حوكمی بێبەشكردنی ئافرەت لە بەشە میرات

حوكمی بێبەشكردنی ئافرەت  لە بەشە میرات

 

 

هەر كەسێك بە هەر ناو و پاساوێك و بە هەر جۆرێك ئافرەت بێبەش بكات لە بەشە میراتی، ستەمە و تاوانە و حەرامە و بەزاندنی سنووری خودای گەورەیە.

 ئەوانەی سەرپێچی لە فەرمانی خودا و پێغەمبەرەكەی دەكەن و سنووری خودا و پێغەمبەر دەبەزێنن و میرات دەخۆن و ستەم دەكەن، دەخرێنە دۆزەخەوە و قورسترین سزا دەدرێن.

 دابەشكردنی میرات لە نێوان كوڕ و كچدا، ئەوەی میراتی خوشكی، یان برای بە هەر هۆكارێك بێت، بیخوات، خودای گەورە هەڕەشەی ئاگری دۆزەخی لێ دەكات و پێغەمبەر (د.خ) هەڕەشەی پوشكە ئاگری لێ دەكات، هەروەها ماڵەكەی تووشی حەرام دەبێت و خێری لێ نابینێت و پێی دەگوترێت «حق الناس» كە بە هیچ جۆرە تەوبەیەك لەسەری لا ناچێت.

پرسیار ئەوەیە كە لە ڕووی شەرعەوە میرات لە نێوان كوڕ و كچدا چۆن دابەش كراوە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە سەبارەت بە دابەشكردنی بەشە میراتی كەسی مردوو بۆ میراتگرانی مردوو، ئەوەیە كە وەك دیارە سوننەتی كەون وایە مرۆڤەكان یەك لە دوای یەكتری دەمرن و كۆچ دەكەن و، ئەو سەروەت و سامانەی لە دوایان بەجێ ماوە، دابەشی دەكەن، بە سەر ئەو كەسانەی لە دوای لە ژیانی دونیا ماون، كەواتە میرات تەنیا بۆ زیندووەكانە نەك مردوو. خودای گەورە دەفەرموێ: «تِلْكَ حُدُودُ اللَّهِ ۚ وَمَن يُطِعِ اللَّهَ وَرَسُولَهُ يُدْخِلْهُ جَنَّاتٍ تَجْرِي مِن تَحْتِهَا الْأَنْهَارُ خَالِدِينَ فِيهَا ۚ وَذَٰلِكَ الْفَوْزُ الْعَظِيمُ» سورە النساء /13 واتە (میرات) سنووری خودایە بۆ مرۆڤەكانی داناوە، هەر كەسێك گوێڕایەڵی خودا و پێغەمبەر بێ، دەڕواتە بەهەشت و بە هەموو ناز و نیعمەتەكانی و هەر ئەمەیە سەركەوتنی گەورە.

هەروەها ئەوانەی ستەم دەكەن و میراتەكان بەش ناكەن، یان لە بەشكردنی ستەم دەكەن و فێڵی لێ دەكەن، خودای گەورە لەو بارەیەوە دەفەرموێت: «وَمَن يَعْصِ ٱللَّهَ وَرَسُولَهُۥ وَيَتَعَدَّ حُدُودَهُۥ يُدْخِلْهُ نَارًا خَٰلِدًا فِيهَا وَلَهُۥ عَذَابٌ مُّهِينٌٌ» سورە النساء/14، واتە ئەوانەی سەرپێچیی فەرمانی خودا و پێغەمبەرەكەی دەكەن و سنووری خودا و پێغەمبەر دەبەزێنن (میرات دەخۆن و ستەم دەكەن)، دەخرێنە دۆزەخەوە و قورسترین سزای سەرپێچیكاران دەدرێت.

