دكتۆر هەڤاڵ سدیق ئیسماعیل بەڕێوەبەری گشتیی هەڵسەنگاندن و مۆڵەتدان لە دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان بۆ گوڵان: 20 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون بۆ كەمدەرامەت و كرێنشین بە كوالێتییەكی باش و دادپەروەرانە دابەش دەكرێت
دروستكردنی 20 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵكی كەمدەرامەت و كرێنشین وەرچەرخانێكی گەورەیە لە پرۆسەی حوكمڕانیی كوردستان لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، بۆ قسەكردن لەسەر پرۆسەكە و چۆنیەتیی دروستكردنی یەكەكانی نیشتەجێبوون و دابەشكردنی بە سەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان و شێوازی دابەشكردنەكە، چەند پرسیارێكمان ئاراستەی دكتۆر هەڤاڵ سدیق ئیسماعیل بەڕێوەبەری گشتیی هەڵسەنگاندن و مۆڵەتدان لە دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان كرد و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
* دروستكردنی 20 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵكی كەمدەرامەت و كرێنشین بڕیارێكی گرنگ بوو، سەركەوتنی ئەم پڕۆژەیە بەندە بەو پلان و بەرنامەیەی كە دەستەی وەبەرهێنان بۆی ئامادە كردووە، ئایا بەرنامە و پلانتان بۆ بە خێرایی جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژە مەزنە چییە؟
- سەرەتا دەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم كە پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا گرنگیی تایبەتی پێ دراوە، بەو پێیەی دابینكردنی شوێنی نیشتەجێبوون بە یەكێك لە پێداویستییە سەرەكییەكان و مافی هاووڵاتیان دادەنرێت، زیادبوونی ژمارەی پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون و دەستپێكردنەوەی ژمارەیەكی زۆری پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون كاریگەریی خۆی هەبووە لەسەر بووژانەوەی كەرتی نیشتەجێبوون لە هەرێمی كوردستان، لەم كابینەیەدا مۆڵەتی دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون بە چەندین كۆمپانیا دراوە و بە دەیان یەكەی نیشتەجێبوونی دیكە كەوتووەتە بواری جێبەجێكردنەوە و تا ساڵی 2023 نزیكەی 80 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون تەواو دەبن، جگە لە سوودەكانی بۆ نیشتەجێبوون لە 75%ی دەستی كاری خۆماڵی لەم پڕۆژانەدا كار دەكەن، هەرچی بازاڕی پیشەیی و كەرەستەی خاویشە بووژاوەتەوە و جووڵەی بازاڕی ناوخۆی باش كردووە. لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا توانراوە دەست بە جێبەجێكردنەوەی چەندین پڕۆژەی نیشتەجێبوون بكرێت، ئەمەش دوای ئەوەی وەبەرهێنەكە لە 2012 و 2013 كارەكانی ڕاوەستاندبوو، یان تووشی مایەپووچبوون ببوو. دروستكردنی 20 هەزار یەكەی نیشتەجێبوونیش لەسەر بڕیاری ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ خەڵكی كەم ەرامەت و كرێنشین لەم چوارچێوەیەدا دێت و، وەرچەرخانێكی گرنگە لە پرۆسەی حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان، بەو پێیەی ئەم پڕۆژەیە قیستەكانی درێژخایەنن و بارگرانی لەسەر كرێنشینان و خەڵكی كەمدەرامەت نابێت و حكومەت پاڵپشتی دەكات و قیستەكان بە شێوەیەكن هەموو كەسێكی كەمدەرامەتیش دەتوانێت ئەو قیستانە بدات، ئاسانكاریی باش پێشكەش بەو كەسانە دەكرێت كە یەكەكانی نیشتەجێبوون دەیانگرێتەوە، وێڕای ئەوەی نرخی یەكەكانی نیشتەجێبوون گونجاو دەبێت و قیستەكانی درێژخایەنن، وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی حكومەتیش پاڵپشتییەكی باشی ئەم پڕۆژەیە دەكەن و خزمەتگوزارییەكانی كارەبا و ئاو و ئاوەڕۆ و شەقام و قوتابخانەی بۆ دابین دەكەن.
