یانه‌ى رواندز گه‌یشته خولى پله یه‌كى كوردستان
یانه‌ى رواندز گه‌یشته خولى پله یه‌كى كوردستان
بۆ یه‌كه‌مجار له مێژوویی وه‌رزشیی یانه‌كه، تیپى تۆپى پێى یانه‌ى وه‌رزشیی رواندز گه‌یشتنه ریزى یانه پله یه‌كه‌كانى كوردستان، ئه‌م وه‌رزه یانه‌كه‌ى پاشاى گه‌وره به سه‌ركردایه‌تى راهێنه‌رى گه‌نج ره‌فیق سه‌عید ده‌ستى به ئاماده‌كارییه‌كانى كرد بۆ گه‌یشتن به ریزى یانه پله یه‌كه‌كانى كوردستان، كارگێڕى یانه‌كه له‌گه‌ڵ ستافی راهێنه‌ران كه ئه‌زموونێكى زۆریان هه‌بووه له خوله‌كانى كوردستان بۆ خولى پله دوو پلانى تۆكمه‌یان هه‌بوو توانیان به ئاست و به ئه‌نجام پلێتى گه‌ییشتن به ریزى یانه پله یه‌كه‌كانى ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن، له باره‌ى سه‌ركه‌وتنى تیپه‌كه‌ش بۆ یه‌كه‌مجار له مێژوویی یانه‌كه بۆ ریزى یانه پله یه‌كه‌كانى كوردستان له كۆمه‌ڵه‌ى یه‌كه‌م شان به شانه‌ى یانه‌ى برادۆست له كۆمه‌ڵه‌ى دووه‌م ره‌فیق سه‌عید ڕاهێنه‌رى تیپى تۆپى پێى یانه‌ى رواندز بۆ گۆڤاری گوڵان گوتى: هه‌ر له سه‌ره‌تاى خوله‌كه‌وه ئاماده‌كارى باشمان كردبوو و توانیمان پلانى باش دابنێن بۆ ئه‌وه‌ى بتوانین سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنین، تا دوا گه‌ڕى خوله‌كه‌ش كێبڕكێ هه‌بوو له كۆتا یاریمان توانیمان له یانه‌ى دینارته ببه‌ینه‌وه پلێتى سه‌ركه‌وتن بۆ خولى پله یه‌ك به‌ده‌ست بهێنین، گوتیشى" گه‌یشتنم به خولى پله یه‌كی كوردستان بۆ یانه‌ى رواندز گرنگى خۆى هه‌بوو كه یه‌كمجاره توانیمان تیپه‌كه بگه‌ینه ریزى یانه پله یه‌كه‌كانى كوردستان ئه‌وه‌ش ده‌ستكه‌وتێكى گرنگه و له سه‌رجه‌م یارییه‌كانیش به‌بێ شكست خوله‌كه‌مان به سه‌ركه‌وتوویی ته‌واو كرد، بۆ ئه‌م سه‌ركه‌وتنه پیرۆزبایی له سه‌رجه‌م خه‌ڵكى سۆران و ده‌ڤه‌رى سۆران ده‌كه‌ین بۆ گه‌یشتنى تیپى رواندز بۆ ریزى یانه پله یه‌كه‌كانى كوردستان و سه‌ركه‌وتنێكى گرنگه بۆ تیپه‌كه‌مان ببێته نوێنه‌رى ده‌ڤه‌ری ناوچه‌كه‌مان له‌م خوله‌كه‌ى كورد، هه‌موو هه‌ولێكمان سه‌رخستنى یانه‌كه بوو له سه‌ره‌تاى ده‌ست به‌كاربوونمان توانیشمان خه‌ونه‌كه بكه‌ینه ڕاستى و ئامانجه‌كه‌ى خۆمان پێكا. ئه‌م خوله‌ش به سه‌ركه‌وتوویی له‌لایه‌ن یه‌كێتى تۆپى پێى كوردستان به‌رێوه‌چوو بۆ ئه‌م وه‌رزه‌ش سێ یانه بۆ ریزى یانه پله‌یه‌كه‌كانى سه‌رده‌كه‌وێت، پلێتى سێیه‌م له نێوان یانه‌ى جیهان و كفری یه‌كلاى ده‌كرێته‌وه.
كارزان كانه‌بی