 لە پێش هاتنی ئیسلام، هەر كەسێك بمردایە، هەمو سەروەت و سامانی دەبووە میرات، میراتەكەش تەنیا بۆ پیاوەكان دەبوو، ژن و كچەكان بێبەش دەكران لە میرات، تەنانەت خودی خۆشیان دەبوونە میرات و دەستیان بەسەردا دەگیرا و دەیانكردنە كۆیلە و جاریە، ئەگەر خۆشیان وەریاننەگرتایە، ئەوە دەیانفرۆشت وەكو كۆیلە و جاریە، بەڵام كە ئیسلام هات ڕێز و شكۆی بۆ مرۆڤ گەڕاندەوە و ژن و كچی كردەوە بە خاوەنی ڕاستەقینەی میرات .

هەروەها زەویی كشتوكاڵی مافی حكومەتە كە بە كێی بدات و لە كێی وەربگرێتەوە. وەكو یاسا ئەوەی لێی زانیومە، حكومەت دەیدات بەو كەسەی كە زەوییەكە زیندوو بكاتەوە و سوودی لێ وەربگرێت، ئینجا دەدرا بە جووتیاری ڕاستەقینە كە فەرمانبەر نەبێت و هەندێك مەرجی دی، بەڵام دەمێكەیە كار بەم یاسایە ناكرێت، هەركات كەسێك مرد، حكومەت دەیدات بە ژنی مردووەكە لە دوای ئەویش دەیدات بە یەكێك لە كوڕەكانی، بەڵام دەبێ خوشك و براكانی دەستبەرداری مافی خۆیان بن، بۆیە لێژنەی فەتوا لەبەر ئەوەی لە واقعیدا وەكو میرات مامەڵە لەگەڵ ئەم زەوییە دەكرێت، ئەوانیش حیسابی میراتی بۆ دەكەن، بەڵام لە حكومەت كچ و كوڕ وەكو یەك حیسابیان بۆ دەكرێت، ئینجا ڕای لیژنەی فەتوا وایە، ئەگەر هەتا خاوەن زەوی لە ژیاندا مابێ لە مافی خۆی خۆش بێ بۆ كەسێك، یان بیفرۆشێت و خۆی بە سەریان دابەش بكات، بە هەر جۆرێك بێ دروستە، بەڵام كە مرد ئەوەی لە دوای خۆی جێ بمێنێت، دەبێتە میرات و وەكو میرات مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت.

پرسیار دەكرێت مووچەی خانەنشینیی كەسێك دوای مردنی دەبێتە میرات؟.

ئەوەشیان دیسان دەگەڕێتەوە بەو جۆرەی حكومەت كە چۆن دابەشی دەكات، لە هەندێ كات مووچەی خانەنشین، یان شەهیدانە حكومەت دەیدات بە كەسە نزیكەكانی وەكو دایك و باوك، یان هاوسەر و كچ و كوڕی مردووەكە، بۆ منداڵی مردوو تا كوڕەكە تەمەنی دەگاتە (١٨) ساڵ و كچەكەشی تاكو هاوسەرگیری دەكات، خێزانەكەشی تا هاوسەرگیری دەكاتەوە، یان دەمرێت و دایك و باوكی تا لە ژیان ماون، لە حاڵەتێكی دیكە بۆ كەسوكاری شەهید، گوێ نادرێت بە تەمەنیان لەو كاتەدا وەكو میرات دابەش دەكرێت، تا ئەو كاتەی حكومەت مووچە بدات، یان هەر ئیمتیازێكی دی بدرێت، بە ناوی مردووەكە حیسابی میراتی بۆ دەكرێت.

ئایا دروستە لە ڕووی شەرعی ئیسلام پێش مردنی میراتدەر، میراتەكەی بەش بكرێت، ئایا لەو كاتەدا شتێك هەیە بە ناوی میراتییەوە؟

میرات ئەو كاتە پێی دەگوترێت كە كەسەكە وەفات دەكات و، سەروەت و سامانی لە دوا بەجێ مابێت، هیچ شتێك نییە بە ناوی میرات پێش مردنی كەسەكە ماڵ بەش بكرێت، ئەوەی دەكرێت بۆ بنبڕكردنی كێشەیە، یان كەسەكە هەست دەكات دوای مردنی خۆی كچەكان لە لایەن كوڕەكانەوە بێبەش دەكرێن، ئەوكات كەسەكە بە شێوەیەكی دادپەروەری بەشێك لە ماڵەكەی دابەش دەكات بە سەر كوڕ و كچ و خێزانی و بەشێكی بۆ خۆی هەڵدەگرێت بۆ خەرجی خۆی، بەڵام دەبێ دادپەروەری لە بیر نەكات.

