لە هەر چوار كەس یەكێك ئەم نەخۆشییەی جگەری هەیە!
راپۆرتێكی نوێی كۆمەڵەی ئەمریكیی نەخۆشییەكانی دڵ AHA جەخت دەكاتەوە، نزیكەی 25%ی خەڵك لە سەرتاسەری جیهاندا گرفتیان لە جگەردا هەیە، كە پەیوەندی بە ئەلكهولەوە نییە و ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ زیاد دەكات. ئەم گرفتە بریتییە لە كۆبوونەوەی چەوریی نائەلكهولی لە جگەردا NFALD زیاتر لە رێژەی ئاسایی، كە زۆر جار هاوكاتە لەگەڵ هەوكردندا، پاشان ئەگەر زوو چارەسەر نەكرێت، ئەوا دەبێتە ئەگەری مۆمبوونی جگەر، واتە لەناوچوونی درێژخایەنی خانەكانی جگەر و نەخۆشی لە كۆئەندامی دڵ و سووڕاندا، ئەم حاڵەتە لە زۆربەی تووشبوواندا دەستنیشان ناكرێت، ئەگەر پشكنینی رۆتینی ئەنجام نەدەن، چونكە لە سەرەتادا هیچ نیشانەیەكی نییە تا ئەو كاتەی كە بە تەواوی پەرەدەسێنێت. نەخۆشیی دڵ لەم حاڵەتاندا هۆكارێكی باوە بۆ مردن، چونكە هەردوو حاڵەت هاوبەش و هاوكاتن لەگەڵ گرفتی دیكەی وەك: بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێن، بەرزبوونەوەی ئاستی چەوریی گلیسریدە سیانییەكان لە خوێندا، زیادبوونی رێژەی چەوریی سك، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، حاڵەتی پێش تووشبوون بە شەكرە Prediabetes، یان تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرەی جۆری دوو، لەگەڵ كێشی زیادی لەش و قەڵەویدا.