ده‌ستگیر بكات و بیانخاته به‌رده‌می لێكۆڵینه‌وه و یاسا. لێره‌وه من ده‌مه‌وێت ئاماژه به خاڵێكی زۆر گرنگ بكه‌م، كه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه له ساڵی ڕابردوو 78كه‌س كوژراون( پیاو و ئافره‌ت)، كه ئه‌م ژماره‌یه له چاو وڵاتانی جیهاندا ڕێژه‌یه‌كی زۆر كه‌مه، ئه‌گه‌رچی ده‌زانین دانیشتووانی شاری هه‌ولێر به ڕۆژ زیاتره له دوو ملیۆن كه‌س و شه‌ویش نزیكه‌ى دوو ملیۆن كه‌سن، ئه‌م قه‌ره‌باڵغی و زیادبوونی دانیشتووانه‌ی شاری هه‌ولێر، بۆ ئه‌وه‌یه كه خه‌ڵكی شاره‌كانی دیكه‌ی عێراق و تا ڕادده‌یه‌ك شاره‌كانی هه‌رێمیش بۆ كار و نیشته‌جێبوون دێنه هه‌ولێر، سه‌ره‌ڕای سه‌ردان و گه‌شتیاران كه ڕۆژ له دوای ڕۆژ له زیادبووندایه، ئه‌وانه وای كردووه شاره‌كه قه‌ره‌باڵغ بێت، شاری هه‌ولێر به هۆی سه‌قامگیری و هه‌بوونی هه‌لی كار تا ڕادده‌یه‌ك شارێكى زیندووه و جموجووڵى تێدا 24 كاتژمێره و له شه‌و و ڕۆژدا به‌رده‌وامه. لێره‌وه ده‌مه‌وێت ئه‌وه بڵێم كه هۆكاری حاڵه‌تی كوشتن و هه‌موو ئه‌و كێشانه‌ی دیكه، كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و خێزانین و هیچ حاڵه‌تێكیان سیاسی و هۆكاری دیكه‌ی له پشت نییه، چونكه سه‌قامگیرییه‌كی به‌رده‌وامی سیاسی له ناو شاری هه‌ولێردا هه‌یه و هیچ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌ك له ناو شاری هه‌ولێر، له نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كان نه‌ك هه‌ر نییه، به‌ڵكو هه‌ستیشى پێ ناكرێت. له هه‌موو ئه‌و حاڵه‌تی كوشتنانهی ساڵی ڕابردووش كه ئاماژه‌م پێ كرد، ئه‌وا ئێمه وه‌ك ده‌زگا ئه‌منییه‌كان توانیومانه 75 حاڵه‌ت ڕێڕه‌وی یاسایی بۆ ته‌واو بكه‌ین و تۆمه‌تبار لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت و دۆسیه‌كان بگه‌نه به‌رده‌می یاسا و دادگا، واته زیاتر له 90%ی كێشه‌كان گه‌یشتوونه‌ته كۆتایی. بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی حاڵه‌تی ڕووداوی كوشتن، ئێمه وه‌ك ده‌زگا ئه‌منییه‌كان ڕێگری له هه‌ڵگرتنى چه‌ك ده‌كه‌ین، به تایبه‌تی له شوێنه گشتییه‌كان، ئه‌گه‌ر ئێستا بڕوانین زۆر به ده‌گمه‌ن كه‌سێك هه‌یه له ناو شار و گه‌ڕه‌كه‌كاندا چه‌كی پێ بێت و، له هه‌ر شوێنێك ده‌زگا ئه‌منییه‌كان یه‌كێك به چه‌كه‌وه ببینن ده‌ستگیری ده‌كه‌ن، ئێستاش جار به جار هه‌ڵمه‌تی پشكنین و به‌دواگه‌ڕان ئه‌نجام ده‌درێت، بۆ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی چه‌كی بێ مۆڵه‌ت، له هه‌مان كاتدا ڕێكاره‌كانی پێدانی مۆڵه‌تی هه‌ڵگرتنی چه‌كیش له‌م كابینه‌ی حكومه‌ت به بڕیاری وه‌زیری ناوخۆ زۆر توند كراوه و، مۆڵه‌تی چه‌كهه‌ڵگرتن به فلته‌ری زۆر و هه‌ستیار و یاساییدا تێپه‌ڕ ده‌بێت، چونكه هه‌ر كه‌سێك پێشینه‌ی تاوانی هه‌بێت، یان كێشه‌ی ده‌روونی و كه‌سیی هه‌بێت و زۆر حاڵه‌تی دیكه ئه‌و كه‌سانه مۆڵه‌تی چه‌كیان پێ نادرێت.