لێرەدا پرسیار ئەوەیە كە ئایا تا چەند دروستە بەشێك لە ژنان و كچان میراتەكانیان لەبەر شەرم وەرناگرن، یان لە ترسی ئەوەی براكانیان حاشایان لێ بكەن و پەیوەندییان لەگەڵ بپچڕێنن؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، دەبێت بڵێین: بە هیچ شێوەیەك نابێ بەشێك لە میراتگران بخرێنە باری ئیحراجی و تووشی شەرمی بكەن، بۆ ئەوەی بێبەشی بكەن لە بەشە میرات كە خودای گەورە پێی ڕەوا بینیوە، بۆ نموونە پێی بڵێن: «خۆشكی فڵان، كچی باوكی خۆیەتی میراتی وەرنەگرت، كچی فڵان میراتی وەرگرت، ئەوانیش حاشایان لێ كرد، دەستیان خۆش بێ بۆ كوڕی خەڵكی دەبات و هیتر، یان ڕاستەوخۆ پێی دەڵێن نابێ میرات بۆ مێردەكەت ببەی، ئەگەر بیبەی خۆشكی ئێمە نیت. دەربارەی ئەوجۆرە كەسانەی سنووری خودا دەبەزێنن و گوێڕایەڵ نابن، خودای گەورە دەفەرموێ: «وَمَن يَعْصِ ٱللَّهَ وَرَسُولَهُۥ وَيَتَعَدَّ حُدُودَهُۥ يُدْخِلْهُ نَارًا خَٰلِدًا فِيهَا وَلَهُۥ عَذَابٌ مُّهِينٌ» سورە النساء /14، دوو برا لە دوای مردنی باوكیان چوونە خزمەتی پێغەمبەر (د.خ) بۆ دابەشكردنی میراتی باوكیان، دوای ئەوەی لە نێوانیان ماڵەكەیانی بەش كرد، فەرمووی: وا نەزانن ئەوەی من لە نێوانتان بەشم كرد، تەواو بووە، ئەگەر شتێكتان لاماوە و باستان نەكردووە و بە نهێنی براكەی ترتان دەیخۆن، ئەوە وا بزانن كە پوشكە ئاگرێكە و من دەیخە ناو دەستتان. كەواتە ئەوەی میراتی خوشكی، یان برای بە هەر هۆكارێك بێت بیخوات، خودای گەورە هەڕەشەی ئاگری دۆزەخی لێ دەكات و پێغەمبەر(د.خ) هەڕەشەی پوشكە ئاگری لێ دەكات، هەروەها ماڵەكەی تووشی حەرام دەبێت و خێری لێ نابینێت و پێی دەگوترێت «حق الناس» كە بە هیج جۆرە تەوبەیەك لەسەری لاناچێت.

ئەگەر خوشك، یان برایەك كە باری دارایی باش بێت، دەكرێت میراتەكەی بداتە خوشك و براكانی و زۆر ئاساییە ئەگەر بە ئارەزووی خۆی بێت و، هیچ جۆرە پاڵەپەستۆی لەسەر نەبێت، بەڵام وا باشترە بەشەكەی خۆی وەربگرێت و دواتر كام خوشكی، یان برای، یان دایكی باری دارایی خراپە، دەتوانێت بەتایبەت سەردانی بكات و وەكو دیاری یارمەتی بدات، دەشتوانێت هەر لە سەرەتاوە وەری نەگرێت و بە سەر هەموواندا دابەشی بكات، بە مەرجێك خوشك و براكانی دیكەی تووشی ئیحراجی نەكات.

 

مەلا رەعد نووری ئۆمەربلی بەڕێوەبەری مزگەوتەكان و پشكنین لە دیوان وەزارەتی ئەوقاف وكاروباری ئایینی

Top