له‌ ئێستادا كچان هیچ ئاماده‌ییه‌كى وایان تێدا نییه‌ بێنه‌ نێو وه‌رزش

له‌ ئێستادا كچان هیچ ئاماده‌ییه‌كى وایان تێدا نییه‌ بێنه‌ نێو وه‌رزش

بریا سلێمان یاریزانى تۆپى ده‌ستى یانه‌ى هه‌ولێر

له‌ ئێستادا كچان هیچ ئاماده‌ییه‌كى وایان تێدا نییه‌ بێنه‌ نێو وه‌رزش
تیپى تۆپى ده‌ستى یانه‌ى وه‌رزشیی هه‌ولێر یه‌كێك له‌ تیپه‌ به‌هێزه‌كانى سه‌رئاستى كوردستان و عێراقه‌ و هه‌مووكات ڕكابه‌رى یانه‌ به‌هێزه‌كانى سه‌ر ئاستى خوله‌ به‌هێزه‌كانى كوردستان، ساڵانه‌ش ده‌سته‌ى كارگێڕى یانه‌كه‌ گرنگى زۆر به‌ یاریزانانى ده‌دات، وه‌ بۆ خوله‌كانى ده‌ره‌وه‌ وه‌كو خولى یانه‌كانى عه‌ره‌بی به‌شدار ده‌بن، كارگێڕى یانه‌ى هه‌ولێر به‌رده‌وام گرنگی به‌ كچه‌ یاریزانانى یانه‌كه‌ى ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ى له‌وپه‌ری ئاماده‌ باشیدابن بۆ خول و پاڵه‌وانیه‌تیه‌كان، كچانى یانه‌كه‌ش له‌ كچه‌ به‌هێزه‌كانى كوردستان و عێراقن و یه‌كێك له‌یاریزانه‌ هه‌ره‌ به‌تواناكانى كوردستان و عێراقیش كچه‌ یاریزان بریا سلێمان-ه‌ ناسراوه‌ به‌ په‌رێز كه‌ ماوه‌یه‌كى زۆره‌ به‌رگری له‌ تۆڕى گۆڵى یانه‌ى هه‌ولێرى پایته‌ختى كوردستان ده‌كات، ناوبراو له‌ دایك بووى شارى هه‌ولێره‌ و خاوه‌نی چه‌ندین ئه‌نجامى شایسته‌یه‌ جگه‌ له‌ یانه‌ى هه‌ولێر یاریزانى هه‌ڵبژارده‌ى تۆپى ده‌ستى عێراقیشه‌، جگه‌ له‌ تۆچى ده‌ست له‌ یارى تۆپى پێى و تۆپى باسكه‌ و گۆڕه‌پان و مه‌یدان وتۆپى تێپه‌ربووشى كردوه‌، گۆڤاری گوڵانیش له‌ نزیكه‌وه‌ چه‌ند پرسیارێكى ئاراسته‌ كرد، ئه‌ویش وه‌ڵامى پرسیاره‌كانى دایه‌وه‌.
دیمانه‌: كارزان كانه‌بی
*ئاستى یارى تۆپى ده‌ستى چۆن ده‌بینى به‌ شێوه‌یه‌كى گشتى له‌ شاره‌كانى كوردستان؟
-ئاستى تۆپى ده‌ست زۆریش به‌ لاوازی ده‌بینم، ده‌توانم بلێم ئێستا باوی نه‌ماوه‌ كاتى پاڵه‌وانیه‌تیه‌كان باوی دێته‌وه‌ و یاریزان كۆ ده‌كرێته‌وه‌ یان پشت به‌ یاریزانى ده‌ره‌وه‌ ده‌به‌ستن.
*ئه‌نجامدانى پاڵه‌وانێتى كه‌م تا چه‌ند ده‌بێته‌ هۆكار بۆ ئه‌وه‌ى ئاستى ئه‌م یارییه‌ به‌ره‌ووپێش نه‌چێت؟
-به‌ ته‌ئكید ئه‌نجام نه‌دانى پاڵه‌وانێتى له‌ ساڵانه‌ یان دوو ساڵ جارێك ده‌بێته‌ هۆكارێكی گه‌وره‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م یارییه‌ هه‌رگیز له‌ كوردستان و عێراقیش به‌ره‌ووپێش ناچێت.
* پێت باشه‌ چێ بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى ئاستى یارى تۆپى ده‌ستى كچان به‌ره‌ووپێش بچێت له‌ كوردستان؟
-من هه‌موو كات هیوام به‌رپرسانى نێو به‌رپرسانى وه‌رزشیی كوردستان ئاورێكى جدی له‌ تۆپى ده‌ست بده‌نه‌وه‌ به‌ تایبه‌ت لایه‌نى ماددی تا ئه‌م یارییه‌ به‌ته‌واوى گه‌شه‌ بكات له‌ كوردستان، جگه‌ له‌وه‌ش گرنگى زیاتر به‌ كردنه‌وه‌ى ئه‌كادیمی بدرێت له‌گه‌ڵ بوونى هۆڵى داخراو.
*گرفتى یارى تۆپى ده‌ست له‌ چى ده‌بینى؟
- نه‌بوونى هۆڵی وه‌رزشیی و لایه‌نى ماددی و نه‌بوونى به‌رپرسی نێو وه‌رزشیی كوردستان تایبه‌ت له‌لایه‌نى تۆپى ده‌ست هیچ كه‌سێك نابینم خه‌م خۆری ئه‌م یارییه‌ بێت له‌ كوردستان تا بتوانین گرفته‌كانمان بۆ چاره‌سه‌ر بكات، هیچ كه‌سێك و لایه‌نێك نییه‌ گوێگری كچان و كوڕانی تۆپى ده‌ست بێته‌، هیچ كه‌سێك نییه‌ خۆى به‌ خاوه‌نى ئه‌م یارییه‌ بزانێ.
*بۆچى كچان له‌ ئێستادا زۆر به‌كه‌می دێنه‌ نێو وه‌رزش؟
- له‌ ئێستادا كچان هیچ ئاماده‌ییه‌كى وایان تێدا نییه‌ بێنه‌ نێو وه‌رزش هۆكاری سه‌ره‌كى نه‌بوونى به‌رپرسێكى باشى وه‌رزشیی و جگه‌ له‌وه‌ش نه‌بونى توانای دارایى واى كردوه‌ كه‌ هیچ كچێك نێته‌ نێو وه‌رزش له‌ كوردستان هیچ داهات و گه‌شه‌كردنێكى پێوه‌ دیار نییه‌، ئه‌وانه‌ى كۆنیشن به‌رده‌وامن له‌ وازهێنان.
*به‌ نیازی چى بۆ داهاتووی خۆت؟
-په‌نا به‌خوا له‌ داهاتوودا هیوام وایه‌ وه‌سیه‌ته‌كانى باوكی ره‌حمه‌تیم به‌ جێ بگه‌ینم له‌ خوێندنی ماسته‌ر ودكتۆرا.
*له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى یانه‌كانى كوردستان پشت به‌ راهێنه‌ر و یاریزانى بیانى ببه‌ستن؟
- هیچ كات له‌گه‌ڵى نه‌بوویمه‌، چونكه‌ به‌ سه‌دان كچی به‌هێز و به‌توانمان هه‌یه‌ كه‌ هیچ گرنگی پێ نادرێت، ئه‌وه‌ پاره‌ى له‌ ڕاهێنه‌ر و یاریزانى بیانى سه‌رف ده‌كرێت با له‌ كورده‌كانى خۆمان سه‌رف بكرێت سه‌د قات باشتره‌، به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌كى گشتیى ئێمه‌ فێری ئاماده‌ى حازر بووینه‌، هیوادارم هیچ تر رێگه‌ به‌ هێنانى ڕاهێنه‌ر و یاریزانى بیانى نه‌درێ و په‌ره‌ به‌تواناكانى خۆمانه‌ بدرێت.

