كەمیی پۆتاسیۆم لە لەشدا

كەمیی پۆتاسیۆم لە لەشدا

كەمیی كانزای پۆتاسیۆم Hypokalemia واتە كە ئاستی پۆتاسیۆم لە خوێندا كەمتر بێت لە 3.5 میللیمۆل لە هەر لیترێكی خوێندا. پۆتاسیۆم رۆڵی گرنگی لە لەشدا هەیە، وەك رێكخستنی گرژبوونەوەی ماسوولكەكان، پاراستنی فرمان و تەندروستیی دەمارەكان، رێكخستنی هاوسەنگیی شلە لە لەشدا. سەرچاوە خۆراكییەكانی پۆتاسیۆم: پاقلەمەنییەكان، میوە، سەوزە، كاكڵەكانی گوێز و باوی، هەروەها خوێی پۆتاسیۆم KCL. هۆكارە هاندەرەكانی كەمیی پۆتاسیۆم: سكچوونی درێژخایەن، بەدخۆراكیی توند، پەككەوتنی گورچیلە، زیاد ئارەقەكردن، زیانی لابەلای هەندێك دەرمان. نیشانەكانی كەمیی پۆتاسیۆم لە لەشدا: هەستكردن بە لاوازیی لەش و ماندووبوون و هیلاكی، ئازار و بێهێزبوونی ماسوولكەكانی لەش، گرفتەكانی هەرس، بەتایبەتی قەبزی، ناڕێكبوونی لێدانەكانی دڵArrhythmia، گرفت لە كۆئەندامی هەناسەدا، بەتایبەتی هەناسەتەنگی، سڕبوون و تەزینی باسك و دەست و قاچەكان، زیاد میزكردن Polyuria لە ئەنجامی تێكچوونی توانای گورچیلەكان بۆ رێكخستنی هاوسەنگیی شلە و ماددەی دیكە، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن لەبەر زیاد گلدانەوەی سۆدیۆم لە لایەن گورچیلەكانەوە. چارەسەركردن بریتییە لە وەرگرتنی حەبی پۆتاسیۆم و زیادكردنی ئەو خۆراكانەی كە دەوڵەمەندن بە پۆتاسیۆم .

 

Top