• سه‌ره‌ڕای ئه‌و ئاسایش و هێمنییه‌ی له هه‌ولێر هه‌یه، ماوه‌یه‌كه لێره و له‌وێ گوێبیستی دزیكردن ده‌بین، ئه‌مانه كێن و بۆچی وا ده‌كه‌ن و چیتان له‌و باره‌یه‌وه كردووه؟
- چه‌ند تاوانێك هه‌یه له وڵاتانی جیهان به‌رده‌وام هه‌یه و بنبڕیش ناكرێت، به‌ڵام ئه‌و تاونانه ده‌توانرێت له دیارده‌وه بكرێته‌وه حاڵه‌ت، وه‌كو دزیكردن و ساخته‌كاری و فێڵكردن و كوشتن، ده‌كرێت هه‌موو ئه‌م تاوانانه له دیارده‌وه بكرێته‌وه بهحاڵهت و، ئه‌و دزییه گه‌ورانه‌ی له شاری هه‌ولێر ڕووی داوه، كه هه‌ندێكیان دزیی گه‌وره‌ن له بردنی ماڵ و پاره و زێڕ، ئه‌و حاڵه‌تانه‌ش زۆ به كه‌می و ده‌گمه‌ن ڕوو ده‌ده‌ن، به‌ڵام حاڵه‌تی دزیی بچووك هه‌یه وه‌ك دزینی ماتۆرسكیل و جانتای پاره‌ی ئافره‌تان و بوتڵه غاز، ئه‌م جۆره دزییانه پاش ئه‌وه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌سه‌ر كراوه و تۆمه‌تباره‌كان ده‌ستگیر كراون، ده‌ركه‌وتووه كه زۆربه‌ی زۆریان هه‌ڵگر و به‌كارهێنه‌ری مادده‌ی هۆشبه‌رن و ئه‌و دزییانه‌ی كردوویانه، زۆربه‌یان بۆ كڕین و به‌كارهێنانی مادده‌ی هۆشبه‌ر بووه. له‌سه‌ر ئه‌م حاڵه‌تانه له1/1/2022تا 1/6/2022 ئه‌وه 1880 تۆمه‌تبار له ناو شاری هه‌ولێر ده‌ستگیر كراون.
• كامێرای چاودێری و به‌تایبه‌تی ئه‌و ژماره كامێرایه‌ی له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له ناو شاری هه‌ولێر دانراون و چاودێریی به‌رده‌وام و چڕی له‌سه‌ره، تا چه‌ند هاوكارن بۆ ده‌زگاكانی ئه‌منی بۆ پێش‌گرتن و كه‌مكردنه‌وه‌ی تاوانه‌كان؟
- زۆربه‌ی زۆری ئه‌و كامێرا چاودێرییانه‌ی دانراون و داده‌نرێن، كارئاسانی ده‌كه‌ن بۆ داموده‌زگا ئه‌منییه‌كان، كه به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان كار و ڕێڕه‌وی لێكوڵینه‌وه یاساییه‌كان ده‌سته‌به‌ر ده‌كه‌ن له‌سه‌ر ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌ی تاوان ئه‌نجام ده‌ده‌ن، واته كامێرا چاودێرییه‌كان بۆ ده‌رخستنی ڕاستی و به‌دواداچوونی ڕووداوه‌كانی هاتوچۆ كاریگه‌ریی خۆیان هه‌یه و، ئه‌و كامێرا چاودێرییانه‌ی له‌لایان حكومه‌ته‌وه دانراون مه‌ركه‌زییه و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان سه‌رپه‌رشتییان ده‌كه‌ن، هاوكات ئه‌و كامێرا چاودێرییانه‌ی له لایه‌ن خه‌ڵك له ماركێت و دووكان و شوێنی كاركردن و ماڵه‌كانیان داده‌نرێن، ئه‌وه له‌لایه‌ن لایه‌نه ئه‌منییه‌كانه‌وه مولزه‌م ده‌كرێن یه‌كێك له كامێرا‌كان ڕووه‌و ده‌ره‌وه و شه‌قامه‌كان بێت، بۆ ئه‌وه‌ی له هه‌ر ڕووداو و تاوانێك بتوانرێت له كاتی به‌دواداچوون و لێكۆڵینه‌وه‌دا سوودیان لێ وه‌ربگیردرێت.
