ئیبراهیم ئەحمەد مستەفا سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای نەخۆشانی تالاسیما لە هەولێر بۆ گوڵان:   سوپاسی سەرۆكی حكومەت دەكەین بۆ بەهاناوەهاتن و چارەسەركردنی نەخۆشانی تالاسیما

ئیبراهیم ئەحمەد مستەفا  سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای نەخۆشانی تالاسیما لە هەولێر بۆ گوڵان:     سوپاسی سەرۆكی حكومەت دەكەین بۆ بەهاناوەهاتن و چارەسەركردنی نەخۆشانی تالاسیما

 

گرنگی و بایەخدان بەو چین و توێژانەی خاوەن پێداویستیی تایبەت و نەخۆشیی درێژخایەنن، یەكێكە لەو ئەركانەی كە دەكەوێتە ئەستۆی حكومەت و، لەم ڕووەوە بڕیاری ئەم دواییە بۆ تەرخانكردنی هاوكارییەك بۆ چارەسەری نەخۆشانی تالاسیما جێی دەستخۆشی و ستایشە و بە ئاوڕدانەوەیەكی جددی دادەنرێت لەم توێژە. ئەم باسە بووە تەوەری دیدارێكی گوڵان لەگەڵ ئیبراهیم ئەحمەد مستەفا بەڕێوەبەری كارگێڕیی كۆمەڵەی تالاسیمای هەولێر و سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای تالاسیما.

 

* تالاسیما نەخۆشییەكی درێژخایەنە و بەردەوام پێویستی بە گۆڕینی خوێنی نەخۆشەكان هەیە، ئایا تاچەند خوێنبەخشانی كوردستان هاوكارن بۆ دابینكردنی خوێن بۆ ئەم نەخۆشانە؟

- نەخۆشیی تالاسیما نەخۆشییەكی درێژخایەنە كە لە باب و باپیرانەوە دەگوازرێتەوە، بەڵام نەخۆشییەكە لە كەسێك بۆ كەسێكی دیكە ناگوازرێتەوە، لە هەرێمی كوردستان ئەنجومەنێكی باڵای تالاسیما هەیە، كە شەش كۆمەڵە لە خۆی دەگرێت، هەر كۆمەڵەیەك لە شارەكانی (هەولێر، دهۆك، سلێمانی، ئاكرێ، خانەقین و ڕانیە) هەن. لە هەموو هەرێمی كوردستان نزیكەی (4000) تووشبوو بە تالاسیما هەن كە بەردەوام خوێن وەردەگرن، لە شاری هەولێر 850 تووشبووی تالاسیما هەن، تووشبووی دیكەش هەن كە لە وڵاتی سووریا و ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە هاتوونەتە هەولێر، بەو تووشبووانەوە ئێستا بە گشتی 1196 تووشبوو لە هەولێر تۆمار كراون. بۆ خوێنگۆڕینی ئەو ژمارە تووشبووانەش ڕۆژانە خوێنمان لە بەڕێوەبەرایەتیی بانكی خوێنی هەولێر بۆ دەستەبەر دەكرێت، كە لە سەنتەری تالاسیمای هەولێر ڕۆژانە 50 تووشبوو بەو نەخۆشییە خوێن وەردەگرن و كێشەمان لە دابینكردنی خوێن و وەرگرتن نییە و، ئەو 50 تووشبووەی نەخۆشیی تالاسیما پێش سێ ڕۆژ لە وەرگرتنی خوێن، خێزانەكانیان پەیوەندیمان پێوە دەكەن، كە نەخۆشەكەیان پێویستی بە خوێن هەیە، ئێمەش ناوەكانیان هەر یەكەی بەپێی گرووپی خوێنەكەیان لە لیستێكدا تۆمار دەكەین و ڕەوانەی بانكی خوێنی دەكەین بۆ ئامادەكردن و هێنانی بوتڵە خوێنی پێویست. بە شێوەیەكی گشتی لە لایان دوو گرووپەوە خوێن دەبەخشرێت، ئەو دوو گرووپە خوێن بەخشە زۆر بە ڕێكوپێكی ئامادەن و درێغییان لە خوێنبەخشین بۆ تووشبووانی تالاسیما نەكردووە، بەردەوامیش بەڕێوەبەرایەتیی بانكی خوێن هەڵمەتی خوێنبەخشینیان هەیە و بۆ تووشبووانی نەخۆشیی تالاسیما خوێن كۆدەكەنەوە، هاوكات كێشەمان لەو كیسانەش نییە كە خوێنی تێدا دێت، چونكە هەموو كیسە خوێنەكان فلتەر كراوە لە ڕووی شیاوی و تەندروستییەوە و تایبەتە بە نەخۆشانی تالاسیما.

