سوود و زیانەكانی ئاوی تفت
ئاوی تفت Alkaline water لەسەر بنچیینەی ئاستی pH ناونراوە، كە ئاستی تفتی و ترشێتی پیشان دەدات، كە لە نێوان 0-14 دایە، بۆنموونە ژمارە 1 واتە زۆر ترش و ژمارە 13 واتە زۆر تفت. ئاستی pH لە ئاوی تفتدا كەمێك بەرزترە بەراورد لەگەڵ ئاستی pH ئاوی ئاسایی، ئاستی pH ی ئاوی ئاسایی بریتییە لە 7، كەچی ئاستی pH ی ئاوی تفت دەگاتە 8 یان 9، هەورەها ئاوی تفت كانزای تفت لەخۆ دەگرێت و سیفەتی دژەئۆكسانی هەیە. بەڵگەی لاواز لەبەردەستدان كە خواردنەوەی ئاوی تفت ئەم سوودە تەندروستییانەی هەبێت: پاككردنەوەی كۆڵۆن، بەهێزكردنی سیستمی بەرگریی لەش، پاراستنی تەندروستیی پێست، پاككردنەوەی لەش لە ماددەی ژەهراوی، هاندانی كۆنترۆڵكردنی كێشی لەش، خۆپاراستن لە ئەگەری تووشبوون بە هەندێك جۆری شێرپەنجە. ئاوی تفت لە سرووشتدا تەنیا لە سەروچاوە و كانییاوەكانی شوێنە شاخاوییەكاندا هەیە، كە بە كانزا دەوڵەندە، لە تاقیگەشدا بە كرداری شیكردنەوەی ئاوی ئاسایی بە كارەبا Electrolysis ئاوی تفت بەرهەم دەهێنرێت، بەم كردارە تەزووی كارەبا گەردیلەكان لە یەكتر جیادەكاتەوە و ئاستی تفتیی ئاو بەرز دەبێتەوە. زانایان جەخت دەكەنەوە كە خواردنەوەی ئاوی تفت بێ زیانە، بەتایبەتی ئاوی تفتی سرووشتی كە كانزای سرووشتی لەخۆ دەگرێت، بەڵام سەبارەت بە سوودە تەندروستییەكانی هێشتا پێویست بە لیكۆڵینەوەی زیاتر دەكات. بەهەرحاڵ، پێویستە وریا بیت لە ئاوی تفتی دەستكرد، كە لەوانەیە ماددەی كیمیایی نەخوازراو لەخۆ بگرێت، لە لایەكی دیكەوە خواردنەوەی ئاوی تفت هۆكارە بۆ زیاد دەردانی ترشەڵۆكی گەدە بەمەبەستی رێكخستنی ئاستی ترشێتی ناو گەدە، هەروەها پەیداكردنی بارگرانی لەسەر لەش بۆ هێشتنەوەی هاوسەنگیی نێوان سیستەمەكانی.