* ئەوەی هەتا ئێستا لە دەستەی وەبەرهێنان گوێمان لێ بووە ئەوەیە كە ئەم پڕۆژەیە زۆر بە خێرایی دەكەوێتە واری جێبەجێكردنەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە لە زاخۆ تا كەلار دەبێت زەوی بۆ ئەم پڕۆژەیە تەرخان كرابێت، هەروەها كۆمپانیای خاوەن ئەزموون كۆنتراكتی لەگەڵ كرابێت و ئامادە بن بۆ جێبەجێكردن، ئایا لەم لایەنەوە دەستەی وەبەرهێنان لەم ئامادەكارییانە گەیشتووەتە كوێ؟ ئایا لە شاری هەولێر لە چ شوێنێك زەوی بۆ ئەم پڕۆژەیە دابین كراوە؟
سەرەتا هەمووان دڵنیا دەكەینەوە كە پڕۆژەكە زوو دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە و بۆردێك لەسەر ئاستی وەزیرە بەڕێزەكان دروست دەكرێت و راستەوخۆ لەلایەن سەرۆكی حكومەتەوە چاودێری و بەدواداچوونی بۆ دەكرێت، بەمەش كارەكان سەرپەرشتییەكی مەركەزی دەكرێت و هەرچی ڕۆتین و ئاستەنگ هەیە لە بەردەم جێبەجێكردنی پڕۆژەكە بە خێرایی هەڵدەگیرێت، هەروەها فۆرمێك ئامادە كراوە و بەم نزیكانە لە ڕێگەی ئۆنڵاینەوە بە سەر خەڵكدا دابەش دەكرێت، شوقەكانیش تەنیا بۆ ئەو كەسانە نییە كە فەرمانبەری حكومەتن، بەڵكو بۆ هەموو كرێچین و كەمدەرامەتەكانن، بە مەرجێك سوودمەند نەبووبێت و كرێچی بێت و هیچ موڵكێكی بە ناوەوە نەبێت، یان سوودمەند نەبێت لە زەوی و خانوو، یان شوقە، یان خانوویەك كە مونحەی حكومەتی تێدا بێت لە هەر پارێزگایەك بێت. سەبارەت بەشاری هەولێریش كە چڕترین و زۆرترین ڕێژەی دانیشتووانی تێدایە، بێگومان بەپێی ئەم ڕێژەیە ژمارەی یەكەكانی نیشتەجێبوون دیاری دەكرێت، بەڵام پارێزگای هەولێریش قەزای هەیە و ڕەنگە یەكەكانی نیشتەجێبوون بەپێی ژمارەی دانیشتووان بەسەر ئەو یەكە ئیداری و قەزایانەدا دابەش بێت.
* حەز دەكەین باسی دیزاین و كوالێتیی یەكەكانی ئەم پرۆژەیەمان بۆ بكەیت، ئایا لە ڕووی دیزاین و كوالێتییەوە وەك ئەو یەكە نیشتەجێیانە دەبن كە ئێستا لە شاری هەولێر دروست دەكرێن و هەموو خزمەتگوزارییەكیان بۆ دابین كراوە، واتە خزمەتگوزاریی سەرەكی وەك ئاو و كارەبا و قوتابخانە و بنكەی تەندروستی و سەوزایی و مزگەوت؟
- بەڕێز سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان تەئكیدی لەسەر ئەوە كردووەتەوە ئەو 20 هەزار یەكەیەی نیشتەجێبوون بە كوالێتییەكی باش و بە شێوەیەكی دادپەروەرانە دابەش بكرێت. یەكەكانی نیشتەجێبوونی ئەم پڕۆژەیە بە جوانترین و ڕێكوپێكترین دیزاین و كوالێتی دروست دەكرێن، مومكین نییە پڕۆژەیەكی نیشتەجێبوون كە سەرۆكی حكومەت بڕیاری لەسەر دابێت و لە نزیكەوە چاودێری و بەدواداچوونی بۆ بكات، هیچ كەموكورتییەكی تێدا بێت، هەموو وەزارەتە پەیوەندیدارەكانیش پابەند دەكرێن بەوەی خزمەتگوزارییەكانی بۆ دابین بكەن، هەر لە كارەبا و ئاو و ئاوەڕۆ تاوەكو قوتابخانە و بنكەی تەندروستی، ئەمە پێی دەوترێت پاڵپشتیی حكومەت بۆ ئەو كۆمپانیا و وەبەرهێنەی پڕۆژەكە دروست دەكات و نرخەكانی گونجاو دەبێت و بارگرانی لەسەر كرێچی و خەڵكی كەمدەرامەت دروست ناكات، بڕیاری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە ئەو پڕۆژانە بدرێتە خەڵكی وەبەرهێنی ڕاستەقینە و بەتوانا كە دارایی باشیان هەبێت و پێشتر لەم بوارەدا كاریان كردبێت و سەركەوتوو بوون، نەوەكو وەبەرهێنێك پڕۆژەكەی پێشووی لە نیوەی بەجێهێشتبێت و بڵێت پارەم نەماوە، یان بچێت هەر پارچەیەكی كاری پڕۆژەكە بداتە بەڵێندەرێكی دیكە. سەبارەت بە تەوەرێكی دیكەی پرسیارەكە كە تایبەتە بە سنووری جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیە، هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان دەگرێتەوە، بەپێی ڕێژەی دانیشتووان ژمارەی یەكەكانی نیشتەجێبوون دابەش دەكرێت، ئێستا گفتوگۆ و دانیشتنەكان لەگەڵ شارەوانی دەستی پێ كردووە بۆ دابینكردنی پارچە زەویی پێویست بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكە لە سەنتەری پارێزگاكان و قەزاكاندا.
