لە تابلۆكانی هونەرمەند (سۆنیا بەشیر)دا(2/2)

لە تابلۆكانی هونەرمەند (سۆنیا بەشیر)دا(2/2)

هۆشەنگ شێخ محەمەد

بەشی دووەم

(٣)
حزوور و شهوود:
تابلۆكان، دوو دیوی ئەزموونی مرۆڤ لە نێو جیهاندا نیشان دەدەن، دیوێك كە شهوودی جیهانی ماددیی ئێستایە، كە غەرقە لە ڕواڵەتی و ڕووكەشی و ئەو شتانەی بە چاو دەیانبینین و لە ئاستێكی مەزهەرگەریدا سەودایان لەگەڵ دەكەین، لەگەڵ ئەو حزوورە مرۆییەی پێویستە لە ژیانی كەسانی هونەرمەنددا هەبێت، حزوورێك كە مرۆڤ تێیدا ڕواڵەت و جیهانی ماددی بەجێ دەهێڵێت، لە ئاست ئەم جیهانە ماددییەدا چاوەكانی دادەخات و بۆ نێو خود و قووڵایی دەروونی خۆی دەگەڕێتەوە. لە زۆربەی تابلۆكاندا چاوی كەسەكان داخراون، وەك ئاماژەیەكی دەروونی كە مرۆڤ بە چاوی سەر تەماشای جیهان و ژیان ناكات، بەڵكو بە چاوی دڵەوە تێكەڵ بە جیهان دەبێت و لەگەڵ ژیان دەگونجێت! لەمەش پتر لە هەندێك لە تابلۆكاندا، هەندێ لە كەسەكان وێنەی چاوێكیان بۆ نەكرابوو! بەڵكو تەنیا بەیەك چاوی داخراوەوە تەماشای جیهان و ژیان دەكەن!، ئەم خاڵە یەكێك بوو لە پنتە هەرە گەشاوەكانی ئەم پێشانگەیە، چەندین كارئەكتەر بێ چاو ژیان دەكەن و لە ساتێكی عیرفانیدا، لە ڕۆحەوە ئەزموونی ژیان و جیهان دەكەن. لەم ساتەدا كەس مرۆڤی ماددیی دەسڕێتەوە و مرۆڤێكی هونەرمەند پەیدا دەكات، كە لە نێو جیهان و سرووشتێكی هونەریدا مەست و سەرخۆشە!، ئەو وەختە سۆفیگەرییانە لە نێو ئەم تابلۆیانەدا، بەم ڕەنگە پاك و بێگەردانەوە، بەرجەستەكردنی وەختێكی سۆفییانەیە، كە هونەرمەند لە حاڵ و مەقامێكی بەرزدا، هونەرمەندانە بەرجەستەی هونەر دەكات!،
ئەو حزوورە بەهێزە لە نێو تابلۆكاندا، گەڕانەوەیە بۆ هێزی ژیان، هێزی سرووشتی، دوور لە كولتوور و شارستانیێتی ماددی و هەموو ئەو پێشكەوتنەی ڕێی لە ئازادی و رەسەنایەتیی مرۆڤ گرتووە، كارئەكتەرەكان لە نێو تابلۆكاندا لە ساتێكی سۆفییانەدا و لە وەختێكی مەست بە سرووش و حیكمەتێكی باڵادا، خۆیان بۆ ئەبەد دەكەن بە وێنەیەكی ڕەنگین، بە ئاوێنەیەك، كە لەبەرانبەریاندا دەوەستین و، هێزی سرووشتیی خۆمانمان بیر دێنێتەوە.

لە تابلۆكانی هونەرمەند (سۆنیا بەشیر)دا(2/2)

(٤)
مرۆڤ هونەرمەندی ژیانە:
لە زۆربەی تابلۆكاندا، بەشێك یان چەند بەشێكی جەستەی مرۆڤەكان، بە ناكامڵی بەرجەستە كراون، وەك ئەوەی دەستێك تەواو نەكرابێت، پەنچەكان دیار نەبن، یان چاوێك نەكرابێت، یان بەشەكانی دیكەی جەستە بەس بە هێڵێك، یان سێبەرێك و ڕەنگێك نیشان درابێت، ئەمەش جۆرێك لە سووریالیزمێكی نەرمی بە شێوەكان و جەستەكان بەخشیوە، هەروەها هەندێ ئەندامەكانی جەستەی كارئەكتەرەكان بە دوو ڕەنگ یان زیاتر، ڕەنگێكی تۆخ و ڕەنگێكی ئاچۆخ بەرجەستە كراون، دەرخستنی روخسار و جەستەكان بەم شێوەیە پیەوەندیی بەو تێگەیشتنەوە هەیە كە هونەرمەند بۆ هونەر و كاری هونەری و كەسیی هونەرمەند و ژیانی هونەرمەندانەی هەیە، هەموو روخسارەكان بە شێوەیەك بەرجەستە كراون، كە لە خۆیاندا ژیانێكی هونەرییانەیان هەبێت، نەوەك بۆ نموونە لەڕێی هونەری پۆرترێتەوە بەرجەستە بكرێن، واتا سیما و ڕەنگ و روخسارەكان، هونەرییانە لە نێو ژیاندان، ئەو هونەرە ڕەسەن و خۆڕسك و سرووشتییە، لە تابلۆكاندا لە ڕێی ئەم وردەكارییانەوە بەرجەستە كراون.