• وه‌ك ده‌زانین هه‌ولێر به‌رده‌وام له گه‌وره‌بوون و زیادبوونی ژماره‌ی دانیشتووانه و، سه‌ره‌ڕای ئه‌و توندوتۆڵی و چاودێرییه چڕه‌ی ده‌زگا ئه‌منییه‌كان، ده‌بینین به‌كارهێنان و بازرگانیكردن به مادده هۆشبه‌ره‌كان له حاڵه‌ته‌وه له ناو شاری هه‌ولێر بووه‌ته دیارده، ئه‌مه بۆچی ده‌گێڕدرێته‌وه و بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌م دیارده مه‌ترسیداره له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان چیتان كردووه؟
- خۆی له‌خۆیدا مادده‌ی هۆشبه‌ر مه‌ترسی و كاره‌ساتێكه هاتووه‌ته ناو میلله‌تی ئێمه و، زۆرجار زیادبوونی ڕادده‌ی تاوانیش هۆكاره‌كه‌ی بۆ مادده‌ی هۆشبه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه، واته ئه‌و كه‌سانه‌ی تاوانی هه‌ندێ دزی ده‌كه‌ن، یان كێشه‌ی خێزانی دروست ده‌كه‌ن، پاش لێكۆڵینه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت بۆ به‌ده‌ستهێنانی بڕێك پاره‌یه كه بتوانێت پێی مادده‌ی هۆشبه‌ر بكڕێت و به‌كاری بهێنێت، ئه‌م كاره‌ش زیاتر په‌یوه‌ندیداره به ئاسایشه‌وه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش به‌كارهێنه‌ری ئه‌و مادده هۆشبه‌رانه ده‌گرین و ده‌خرێنه به‌ر لێكۆڵینه‌وه، پاشان ده‌درێنه دادگا. به‌ڵام وه‌ك هه‌موو ده‌زگا ئه‌منییه‌كان زیاتر جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه ده‌كه‌ینه‌وه و ده‌ستگیریان ده‌كه‌ین كه بازرگانی به مادده هۆشبه‌ره‌كانه‌وه ده‌كه‌ن، كه به قاچاخ له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كانی هه‌رێمی كوردستان مادده هۆشبه‌ره‌كان ده‌هێنن و زۆر كه‌سیشمان له‌و بازرگانانه ده‌ستگیر كردووه. ئه‌و دیارده مه‌ترسیداره‌ش ناتوانرێت به یه‌كجارى بنبڕ بكرێت، به‌ڵكو ماوه‌ی پێویسته. پێش هه‌مووشت ده‌بێت خه‌ڵك له‌سه‌ر مه‌ترسی و كاریگه‌ریی ئه‌و مادده هۆشبه‌رانه ئاگادار و هوشیار بكرێنه‌وه و، بنبڕكردنیشی پێویستی به پلانی درێژخایه‌ن و كورتخایه‌ن هه‌یه، هه‌رێمی كوردستان و عێراقیش پێش چه‌ند ساڵێك زۆر دوور بوون له دیارده‌ى مه‌ترسیدارى مادده‌ی هۆشبه‌ر، به‌ڵام له ڕێگای چه‌ند وڵاتێكی دراوسێوه ئه‌م مه‌ترسی و شه‌ڕه درێژخایه‌نه گه‌یشته كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان، ئێستا وه‌كو ئاماژه‌تان پێ داوه بووه‌ته دیارده‌یه‌كی مه‌ترسیدار و ئێمه هاتنی ئه‌و مادده هۆشبه‌رانه بۆ كوردستان به پلانێكی دوژمنانه‌ی ده‌زانین، كه هێنراوه بۆ ناو كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان تا تاكه‌كانیش تووشی بێئاگایی و سه‌رلێشێواوی و نه‌خۆشی بكه‌ن. ئه‌و كه‌سانه‌ی تووشی به‌كارهێنانی مادده‌ی هۆشبه‌ر بوون به نه‌خۆشیان داده‌نێم، به تاوانباریان نازانم، بۆیه پێویسته حكومه‌ت له‌بری ئه‌وه‌ی به‌كارهێنه‌ری مادده‌ی هۆشبه‌ر ده‌ستگیر بكات و زیندانی بكات، ئه‌وا پێویسته سه‌نته‌رێك، یان نه‌خۆشخانه‌یه‌كی چاره‌سه‌ریان بۆ دروست بكات، بۆ ئه‌وه‌ی له‌و شوێنه بتوانرێت ئه‌و كه‌سانه هۆشیار بكرێنه‌وه و بگه‌ڕێندرێنه‌وه سه‌ر حاڵه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان و واز له به‌كارهێنانی مادده‌ی هۆشبه‌ر بهێنن. ئه‌گه‌رچی ئێمه هه‌ر كه‌سێك به تۆمه‌تی به‌كارهێنانی مادده‌ی هۆشبه‌ر ده‌ستگیر بكه‌ین، له ڕێگه‌ی پشكنین به‌تایبه‌تی پشكنینی خوێن، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌و تۆمه‌ته‌ی ئه‌نجام داوه، پاشان به‌پێی مادده‌ی دیاریكراو لێكۆڵینه‌وه‌ی بۆ ده‌كرێت و ده‌بردرێته پێش دادگا. له‌لایه‌كی دیكه‌وه ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ش ڕابگه‌یه‌نم كه به هیچ جۆرێك تا ئێستا له ناو سنووری پارێزگای هه‌ولێر و هه‌رێمی كوردستان چاندن و دروستكردنی مادده‌ی هۆشبه‌ر نییه، به‌ڵكو ئه‌و مادده مه‌ترسیداره له ڕێگه‌ی چه‌ند بازرگانێك و كه‌سانێك كه هه‌ست به لێپرسینه‌وه ناكه‌ن به‌رانبه‌ر كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان دێته ناو شاری هه‌ولێر و هه‌رێمی كوردستان.