*داواكاری و پێشنیارت بۆ لایه‌نى به‌رپرسى وه‌رزشیی؟
- داواكارم له‌ به‌رپرسانى وه‌رزشیی چیتر نه‌هێلن تۆپى ده‌ستى كچان پشتگوێ بخرێت، هیوادارم پشت به‌ كچه‌ به‌تواناكانى خۆمان ببه‌ستن، هیچی تر نه‌هێلن یاریزانى بیانى بێته‌ كوردستان، بۆ ئه‌وه‌ى ده‌ره‌وه‌ پشت به‌ یاریزانى خۆمان ببه‌ستن.
*خه‌ونى وه‌رزشیت چیه‌ وه‌كو یاریزانێك؟
-گه‌یشتنم بوو به‌ هه‌ڵبژارده‌ى عێراق ئه‌ویشم هاته‌ دێ ئه‌نجامى باشیشم به‌ده‌ست هێنا، هیوادارم له‌ داهاتوو ببمه‌ باشترین راهێنه‌رى تۆپى ده‌ستى كوردستان و عێراق.
* هیواى ئه‌وه‌ت نییه‌ هه‌ڵبژارده‌ى كوردستان رۆژێك له‌ رۆژان دروست بكرێ و تۆش یه‌كێك بی له‌ یاریزانه‌كانى؟
- هه‌مووكات حه‌زم كردیه‌ كوردستان وه‌كو ده‌وڵه‌تێك ببینم له‌ كاتى پاڵه‌وانیه‌تیه‌كان ئاڵاى كوردستان به‌رز بكرێت، هیچ كه‌سێك نییه‌ حه‌ز نه‌كات له‌ هه‌ڵبژارده‌ى ووڵاته‌كه‌ى یارى بكات، به‌هیوام بتوانم خزمه‌تێكى بچووكی هه‌ڵبژارده‌ی ووڵاته‌كه‌م بكه‌م.
* له‌ هه‌ڵبژارده‌ى تۆپى ده‌ستى عێراق داوا كراوی؟
- ماوه‌ى 13 ساڵه‌ یاریزانى ئه‌و هه‌ڵبژارده‌یه‌م هه‌موو سالێك داوا كراوم.
* به‌ چ یاریزانێكى جیهانى سه‌رسامیت له‌ نێو یاریگا؟
- میكیل هانسنى دانیماركی .
*گرێبه‌ستت پێشكه‌ش كراوه‌ له‌ یانه‌كانى تر؟
- به‌لێ له‌ چه‌ندین یانه‌گرێبه‌ستم بۆ هاتووه‌، به‌ڵام تاكو ئێستا بڕیارم نه‌داوه‌.
*ئه‌گه‌ر شتێكت ماوه‌ له‌ كۆتایدا؟
-زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ خزمه‌تى وه‌رزشكارانى ناوه‌خۆ له‌ شاره‌كانى كوردستان به‌ به‌رده‌وامى.

 

Top