رێنمایی رۆژووگرتن بۆ ئەوانەی نەخۆشیی گەدەیان هەیە
ئێستا گرفتەكانی گەدە و كولبوونی گەدە، یان دوازدەگرێ Peptic ulcer زۆر بە ئاسانی بە دەرمانی نوێ كۆنترۆڵ دەكرێت، بۆیە تووشبوو بە هەر گرفتێكی گەدە، یان دوازدەگرێ، دەتوانێت بەرۆژوو بێت بێ ئەوەی كە بۆ ساتێكیش سەغڵەت بێت، بەڵام واباشترە كە بەر لە رۆژووگرتن سەردانی دكتۆر بكات، بۆ رێكخستنی كاتی وەرگرتنی دەرمان و پەیڕەوكردنی چەند رێنماییەك بۆ مانگی رەمەزان، چونكە لە ساتەكانی رۆژوودا رێژەی دەردانی ترشەڵۆكی گەدە زیاد دەبێت، ئاستی بەرزی ترشی لە ناو گەدەی بەتاڵدا كاریگەریی نەرێنی دەكاتە سەر ناوپۆشی گەردە، ئەمەش دەبێتە ئەگەری دروستبوونی گرفت لە گەدەدا. رێنماییە گشتییەكان بۆ نەخۆشانی گەدە و دوازدەگرێ لە مانگی رەمەزاندا: جوینی خۆراك بە باشی، بەتایبەتی لە ژەمەكانی پارشێو و بەربانگدا، دووركەوتنەوە لە هۆكارەكانی هاندەری سووتانەوەی گەدە، وەكو دەرمانەكانی رۆماتیزم و ستیرۆیدەكان و ئەسپرین، كەمكردنەوەی ئەو خۆراكانەی كە دەردانی ترشەڵۆكی گەدە زیاد دەكەن، وەكو چەوری و تیژی و سركە، دووركەوتنەوە لە جگەرەكێشان، خۆپاراستن لە خواردنی زۆر گەرم و زۆر سارد، دووركەوتنەوە لە زیادخواردن لە نێوان ژەمەكانی پارشێو و فتاردا، جۆراوجۆركردنی خۆراك و زیادكردنی سەوزە و میوە، كەمكردنەوەی خواردنەوەی چای و قاوە و شلەمەنییە گازدارەكان، خۆبەدوورگرتن لە هەڵچوون و تووڕەبوون لەكاتی رۆژوودا.