سپۆت:
هه‌ر كه‌سێك داوای یاسایی تۆمار بكات، ده‌موده‌ست ڕێڕه‌وی یاسایی و به‌دواداچوونی ورد ده‌گرینه‌به‌ر، بۆ ئه‌وه‌ی به ئه‌نجامه‌كانی یاسایی دۆسییه‌كان بگه‌ین و تۆمه‌تبار ده‌ستگیر بكه‌ین و هه‌قی تاوانلێكراو وه‌ربگیردرێته‌وه
له ساڵی ڕابردوو 78 كه‌س كوژراون ( پیاو و ئافره‌ت)، كه ئه‌م ژماره‌یه له چاو وڵاتانی جیهاندا ڕێژه‌یه‌كی زۆر كه‌مه
دانیشتووانی شاری هه‌ولێر به ڕۆژ زیاتره له دوو ملیۆن كه‌س و شه‌ویش نزیكه‌ى دوو ملیۆن كه‌سن
هۆكاری حاڵه‌تی كوشتن و هه‌موو ئه‌و كێشانه‌ی دیكه، كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و خێزانین و هیچ حاڵه‌تێكیان سیاسی و هۆكاری دیكه‌ی له پشت نییه
له هه‌ر شوێنێك ده‌زگا ئه‌منییه‌كان كه‌سێك به چه‌كه‌وه ببینن ده‌ستگیری ده‌كه‌ن، ئێستاش بۆ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی چه‌كی بێ مۆڵه‌ت هه‌ڵمه‌تی پشكنین و به‌دواگه‌ڕان ئه‌نجام ده‌درێت
له‌سه‌ر حاڵه‌تى دزیى بچووك له1/1/2022تا 1/6/2022 ئه‌وه 1880 تۆمه‌تبار له ناو شاری هه‌ولێر ده‌ستگیر كراون
ئه‌و كامێرا چاودێرییانه‌ی له‌لایان حكومه‌ته‌وه دانراون مه‌ركه‌زییه و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان سه‌رپه‌رشتییان ده‌كه‌ن
مادده‌ی هۆشبه‌ر مه‌ترسی و كاره‌ساتێكه هاتووه‌ته ناو میلله‌تی ئێمه و، زۆرجار زیادبوونی ڕادده‌ی تاوانیش هۆكاره‌كه‌ی بۆ مادده‌ی هۆشبه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه
وه‌ك هه‌موو ده‌زگا ئه‌منییه‌كان زیاتر جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه ده‌كه‌ینه‌وه و ده‌ستگیریان ده‌كه‌ین كه بازرگانی به مادده هۆشبه‌ره‌كانه‌وه ده‌كه‌ن
هه‌رێمی كوردستان و عێراقیش پێش چه‌ند ساڵێك زۆر دوور بوون له دیارده‌ى مه‌ترسیدارى مادده‌ی هۆشبه‌ر، به‌ڵام له ڕێگای چه‌ند وڵاتێكی دراوسێوه ئه‌م مه‌ترسی و شه‌ڕه درێژخایه‌نه گه‌یشته كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان
هاتنی ئه‌و مادده هۆشبه‌رانه بۆ كوردستان به پلانێكی دوژمنانه‌ی ده‌زانین، بۆ ئه‌وه‌ى تاكى كۆمه‌ڵگه تووشی بێئاگایی و سه‌رلێشێواوی و نه‌خۆشی بكه‌ن
پێویسته حكومه‌ت له‌بری ئه‌وه‌ی به‌كارهێنه‌ری مادده‌ی هۆشبه‌ر ده‌ستگیر بكات و زیندانی بكات، سه‌نته‌رێك، یان نه‌خۆشخانه‌یه‌كی چاره‌سه‌ریان بۆ دروست بكات
به هیچ جۆرێك تا ئێستا له ناو سنووری پارێزگای هه‌ولێر و هه‌رێمی كوردستان چاندن و دروستكردنی مادده‌ی هۆشبه‌ر نییه