* لە كوردستان نەخۆشخانەی تایبەت بە تالاسیما هەیە، تاچەند ئەم نەخۆشخانانە هاوكارن بۆ ئەوەی ئەم نەخۆشانە لە كاتی خۆیدا خوێنەكانیان بۆ بگۆڕدرێت؟

- چەند ساڵی ڕابردوو نەخۆشخانەی تایبەت بە نەخۆشیی تالاسیمامان نەبوو، لە سەرەتادا لە نەخۆشخانەی ڕزگاری لە نهۆمی پێنجەم شوێنمان بۆ تەرخان كرابوو، پاشان گوازراینەوە بۆ نەخۆشخانەی سیل و چەندین نەخۆشخانەی دیكە، لەو سەردەمەی كە شەهید فەرەنسۆ پارێزگاری هەولێر بوو 3200 مەتر دووجا زەوی بۆ ئەو سەنتەرە تەرخان كردبوو كە دەكەوێتە گەڕەكی ڕووناكی لە ناو شاری هەولێر، لە ساڵی 2010 لەسەر ئەو پارچە زەوییە دەست بە دروستكردنی سەنتەرێكی ڕۆشنبیریی تایبەت بەو نەخۆشییە كرا، تا گەیشتە ساڵی 2014 لەو كاتەش قەیران و شەڕی داعشی بە سەردا هات و باڵەخانەكەی ئەو سەنتەرە بە هەیكەلی مایەوە تاگەیشتە ساڵی 2021، لە ڕۆژێكی هەڵمەتی خوێنبەخشین، چاوم بە مامۆستا مەلا ڕەعد وتەبیژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی كەوت، كە باسی ئەو هەیكەلەی تالاسیمام بۆی خستەڕوو بۆ ئەوەی بتوانن نەخۆشخانەیەكی تایبەت بە تالاسیمامان لە ڕێگەی خێرخوازانەوە بۆ دروست بكەن، لە ئەنجامدا نەخۆشخانەی تایبەت بە تالاسیما لە هەولێر لەلایەن خێرخوازێك دروست كرا، لە ساڵی 2022 بە هاوكاری بەڕێزان ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و وەزیری تەندروستی و بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر ئەو نەخۆشخانەیە بە هەموو پێداویستیی تەندروستی و پزیشكی و ستافەكەیەوە دەستی بە كارەكانی خۆی كرد و، لە خزمەتی نەخۆشانی تووشبوو بە تالاسیمادایە، زۆر سوپاسی د. ئارین سەرتیپ كاكەیی دەكەین كە بەڕێوەبەری سەنتەرەكەیە و ڕۆڵێكی زۆر كاریگەری هەبوو لە هێنانە سەر خەتی خێرخوازان و دەوڵەمەند و خواپێداوان و، توانرا لە 8ی مانگی 5ی 2022 ئەو سەنتەرە لە یادی تالاسیماوە بكەوێتە خزمەتی نەخۆشەكانی تالاسیماوە، ئەم نەخۆشخانەیە، یان بڵێین سەنتەرە بە بێ گرفت و كێشە ڕۆژانە فریای تووشبووانی نەخۆشەكان دەكەوێت.

* بەرێز مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری داوە بە بڕی زیاتر لە 5.5 ملیۆن دۆلار چارەسەری 100 تووشبووی نەخۆشی تالاسیما بكات، ئایا ئەم بڕیارە چەند گرنگیدانە بەو نەخۆشانە و تاچەند گەشبینی ئەوە هەیە بەم بڕیارەی سەرۆكی حكومەت ئەم نەخۆشانە چاك ببنەوە؟

-  بە ناوی هەموو تووشبووانی نەخۆشیی تالاسیمای كوردستان زۆر سوپاسی بێ پایانی ڕێزدار مسرور بارزانی دەكەین بۆ بەهاناوەهاتنی تووشبووانی تالاسیما و چارەسەركردنیان لە درەوەی وڵات بە بڕ و پارەیەكی زۆر، كە بۆ 100 تووشبووی تالاسیمای تەرخان كرد، ئەو هەواڵە زۆر دڵخۆشكەر بوو، بەتایبەت بۆ نەخۆشەكان و خێزانەكانیان و، بە تەواوی هەست كرا كە سەرۆكی حكومەت خەمخۆری گەلەكەیەتی و ئاگاداری هەموو لایەن و كێشە و گرفتەكانی خەڵكی كوردستانە، ئەم بڕیار و هەواڵە وای كردووە كە ڕۆژانە نەخۆش و خێزانەكانی ئەو تووشبووانە پەیوەندیمان پێوە بكەن و، ڕێز و دڵخۆشیی خۆیان بۆ بڕیاری جەنابی مسرور بارزانی دەردەبڕن، كە ئەو پارە تەرخان كراوە بۆ 100 تووشبووی نەخۆشییەكە، كە هەر نەخۆشێك 55000 دۆلاری بۆ دانراوە كە لە دەرەوەی وڵات چاندنی مۆخیان بۆ دەكرێت، بێگومان بە چاندنی مۆخ بۆ هەر تووشبوویەك هیوا و ئومێدی چاكبوونەوە و چارەسەری ئەو نەخۆشانە هەیە.

