چەند تیشكی خۆرمان پێویستە؟

چەند تیشكی خۆرمان پێویستە؟

   هەر كە بیر لە تیشكی خۆر دەكەینەوە، زیانەكانمان دێتە بەرچاو كە زیاد بەركەوتن بە تیشكی خۆر گرفتی تەندروستیی گەورە پەیدا دەكات، بەڵام خۆدانە بەر تیشكی خۆر بۆ ماوەیەكی كورت، بەتایبەتی كاتی بەیانی زوو سوودی بۆ تەندروستی هەیە. گەلێك كەس دەپرسن كە بۆ ئەم مەبەستە چەند تیشكی خۆرمان پێویستە؟ ئەم مەسەلەیە پەیوەستە بە جۆری پێست، تەمەن، تەندروستیی كەسی، جۆری خۆراك، لەگەڵ شوێنی جوگرافیی كەسەكە. بەگشتی زانایان رێنمایی دەكەن كە خۆدانە بەر تیشكی خۆر بۆ ماوەی 5-15 خولەك بەسە بۆ كەسانی سپی پێست، 30 خولەكیش بۆ كەسانی رەش پێست، مانەوە لەبەر تیشكی خۆر بۆ ماوەی زیاتر پێویست بە بەركارهێنانی ئاوێتەی دژەهەتاو دەكات. سوودەكانی خۆدانە بەر تیشكی خۆر بۆ ئەم كاتە دیاریكراوە بریتین لە: دروستبوونی ڤیتامین D لەژێر پێستدا بەهۆی كاریگەریی تیشكی سەرووی وەنەوشەیی، هاندانی خەوێكی باشتر لەوكاتەی كە چاوەكان پێویستییان بە تیشكی خۆرە بۆ رێكخستنی كاتژمێری بایۆلۆژی كە پەیوەندی بە رێكخستنی خەوەوە هەیە، هاندانی كۆنترۆڵكردنی كێشی لەش بە خۆدانە بەر تیشكی خۆری بەیانییان بۆ ماوەی 20 خولەك، باشتركردنی مەزاج چونكە تیشكی خۆر هاندەرە بۆ زیادبوونی ماددەی سیرۆتۆنین Serotonin لە مێشكدا كە رۆڵی هەیە لە هێوربوونەوە و بیركردنەوەی پۆزەتیدا.

Top