قوتابى لەنێوان پشووى هاوینەو خولى هاوینە!

قوتابى لەنێوان پشووى هاوینەو خولى هاوینە!

بەگوێرەى پلانى ساڵانەى وەزارەتى پەروەردە , دواى کۆتایى هێنان بەوەرزەکانى خوێندنى ساڵ و وەرگرتنەوەى ئەنجامى کۆششى ساڵانە, وەرزێک دێت پێى دەڵێن پشووى هاوینە، ئەمەش لەو رەهەندەوە خۆى دەدۆزێتەوە کە دواى سێ وەرز خوێندن و هیلاکى و ماندوبوون، قوتابى خۆى لەوەرزێک دەدۆزێتەوە ئەویش وەرزى پشووى فکریە , بۆیە دیدگاى قوتابى لەو وەرزە بریتیە لە ئاسوودەیى و تێرخەوى و دوورکەوتنەوە لە خوێندن .

ئەوەى لێرەدا دەمانەوێ ئاماژەى پێ بکەین , بابەتێکە لەم ساڵانەى دوایى خەریکە دەبێتە دیاردەیەکى گشتى , ئەویش قوتابى دواى کۆتایى هاتنى وەرزى دووەم , لەپشووى هاوینە کەتایبەتە بەپشووى ( قوتابى , مامۆستا , کارگێرى قوتابخانە )  ئەوا بەپێچەوانەوە راستەوخۆ مامۆستاو بەرێوەبەر و کارگێرى قوتابخانە هەوڵى کردنەوەى خولى هاوینە دەدەن، ئەمەش وا لە ماڵباتى قوتابى دەکات، منداڵەکانیان بێ پرس و ڕاوێژو بێ ویستى خۆیان  ڕەوانەى ئەم خولانە بکەن , هەندێکیان بۆ خولى بەهێزکردن و بەشێکیان بۆ خوێندنى پڕۆگرامى ساڵى ئاییندەیان و بەشێک بۆ خوولى بەهێزکردنى زمانەکان، لەم فرە بۆ چوونانەدا  قوتابى لە بازنەیەکى ئاڵۆز خۆى دەدۆزێتەوە، ئایا بەشدارى لەم خولانە بکات ؟ یا پشوو بدات ؟ بەگوێى ماڵەوە بکات ؟ یا بە حەزى خۆى ؟

لێرەدا پێویستە لۆژیکیانە لەو بابەتە بڕوانین , هەمووان بەدواى شەمەندەفەرى چاولێکەرى غار نەدەین ! بەر لە هەموو شتێک  قوتابى پێویستى بە پشوو هەیە , پێویستە دووربکەوێتەوە لە خوێندن چونکە بەدرێژایى ساڵى خوێندن پرۆگرام دەخوێنێ , ئێستاش پێویستى بە پشووە , نەک دووبارە هیلاکى و ماندووبوون و خوێندن ! چونکە ئەمە سەرەتایەکە ڕەنگە قوتابى خوێندن و قوتابخانەى خۆش نەوێ و بێزاربێ.

ئەم شرۆڤەو شیکردنەوەم بۆ ئەوەنیە کە بەشێوەیەکى گشتى کە قوتابى نەچێتە خولەکان , یا هیچ خولێک نەکرێتەوە , بەڵکو ئەوەى مەبەستە ئاسوودەیى و دەرووندروستى قوتابى لەسەرووى هەموو کایەکانەوە بێت , جگە لەوەش دەکرێت و بەگرنگى دەزانین لەبڕى ئەو پاڵەپەستۆیەى خوێندن , قوتابى لە خولەکانى فێربوونى لقەکانى هونەر (میوزک , شانۆ , شێوەکارى ) یا وەرزش و مەلەوانى و .....هتد بەشداربن , کە چێژ و سودى هەمەچەشن بە منداڵ و قوتابى دەگەیەنن .

بۆیە کاتى ئەوە هاتوە وەزارەتى پەروەردەش پێداچوونەوە و پلانێک بە خولەکانى پشووى هاوینە دابنێت , بۆ ئەوەى هەم قوتابى , هەم مامۆستا زێتر لە وەزەکانى خوێندن سوود وەرگرن و بەحەز و  خولیاوە خۆیان لە نێوان و وانەو بابەتەکان بدۆزنەوە، بۆ ئەوەى چێژ لە پشووى هاوینەش وەربگرن .

 

 

 

ئارى ئاغۆک

Top