لە تابلۆكانی هونەرمەند (سۆنیا بەشیر)دا(2/2)

(٥)
چێژی ژیان:
یەكێك لەو واتایانەی كە دەكرێت لەو تابلۆیانەدا تەئویل بكرێت، هێزی چێژبینینە لە ژیان، لە هێزی سرووشتی ژیان، هێزی ڕەسەنی ژیان، بێ كاریگەریی هێزی كولتوور و پێكهاتەكانی شارستانیێتیی مرۆڤ، كە بە درێژایی مێژوو پەیدای كردووە. چێژبینین لە شتە وردەكانی ئەم ژیانە لە شەراب، جگەرە، ژوان، چاوەڕوانی، لە ڕامانكردن و بیركردنەوە، لە ماچكردن، ئامێزی گەرمی مرۆڤ، دیداری ئازیزێك، پەیوەندیكردن، تەماشاكردنی تابلۆیەك، تەنیاییەكی پڕ ژیان، ئەزموونكردنی سرووش، هونەر، مەستی، خەونبینین، ئازادی، قووڵبوونەوە لە جوانییەكانی جەستە، شۆڕبوونەوە بۆ نێو دەروون، ناخ، پەیبردن بە هێزی ناوەوە، دۆزینەوەی سەرچاوەكانی خود، هەموو ئەمانە لە ڕێی ئەو جووڵە و سەرنجە وردانەی فیگۆرەكان و كەرەستە كەم و سادەكانی نێو تابلۆكانەوە بەرجەستە بوون.
تابلۆكان چێژێك لە ژیانەوە بۆ نێو هونەر دەگوازنەوە، نەوەك بە پێچەوانەوە، واتا ئەم ئەزموونە پێش ئەوەی ئەزموونێكی هونەری بێت، ئەزموونێكی ژیانكردنە لە نێو كولتوور و مێژوویەكی واقیعیدا و، دەیەوێت ئەزموونەكە بگەیەنێتە ئاستێكی هونەری، چێژی سرووشتی و هێزی ئەم ژیانە لە خۆیدا كەشف بكات و ئەزموونی بكات، ئینجا ئەزموونە ڕەسەنەكە بۆ نێو تابلۆكان بگوازێتەوە. ئەوەی لە تابلۆكاندا دەبیندرێت، چێژیكە هی ژیان، كە مرۆڤ لە ڕێی ژیانی خۆیەوە دەیگاتێ، نەوەك لەڕێی شتێكی دی، بۆ ئەم مەبەستەش مرۆڤ دەبێت هونەرمەندێكی دیۆنیسیۆسی و ئەپۆلۆیی بێت، تا بتوانێت لە ڕێی ئەم فەلسەفەیەوە بۆ ژیان، بە چێژی ژیان بگات!.

لە تابلۆكانی هونەرمەند (سۆنیا بەشیر)دا(2/2)

(٦)
كۆتایی:
بە شێوەیەكی گشتی، كارەكان ڕەوانن، سادەن، پاكن، بێگەردن، قووڵاییەكی هونەری و سرووشت و هێزی ژیانێكی ڕەسەنیان تێدایە، تەماهی لەگەڵ حیكمەتێكی باڵا و وەختی سۆفییانە دەكەن، جۆرێك لە ساتی ئیشراق و سرووشێكی هونەری بەرجەستە دەكەن. مرۆڤ لەگەڵ ڕەنگ، رووناكی، سێبەر و هێڵەباریكەكان، دەتوانێت گەشتێكی دەروونی بكات و بۆ نێوەخۆی بگەڕێتەوە.
بە بینینی ئەم كارانە ئاسوودە و ئارام بووم، سوپاس و ستاییش بۆ هونەرمەند (سۆنیا بەشیر).

لە تابلۆكانی هونەرمەند (سۆنیا بەشیر)دا(2/2)
Top