* باس لەوە دەكرێت ئەوانەی سوودمەند دەبن لەم پڕۆژەیە پێشەكی نادەن بە كۆمپانیاكە، دواتریش بە قیستی كەم و درێژخایەن پارەیان لێ وەردەگیرێتەوە، وردەكاریی ئەم شێوازە چۆنە؟
- لە ئێستادا لە دیراسەتكردن و گفتوگۆداین بۆ ئەوەی نرخی شوقەكە و پارەی قیستەكان دیاری بكەین، كە بە شێوەیەكە ئەگەر كەسێك كەمدەرامەت و كرێچی بێت، بتوانێت ئەو قیستانە بدات و كاریگەریی لێ نەكات، هاوكات تیمێكی تەكنیكار لەسەر ئەم پرۆسەیە كار دەكات و لەم نزیكانە شێواز و ڕێگای پڕكردنەوەی فۆرمەكە و مەرجەكان و پێداویستییەكانی بەڵگەنامەكان ڕادەگەیەنین.ئێمە پاڵپشتیی ئەوە دەكەین پڕكردنەوەی فۆرمەكە و ناردنەوەی بە ئۆنلاین بێت، چونكە پرۆسەكە خێراتر دەكات و لە ڕووی ڕێكوپێكی و كات و كەمكردنەوەی ڕۆتینەوە باشترە.
* ئەوەی لە میدیا سەبارەت بە شێوازی دابەشكردنی ئەم یەكانە گوێبیستی بووین، باس لەوە دەكەن دەدرێتە خەڵكی كەمدەرامەت و كرێنشین، ئینجا پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە پێناسەی ئێوە بۆ خەڵكی كەمدەرامەت و كرێنشین چییە؟ ئایا هەموو كرێنشینان دەگرێتەوە، یان بۆ ئەمەش مەرجتان هەیە؟ بۆ نموونە باس لە سوودمەندبوون دەكەن، لەم بارەیەوە ئەگەر فەرمانبەرێك 20 ساڵ لەمەوپێش پارچەیەك زەوی وەرگرتبێت و ئێستا كرێنشین و كەمدەرامەت بێت، مافی لەم پڕۆژەیەدا نابێت؟
- هەر كەسێك لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سوودمەند حیساب بكرێت لە زەوی و پڕۆژەیەكی نیشتەجێبوون و شوقەیەكدا، یان موڵكێكی بە ناوەوە بێت، ڕێگا نادەین سوودمەند بێت لەم پڕۆژەیە، چونكە كردنەوەی دەرگای ئەوەی پێشتر سوودمەند بووە و ئێستا كەمدەرامەتە كارێكی زۆر قورسە و بوار بۆ فرتوفێڵكردن دەكاتەوە، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان زۆر تەئكیدی لەوە كردووەتەوە كە نابێت كەسی سوودمەند جارێكی دیكەش سوودمەند بێت و بە میكانیزمێكی ورد و چاودێرییەكی توند پێداچوونەوە بە ناوی ئەو كەسانەدا دەكرێت كە فۆرمەكان پڕ دەكەنەوە.
* هەر سەبارەت بە پێناسەی خەڵكانی كەمدەرامەت و كرێنشین، ئایا ئەم پێناسەیە تەنیا فەرمانبەرانی حكومەت دەگرێتەوە، یان خەڵكی ئاساییش دەگرێتەوە؟
- پێناسەی خەڵكی كەمدەرامەت و كرێنشینان تەنیا فەرمانبەرانی حكومەت ناگرێتەوە، بەڵكو خەڵكی ئاسایی و كەسانی كەمدەرامەت دەگرێتەوە، ئەوەی زۆر گرنگە لەم پرۆسەیەدا ئەوەیە كە ئەمە پڕۆژەی نیشتەجێبوونە، بۆیە كەسانێك دەگرێتەوە كە هیچ موڵكێكی بەناو نەبێت و پێشتر لە هیچ خانوو زەوییەك سوودمەند نەبووبێت، دەڵێین پێشتر واتە ساڵ دیاری ناكرێت و گرنگیشە لە پارێزگاكانی دیكەش شتی بە ناوەوە نەبێت، ئێستا دونیا پێشكەوتووە و بە ئاسانی دەتوانین بزانین كەسەكان لە پارێزگا و شوێنەكانی دیكە سوودمەند بوون، یان نا، یان موڵك و خانووی بە ناوەوە نەبێت. بە هیچ شێوەیەك ڕێگا بە واستە و واستەكاری نادرێت و كەس جورئەتی ئەوەی تێدا نییە لەم پڕۆژەیەی سەرۆكی حكومەتدا ئەو كارە نایاساییانە بكات، داواكاریشم لە هاووڵاتیانی بەڕێز هەر كەسێك لە هەر پڕۆژەیەكی حكومەت سوودمەند بووە و موڵك و خانووی بە ناوەوە بووە، لە هەر شوێنێك بێت، فۆڕم پڕنەكاتەوە و خۆی نەخاتە بەردەم لێپرسینەوەی یاسایی، چونكە دڵنیام فۆرمەكان بە فلتەری زۆر تونددا دەڕوات و ئاشكرا دەبێت.