لە كەركووك «زەنگی ڕۆشنبیری» لێ دەدرێت

لە كەركووك «زەنگی ڕۆشنبیری» لێ دەدرێت

 

لە پێناو برەودن بە ئاستی ڕۆشنبیریی قوتابیان بۆ ئەوەی خوێندنەوە لە نێو پڕۆسەی خوێندندا بە كەلتوور بكرێت، یەكێتی قوتابیانی كوردستان/لقی كەركووك لە میانەی پڕۆژەی (زەنگی ڕۆشنبیری) هەڵمەتێكی كۆكردنەوەی كتێب بۆ ناوەندەكانی خوێندن و پەیمانگا پیشەییەكانی شاری كەركووك جێبەجێ دەكات. ئەحمەد سیروان/ كادیری یەكێتی قوتابیانی كوردستان/لقی كەركووك، لە دیدارێكیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان باس لە وردەكاریی پڕۆژەی زەنگی رۆشنبیری دەكات و، جەخت لەوە دەكاتەوە كەوا ئامانجیان لە ڕاگەیاندنی ئەو پڕۆژەیە برەودانە بە بەرزكردنی ئاستی ڕۆشنبیریی قوتابیان بە گشتی و بەرەوپێشچوون و گرنگیدان بە خوێندنی بەشی كوردی لە شاری كەركووك بە تایبەتی.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

* پڕۆژەی (زەنگی ڕۆشنبیری)چۆن ئامادە كراوە و چ ئامانجێكی لە پشت بووە؟

- ئەم پڕۆژەیە لەلایەن یەكێتیی قوتابیانی كوردستان/لقی كەركووك جێبەجێ دەكرێت. هەڵمەتێكی كۆكردنەوەی كتێبە بۆ ناوەندەكانی خوێندن و پەیمانگا پیشەییەكانی شاری كەركووك لە پێناو ئەوەی كتێبخانە لە نێو ناوەندەكانی خوێندن بوونی هەبێت، بەمەش برەوی زیاتر بە لایەنی ئاستی ڕۆشنبیریی قوتابیان بدرێت و خوێندنەوە بكرێت بە كەلتوور لە نێو پڕۆسەی خوێندندا، پڕۆژەكە لە١٦ی٥ی ئەمساڵ دەستی پێ كرد و، تاوەكو ئێستا بەردەوامە و لە ئێستادا لە قۆناغی كۆكردنەوەی كتێبین.

* هۆكار چی بوو كە بیرتان لەو پڕۆژەیەكی وا كردەوە؟

- هۆكاری ئەنجامدانی ئەم پڕۆژەیە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە بەداخەوە ئاستی ڕۆشنبیریی بەشێكی زۆری قوتابیان و گەنجان بەپێی پێویست نییە، ئەمەش هۆكارەكەی بۆ لاوازیی لایەنی پەروەردە بە گشتی و لایەنی ڕۆشنبیری بەتایبەتی دەگەڕێتەوە، بۆیە بە باشمان زانی لە ڕێگەی بایەخدان بە خوێندنەوە، ئەم هەنگاوەمان ببێتە سەرچاوەی بنیاتنانی تاكێكی ئازادیخوازی ڕۆشنبیر و خاوەن دیدگای جوان و ڕێزگرتنی بۆچوونە جیاوازەكان و.. هتد، بۆیە لەم ڕوانگەیەوە بە پێویست و گرنگمان زانی كە برەو بە بەرزكردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیریی قوتابیان بدەین، تاوەكو ببن بە نموونەیەكی جوان بۆ ئێستا و ئایندە، ئەم ڕێچكەیەش بەردەوامی هەبێت و سوود بە كۆمەڵگە و وڵات بگەیەنێت.

* ئایا تا چ ئاستێك لەلایەن چینی قوتابیان و لاوانەوە ئەو پڕۆژەیە پێشوازی لێ كراوە؟

خۆشبەختانە قوتابیان بە گشتی و مامۆستایان بە تایبەتی زۆر دڵخۆش و گەشبینن بەم پڕۆژەیە و لە چاوەڕوانیی هەنگاوی پراكتیكیی هەڵمەتەكەن و بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی گەیاندن و دروستكردنی كتێبخانەكەن، ئێمە لە ئێستادا لە قۆناغی ئامادەسازین بۆ دابینكردنی كتێبەكان و لە ماوەیەكی نزیكدا بە شێوەی كرداری كتێبەكان دابەش دەكەین. هەروەها ئەوەی جێگەی دڵخۆشیی ئێمە ئەوەیە كە لەسەر ئاستی سەرجەم پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان هەموو لایەك هاوكاری پڕۆژەكەمانن و لە خەمی ئاستی ڕۆشنبیریی قوتابیان بە گشتی و خوێندنی بەشی كوردین بەتایبەتی.

 

Top