* ئەگەر ئەم هەوڵەی سەرۆكی حكومەت بۆ چاندنی مۆخ بۆ ئەم نەخۆشانە سەركەوتوو بێت و نەخۆشەكان چاك ببنەوە، تاچەند ئومێد هەیە كە قۆناخی دیكەشی بەدوادا بێت و نەخۆشی دیكەش بنێرێتە درەوە؟

- ئومێد و چاوەڕوانیی زۆرباش هەیە كە قۆناخی دیكە بە دوای ئەم بڕیارەوە بێت لە لایان جەنابی سەرۆكی حكومەتەوە، بۆ چارەسەركردنی نەخۆشانی دیكەی تووشبوو بە تالاسیما، چونكە حكومەتی كوردستان بە تایبەتی لەو كابینەیەدا كە شەخسی ڕێزدار مسرور بارزانی زۆر هاوكار و خەمخۆری تووشبووانی نەخۆشی تالاسیماوە بووە و، هەردەم دەرگایان بە ڕووی تووشبووانی نەخۆشیی تالاسیماوە كراوەتەوە، بە تەنگ چارەسەری كێشە و گرفتەكانمان هاتوون.

* ئەو وڵاتەی دەستنیشان كراوە بۆ ناردنی ئەم نەخۆشانە كام وڵاتە و شێوازی چوون و هاتن و چارەسەریان چۆن دەبێت؟ ئایا تیم، یان لێژنەیەكی تایبەتی حكومەت ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی دەكات؟

- ئێمە چاوەڕوانی وەزارەتی تەندروستین كە ڕێنماییمان پێ بدات بۆ چۆنیەتیی چوون و هاتنی تووشبووانی تالاسیما، كە لە ساڵانی ڕابردوو لە ڕێگەی ئەوانەوە تووشبووانی ئەو نەخۆشییە درێژخایەنە ڕەوانەی وڵاتی هیندستان و توركیا كراون، بەڵام بۆ ئەو 100 نەخۆشە، تا ئێستا هیچ وڵاتێك دەستنیشان نەكراوە، بێگومان بۆ سەرپەرشتی و چوون و هاتنی ئەو 100 نەخۆشە لەلایان وەزارەتی تەندروستییەوە لێژنەیەك دادەنرێت كە ئاگاداری هەموو كار و پێداویستی و ڕێوشوێنەكانی نەخۆشەكان دەبن. لەلایەكی دیكەوە ناوی ئەو تووشبووانەی نەخۆشیی تالاسیما لەلایەن سەنتەری تالاسیماوە بۆ وەزارەتی تەندروستی بەرز دەكرێتەوە، كە ئەمەش كارێكی دیكەی زۆر گرنگ و باشە كە هەر نەخۆشێك بەپێی پێویستی و ئاستی نەخۆشییەكەی دیاری دەكرێت.

* ئێوە وەك دامەزراوەیەكی پەیوەندیداری مەدەنی و كەسوكاری نەخۆشەكان، چ هەستێكتان هەبوو كاتێك گوێتان لەم بڕیارەی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بوو، بۆ بەتەنگەوەهاتنی چارەسەركردنی ئەم نەخۆشانە؟

- ئەو كاتەی ئەو هەواڵە ڕاگەیاندرا، ڕانەدەگەیشتین وەڵامی خێزان و كەسوكاروی تووشبووانی تالاسیما بدەینەوە، كە تا ئەو پەڕی دڵخۆشی و ئاسوودەیی خۆیان دەردەبڕی، چونكە چەندین ساڵە بڕیار و هەواڵێكی وا خەمخۆری و بەتەنگەوەهاتنی ئەو تووشبووانە نەبووە، لە كۆتاییدا لە ڕێگەی گۆڤاری گوڵانەوە داواكارم سەنتەرێكی چاندنی مۆخی ئێسقان لە كوردستان بەتایبەت لە شاری هەولێر دابمەزرێت، چونكە بە كردنەوەی سەنتەرێكی ئاوا پێویستمان بە وڵاتانی دەرەوە نابێت بۆ چارەسەری تووشبووانی ئەو نەخۆشییە، كە لە لایەك ئاسانكارییە بۆ خێزانانی تووشبوو، لە لایەكیش حكومەت بارسووكییەكی باشی بۆ دەستەبەر دەبێت، لە لایەكی دیكەوە داواكارین لە جەنابی ڕێزدار مسرور بارزانی بەردەوام بێت لە ناردنی ئەو نەخۆشانە بۆ دەرەوەی وڵات بۆ چارەسەركردنیان و، لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاس و پێزانینی هەموو كۆمەڵە و سەنتەرەكانی تالاسیما و خێزان و كەسوكار و تووشبووانی نەخۆشی تالاسیما، بە ڕێزدار مسرور بارزانی بگەیێنین و داوا لە خوای گەورە دەكەین دەست بە تەمەن و تەندروستیی جەنابیانەوە بگرێت و پاداشتی خێری بداتەوە.

Top