تریسكە عوسمان: كەسە نزیكەكانمان برینە قووڵەكانمان دروست دەكەن
ڕێژەی بەرزیی ئەو تاوان و ناعەدالیەتەی لەسەر ئاستی دونیا بەرامبەر بە ئافرەت دەكرێن، سەلمێنەری ئەوەن كە سەرەڕای تێپەڕینی دوو دەیە لە هەزارەی سێیەم، تا ئێستا نەتوانراوە مۆركی مرۆڤبوون بە بەر ئافرەتدا بكرێ.
تریسكە عوسمان خانمێكی سوور و سپی باڵا مامناوەندە و تەمەنی 28 ساڵە، وەك خۆی باسی دەكات، بە هۆی زەبر و زەنگی خێزانەكەی بە تایبەت باوك و براكانی داهاتووی داوەتە دەستی «قەدەرێكی نادیار» و وایان لێ كردووە، «كەسێكی هەڵە» بۆ ژیانی هاوبەشی هەڵبژێرێت. ئەو خاتوونە بە نیگەرانییەكی زۆرەوە باسی نهێنییەكانی ژیانی خۆی بۆ گۆڤاری گوڵان دەكات.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
تریسكە بەم جۆرە باسی ئازارەكانی خۆی بۆ خوێنەرانی گوڵان دەكات: «كچی گەورەی ماڵ بووم، كاتێك پۆلی 12م تەواو كرد، براكانم بە زۆر لە خوێندن دەریانهێنام، باوكیشم هیچ كاردانەوەیەكی نەبوو، بگرە پاڵپشتیی براكانمیشی كرد، لە كاتێكدا وانەیەكم هێشتەوە بۆ وەرزی دووەم، بەڵام نەیانهێشت تاقیكردنەوەی ئەو وانەیەش بكەم. ڕۆژان هاتن و تێپەڕین، ژیانم ڕۆژ لە دوای ڕۆژ تەنگتر و تاریكتر دەبوو، تەنانەت مافی قسەكردنیشم نەبوو، وەكو كۆیلە و خزمەتكار ڕۆژ تا ئێوارە خەریكی كاری ماڵەوە بووم، ئێوارەیەك میوانمان هات، پیاوێكی پەنجا ساڵە، كە ژنەكەی مردبوو، هاتبوو بۆ داوام، من بە توندی ڕەتم كردەوە، دوای ئەو ڕەتكردنەوەیە وەك كەسێكی ناپەسند مامەڵەیان لەگەڵ دەكردم، زیاتر لە ماڵەوە دەستبەسەر كرام، دواجار كوڕێ هاتە داوام و پێی ڕازی بووم، لە كاتێكدا دەمزانی لایەنی ماددی سفرە، دەشمزانی خێزانەكەی باش نین، بەڵام وەك تاكە ڕێگەی دەربازبوون بە هاوسەرگیرییەكە ڕازی بووم، ڕۆژانێكی زۆر سەخت و دژوارم بەڕێ كردووە. لە ئێستادا كوڕێكی تەمەن حەوت ساڵانم هەیە، هەموو سەختییەكان لە پێناو ئەو قبووڵ دەكەم. من لە ڕابردوودا قوربانیی دەستی كەسوكارم بووم، چونكە ئەوان و چوار دەورەكەم وایان لێ كردم كەسێكی هەڵە هەڵبژێرم وەكو هاوبەشی ژیانم، تاوەكو ئەمڕۆ باجی ئەو هەڵەیەم دەدەم، ئەمڕۆش قوربانیی دەستی كۆمەڵگەم و ناتوانم لە ئاست ئازارەكانم دەنگ هەڵبڕم، پێموایە قووڵترین برینەكان كەسە نزیكەكانمان دروستی دەكەن».