باندیراس گرنگی بە تەندروستی خۆی دەدات

باندیراس گرنگی بە تەندروستی خۆی دەدات

ئەستێرەی ناسراوی سینەمای ئیسپانی و جیهانی (ئەنتۆنیۆ باندیراس) رایگەیاند كە بڕیاری داوە لەمەودوا گرنگییەكی زۆر بە باری تەندروستیی خۆی بدات، ئەمەش دوای ئەوەی تووشی چەند گرفتێك بوویەوە لە دڵیدا و مانگی رابردوو ناچار بوو نەشتەرگەرییەكی بە پەلە ئەنجام بدات.
باندیراس هەروەها ئاشكرای كرد كە لەمەودوا لە جگەرەكێشان دوور دەكەوێتەوە و كار و چالاكییە هونەرییەكانیشی كەم دەكاتەوە، لەو رووەوە گوتی: «نەشتەرگەرییەكەم یەك شتی ئەرێنی بوو، ئەویش ئەوەیە كە ناچار بووم لە جگەرەكێشان دووربكەومەوە بێ ئەوەی پەنا بۆ دەرمان و حەب و هیچ شتێكی دیكە ببەم، لە كاری هونەری بەردەوام دەبم، چونكە بە هیچ شێوەیەك ناتوانم وازی لێ بهێنم و لێی دوور بكەومەوە، بەڵام هەندێك لە كارەكان كەم دەكەمەوە و دوای تەواوكردنی هەر فیلمێك، ماوەیەك دەحەسێمەوە، ئینجا دەست پێ دەكەمەوە و، جگە لە نواندن بە نیازم بە تێپەڕبوونی كات بچمە پشت كامێرا و دەق و سیناریۆی فیلمەكان بنووسمەوە».
جێگای بیرهێنانەوەیە ئەنتۆنیۆ باندیراس بە هۆی بەشداریكردنی لە فیلمەكانی دەرهێنەری ئیسپانی (پێدرۆ مۆدۆڤا) نازناوی پەیدا كرد، بەر لەوەی روو لە ئەمریكا بكات و بە شێوەیەكی رەسمی دەست بەكاری نواندن بكات.

باندیراس گرنگی بە تەندروستی خۆی دەدات
Top